هەواڵەکانهەواڵەکان

لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەنگی لەسەر دوو بڕیاری چارەنووسساز دا سەبارەت بە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان و پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارەکان بەم شێوەیەن:

یەکەم: پێدانی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان بە نەوتی خاو

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە کرێی دەرهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، کە بۆ هەر بەرمیلێک بە 16 دۆلار دیاریکراوە، چیتر بە پارەی کاش نەدرێت. لە بری ئەوە، بڕی ئەو نەوتەیان پێدەدرێت کە هاوتای شایستە داراییەکانیانە و کۆمپانیاکان خۆیان بەرپرس دەبن لە فرۆشتنی ئەو نەوتە لە بازاڕەکاندا.

دووەم: رەزامەندی لەسەر گرێبەستی سێقۆڵی لەنێوان هەرێم، بەغدا و کۆمپانیاکان

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستێکی سێقۆڵی لەنێوان (حکومەتی هەرێمی کوردستان - حکومەتی فیدراڵی عیراق - کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان).

مەرجی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە حکومەتی عیراق گرێبەستەکە بەرز بکاتەوە بۆ لیژنەی راوێژکاریی وەزارەتی نەوتی عیراق. چاوەڕوان دەکرێت لیژنەکە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی کۆتایی خۆی بداتەوە، تاوەکو گرێبەستە سێ لایەنییەکە بە فەرمی ئەنجام بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم دوو بڕیارە بە هەنگاوی گرنگ دادەنرێن بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خوێن کۆڵەکەی سەرەکیی تەندروستیی مرۆڤە؛ بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئۆکسجین و خۆراکەماددە بۆ سەرجەم خانە و شانە جۆراوجۆرەکانی جەستە، هاوکات بەشێکی گرنگە لە کۆئەندامی بەرگری و پرۆسەی دەردانە دەروەی پاشەڕۆ لە جەستەدا، ئەمەش وێڕای رۆڵی کارای لە رێکخستنی پلەی گەرمیی جەستە و بوون بە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی هۆرمۆن لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەی جەستە.

پێکهاتەی خوێن %55ـی شلەی پلازمایە،کە لە ئاو  و پرۆتین پێکدێت، هاوکات %45ـەکەی دیکەشی بریتییە لە خرۆکە سوورەکان، خرۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن.

دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا دەڵێت، هەر دڵۆپێک خوێن لە ماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە 19 هەزار کیلۆمەتر لە جەستەدا دەبڕێت؛ یەکسانە بە نیو خول سووڕانەوە بە دەوری زەویدا.

پیاوێکی پێگەیشتووی تەندروست نزیکەی 5 بۆ 6 لیتر خوێن لە جەستەیدایە، لە کاتێکدا رێژەکە بۆ خانمان نزیکەی 4 بۆ 5 لیترە. هۆکاری ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پیاوان بڕێکی زیاتر ماسوولکە لە جەستەیاندا هەیە و پێویستیان بە سەرچاوەی زیاتری خوێنە بۆ دابینکردنی خۆراکەماددە و ئۆکسجینی تەواو بۆ ماسوولکەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق لە بەرنامەی پرسی رۆژ رایگەیاند کە سەرەڕای هەموو هەوڵە یاساییەکان، کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی ماوەتەوە، چونکە "ویست و ئیرادەی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە لەلایەن هەرێم و ناوەندەوە نییە."

یاروەیس جەختی لەوە کردەوە کە "لە روی یاساییەوە هەموو هەوڵێکمانداوە بۆ چارەسەری کێشەی موچە،" بەڵام بەداخەوە "هەرێم و بەغدا وەک پێویست پابەندی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەبوون" و گرفتەکە "نە بە یاسای بودجە و نە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی چارەسەر نەکرا."

"ئەنجومەنی دەوڵەت دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە"

سەبارەت بە ڕۆڵی ئەنجومەنی دەوڵەت (شورا)، یاروەیس رونیکردەوە کە "ئەنجومەنی دەوڵەت دەسەڵاتی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی نییە،" چونکە "کاری تەنها راوێژکارییە نەک دەرکردنی بڕیار."

"ساڵی داهاتوو سەخت دەبێت و چوار موچە دوادەکەون"

ناوبراو هۆشداری دا لە دۆخی موچەخۆران لە ساڵی داهاتودا و وتی: "ساڵی داهاتوو بۆ موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان سەخت دەبێت." ئاشکراشی کرد کە "چوار موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەکەوێتە ساڵی داهاتوو،" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو لەنێوان هەرێم و بەغدادا دیار نەما."

"یاسای بودجەی سێ ساڵە هەڵەیەکی کوشندە بوو"

کاروان یاروەیس رەخنەی توندی لە یاسای بودجەی گشتیی عیراق گرت و وتی: "پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵ هەڵەیەکی کوشندە بوو."

لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە "ویستی راستەقینە بۆ چارەسەری کێشەی موچەخۆرانی هەرێم نییە" و ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بەردەوامیی قەیرانەکەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی زانیاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی و ناوخۆیی، حكومەتی عیراق لە چەند رۆژی رابردوودا هێزی زیاتری رەوانەی شەنگال كردووە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە كە بە "عەرەبی جەدید"یان وتووە، هێزەكان لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی پێكهاتوون و لە ناوچەكانی سنونی و خانەسور و قیلبت، تا سێگۆشەی پیشخاپوری سنوری بە ئاراستەی خاكی سوریا جێگیركراون و ئاڵای عیراقیان لەسەر باڵەخانەكان بەرزكردووەتەوە و خاڵی پشكنینی و بەربەستیشیان دروستكردووە. 

لێپرسراوێكی سەربازیی سوپای عیراقیش رایگەیاندووە، بڵاوكردنەوەی ئەو هێزانە تەنها بۆ  سەپاندنی هەژموونی دەوڵەت و یاسایە، هەرچەندە تا ئێستا ژمارەیان ئاشكرا نەكراوە كە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رەوانە كراون، بەڵام بەپێی زانیارییەكان هەزاران سەرباز دەبن، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی سەربازیی.  

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغدا، بڕیارە سبەی (چوارشەممە) ئەنجومەنی دەوڵەتی عیراق لەگەڵ دەستەی گشتیی خۆیدا کۆببێتەوە.

پەیامنێرمان رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی تاوتوێکردن و پێشکەشکردنی بۆچوونی رەسمی ئەنجومەنی دەوڵەتە، سەبارەت بەو راپۆرتەی کە لەلایەن لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە ئامادە کراوە.

چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی داهاتووی حکومەتی فیدراڵی هەبێت سەبارەت بەو بابەتانەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوون.

زانیاری زیاتر...

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سۆمۆ کۆتایی بە تەواوی گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم هێنا

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) رایگەیاند، تەواوی گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانیان دەکڕی، کۆتایی پێهێناوە.

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانیان دەکڕی، کۆتاییپێهێناوە. هاوکات جەختیشی کردەوە کە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، شکۆی عیراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ "بازاڕی تینووی ئەوروپا" دەگەڕێنێتەوە.

عەلی نەزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی (واع)ی راگەیاند: "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان رویدا، بابەتی لێکتێگەیشتن و دانانی میکانیزمی کارکردنە،" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەبێت."

رونیکردەوە کە "وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یەک ستراتیژدا کاردەکەن، بەو پێیەی نەوتی بەرهەمهێنراو نەوتی عیراقییە، و تایبەتمەندییەکە تەنها لە سروشتی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانەدایە کە لەوێ کاردەکەن."

وتیشی: "حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان پێویستیان بە تەواوکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە، و لەم بارەیەوە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش،" و رونیکردەوە کە "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی کە رێگە بدات بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهانی تورکی."

شەتەری لە درێژەدای لێدوانەکەیدا وتی: "نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەناردە ناکرێت، بەڵکو لەناوخۆی هەرێمدا بەکاردەهێنرێت، و ئێمە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2025 کاردەکەین بۆ ئەوەی بڕە زیادەکان لە دوای بەکاربردنی ناوخۆیی بگۆڕدرێن بۆ هەناردە،" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکاندا کۆتاییپێهێناوە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بڕەکان هەر کاتێک لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و حکومەتی هەرێمەوە هەناردە بکرێن."

جەختیشی کردەوە کە "تا ئێستا (سۆمۆ) هیچ بڕە نەوتێکی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وەرنەگرتووە، و پەیوەندییە گرێبەستییەکە لەنێوان وەزارەت لە کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکاندا دەمێنێتەوە."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە وەرچەرخانێکی سەیر و پارادۆکسێکی جیهانیدا، چین ئەمڕۆ روبەروی کێشەیەکی تەواو نامۆ بووەتەوە، ئەویش کەمیی خۆڵ و خاشاکە!

لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بەدەست کەڵەکەبوونی کێوی خۆڵ و خاشاک و لێکەوتە ژینگەییەکانیەوە دەناڵێنن، چین خۆی لە دۆخێکی پێچەوانەدا دەبینێتەوە — کە تێیدا وێستگەکانی سووتاندنی خاشاک ئیتر بە تەواوی توانای خۆیان کار ناکەن... بەڵکو هەندێکیان ناچاربوون خاشاک لە ناوچەکانی تر بکڕن تەنها بۆ ئەوەی بە کارا بمێننەوە!

