کۆشکی سپی رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مەرسومێکی واژۆ کردووە بۆ هەموارکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر بەشێک لە هاوردەکراوەکانی مس، ئەلەمنیۆم و ئاسن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، باجی گومرگی لەسەر هەندێک بەرهەمی دروستکراو لە داڕشتەکانی پۆڵا و ئەلەمنیۆم کەم دەکرێتەوە، لەوانەش جۆرە دیاریکراوەکانی ئامێری کشتوکاڵی، ئامێرەکانی گەرمکەرەوە، فێنککەرەوە و هەواگۆڕکێی ماڵان، کە باجەکەیان لە 25%ی پێشوووەوە بۆ 15% کەمکراوەتەوە.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مەرسومەکە باجی گومرگی بە رێژەی 15% دەسەپێنێت بەسەر ئامێرە پیشەسازییە گەڕۆکەکانی وەک شۆفڵ و رافیعەکان، کاتێک لەو وڵاتانەوە هاوردە دەکرێن کە قێککەوتنی بازرگانیی شایستەیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە.

هەروەها مەرسومەکە کۆمپانیا بیانییەکان شایستە دەکات بۆ بەدەستهێنانی باجی نزم بە قێژەی 10%، ئەگەر بێتو "ئامێرە سەرەکییەکانیان بە لایەنی کەمەوە 85%ی کێشەکەی لەو پۆڵا یان ئەلەمنیۆمە پێکهاتبێت کە لە ناوخۆی ئەمریکادا تواوەتەوە و داڕێژراوە.

جگە لەوەش، مەرسومەکە دوو هاوپۆلی نوێ لە بەرهەمە هاوردەکراوەکانی داڕشتەی پۆڵا و ئەلەمنیۆم زیاد دەکات کە باجی 25%یان بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەوانیش: رەفەی پۆڵایین و پلێتەکانی چاپکردنی بەردینی کە لە ئەلەمنیۆم دروستکراون.

ئەم هەموارکردنەوانە لە هەشتی ئەم مانگە (حوزەیران)ەوە بەسەر ئەو کاڵایانەدا جێبەجێ دەکرێن کە هاوردە دەکرێن یان لە کۆگا گومرگییەکانەوە دەردەهێنرێن.

کۆشکی سپی رونیشی کردووەتەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2027 بەردەوام دەبن، ئەمەش بۆ هاندانی ئەو وەبەرهێنانە کورتخایەنانەی کە ژێرخانی پیشەسازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنیاد دەنێنەوە.