لە ساڵانی رابردوودا، چین وەبەرهێنانێکی گەورەی — کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرا — لە دروستکردنی ژێرخانێکی پێشکەوتوو بۆ لەناوبردنی خاشاکدا کرد، بەتایبەتی لە رێگەی سووتاندنەوە، وەک هەوڵێک بۆ دوورکەوتنەوە لە زبڵدانەکان کە شارە گەورەکانیان پیس دەکرد. بەڵام جێگەی سەرسوڕمان بوو کە ئەم وێستگە نوێیانە "برسی" بوون... چونکە بڕی خاشاکی بەردەست چیتر بەشی پێداویستیی ئەوانی نەدەکرد!

بۆچی خۆڵ و خاشاک گەیشتە نەمان؟

هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتە فراوانەکانی دووبارە بەکارهێنانەوە (ریسایکلین) کە لەلایەن حکومەتی چینەوە سەپێندران، کە ئەمانەی لەخۆگرتبوو:

  • سەپاندنی جیاکردنەوەی ناچاریی خاشاک لە ماڵان و کۆمپانیاکاندا.

  • تونترکردنی چاودێری بەسەر کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی خاشاکدا.

  • هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان سەبارەت بە گرنگیی بەکاربردنی بەرپرسیارانە و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان.

لە ئەنجامدا، هاووڵاتیان هۆشیارتر بوونەتەوە: کەرەستەکان دووبارە بەکاردەهێننەوە، بەکارهێنانی پلاستیک کەمدەکەنەوە، و بەشێوەیەکی باشتر خاشاک جیا دەکەنەوە — کە ئەمەش بڕی "خۆڵی  بۆ سوتاندن" بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.

ئەم دۆخە وایکردووە کە هەندێک لە وێستگەکانی سوتاندن، خاشاک لە ناوچە دوورەدەستەکان یان تەنانەت لە شارەکانی تریش بکڕن... تەنها بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی کارکردنی هێڵەکانی بەرهەمهێنانیان! ئەمەش پارادۆکسێکی گاڵتەجاڕانەیە: لە کاتێکدا جیهان پارەیەکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی لە خاشاکەکەی رزگاری بێت، چین پارە دەدات بۆ ئەوەی دەستی بکەوێت!

لەلایەنی ژینگەییەوە، ئەم پێشهاتە بە ئەرێنی دادەنرێت چونکە بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان کەمدەکاتەوە، ئابووریی سووڕاوە (circular economy) بەهێز دەکات، و پیسبوون کەمدەکاتەوە.

بەڵام لەلایەنی ئابوورییەوە، وەبەرهێنانی ملیارات دۆلار لە وێستگەیەکدا کە بە تەواوی توانای خۆی کارناکات، بە زیانێکی گەورە دادەنرێت — مەگەر ئەم وێستگانە بگونجێندرێن بۆ وەرگرتنی جۆری تری خاشاک، یان بە شێوازی نەرمتر بەڕێوەببرێن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرەڕای پلانی ورد، سەردانە رەسمییەکەی ترەمپ بۆ بەریتانیا پڕە لە کێشە و ئاستەنگی شاراوە و رێکخستنی سەردانەکە و ئامادەکارییەکان لەوێ تیمی پرۆتۆکۆڵی هەردوو وڵاتی بە تەواوی ماندو و سەرقاڵکردووە.

سەردانە رەسمییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ شانشینی یەکگرتوو لەم هەفتەیەدا، هاوشێوەی سەردانەکەی پێشووی لە شەش ساڵ لەمەوبەر، بەدەر نابێت لە مشتومڕ و ناکۆکی.

ئەو کاتە، لە حوزەیرانی 2019دا، سەرۆکی ئەمریکا جگە لە چاخواردنەوە لەگەڵ شاژنی کۆچکردوو، سادق خان، سەرۆکی شارەوانی لەندەنی بە "دۆڕاوێکی تەواو" ناوبرد، پشتیوانی لە بۆریس جۆنسن کرد لە کێبڕکێی سەرکردایەتی پارتی پارێزگاراندا، و پێشنیازی کرد کە دەزگای تەندروستی نیشتمانی (NHS) ببێتە بەشێک لە گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا.

هەموو ئەمانە هاوکات بوون لەگەڵ ئیمزاکردنی سکاڵایەک لەلایەن زیاتر لە یەک ملیۆن کەسەوە کە داوایان دەکرد نابێت پێشوازی رەسمی لێ بکرێت، هەروەها خۆپیشاندانی بەرفراوان بە بەشداری هەزاران کەس و پەیکەرێکی گەورەی فوودراو کە بە "منداڵە ترەمپەکە" ناسرا.

دووەم سەردانی رەسمی لەم هەفتەیەدا هەڵگری زۆرێک لە مشتومڕ و بۆچوونی جیاوازە.

جارێکی تر خۆپیشاندانەکان دەستپێدەکەنەوە و دەرکردنی لۆرد ماندلسن وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا، پێشوەختە سێبەرێکی دیپلۆماسیی خستووەتە سەر کارەکان.

پلاندانان بۆ سەردانەکە – کە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دەبێت – چەندین مانگی خایاندووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئامادەکارییە وردەکان، ئەگەری ئەوەی شتەکان بە هەڵەدا بڕۆن هێشتا زۆر راستەقینەیە.
بۆ زۆرێک لە رێکخەرانیش، پرسی ماندلسن تەنها یەکێکە لە نیگەرانییەکانیان.

چۆن ویندسۆر بوو بە "ترەمپتۆن"

بۆ لایەنی شاهانەی نمایشەکە، تەرکیز لەسەر کاروباری رێکخستن (لۆجستیات) و ئاسایش بووە – و گۆڕینی قەڵای ویندسۆر بۆ بازنەیەکی پۆڵایین کە ئەوەندە پتەو بێت تەنانەت وردبینترین بریکارەکانی دەزگای نهێنیش ڕازی بکات.
ئامادەبوونی ئەمریکییەکان ئەوەندە زۆر بووە کە هەندێک لە دانیشتووە ناوخۆییەکان ناوی ویندسۆریان گۆڕیوە بۆ "ترەمپتۆن"، کە لە ناوی شارۆچکەیەک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی منداڵانی ساڵانی حەفتاکانەوە وەرگیراوە.
بۆ کاربەدەستانی کۆشک، گرنگیدان بە وردەکارییەکان هەموو شتێکە.

یەکێک لە گەورەترین کێشەکان دۆزینەوەی شوێنێک بووە بۆ کۆکردنەوەی پاسەوانە ئەسپ سوارەکانی شاهانە.
پێویستە ئەوەندە دوور بێت لە شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرەکان تا دڵنیا بنەوە ئەسپەکان لەبەر دەنگەدەنگەکە نەسڵەمێنەوە، و ئەوەندەش نزیک بێت تا بە خێرایی کاروانی یاوەریی گالیسکەکەی خێزانی ترەمپ پێکبهێنن لەناو باخچەکانی قەڵای ویندسۆردا.

هەروەها گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان کۆشک و وەزارەتی دەرەوەدا کراوە لەسەر ئەوەی کێ لە کوێ دادەنیشێت لە خوانە فەرمییەکەی هۆڵی سانت جۆرجدا.
یەکێک لە کەسە ئاگادارەکانی ناو کۆشک وتی: "بەهای ئەم شتانە تەنها وێنەگرتنەکان نییە، بەڵکو هەموو ئەو گفتوگۆ نافەرمییانەشە کە ئەنجام دەدرێن."
"گرنگییەکی زۆر دەدرێت بە نەخشەی دانیشتنی خوانەکە. بۆیە ئەو کەسانەی لە بوارە سیاسییە دیاریکراوەکاندا کار دەکەن، لە تەنیشت یەکەوە دادەنرێن."
هەروەها بیرکردنەوەیەکی زۆر لە لیستی خواردن و مۆسیقاکە کراوە، کە "چەندین ئاماژە بە میراتە سکۆتلەندییەکەی" تێدا دەبێت.

وتارە حەوت خولەکییەکەی شا چارلسی سێیەم لە خوانەکەدا بە چەندین رەشنووسدا رۆیشتووە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە خاڵە دروستەکان دەوروژێنێت بەبێ ئەوەی هێڵە سیاسییەکان ببەزێنێت.
بەرپرسان دەڵێن هیچ ئاماژەیەکیان لە هاوتا ئەمریکییەکانیانەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بەوەی ترەمپ لە وتارەکەیدا چی دەڵێت.

'فشار بۆ گەورەکردنی سەردانەکە'


تا ئێرە، هەمووی لۆجستی بوو – بەڵام ئاڵنگاریی سەرەکی بۆ رێکخەرە شاهانەییەکان دۆزینەوەی رێگەیەک بووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ترەمپ هەست بکات سەردانێکی رەسمی تەواوی بە هەموو وردەکاریەکانەوە ئەنجامداوە. ئەمەش کارێکی ئاسان نییە.

ترەمپ کەمتر لە 48 کاتژمێر لەسەر خاکی بەریتانیا دەبێت و سەردانی داونینگ ستریت ناکات، وتار بۆ پەرلەمان نادات، تەنانەت کاتیشی نابێت بۆ یاریکردنی گۆڵف.

یەکێک لە کاربەدەستانی کۆشک پێی وتم: "فشارێکی زۆری حکومەت هەبووە بۆ ئەوەی ئەم سەردانە زۆر گەورە دەربکەوێت و ئەمەش ئاڵنگارییەکە بووە."

قەبارەی مەراسیمەکان لە ویندسۆر زیاد کراوە، بە بەشداریی 1300 سەرباز و 120ئەسپ – کە زۆر زیاترە لەوەی کاتێک سەرۆک ماکرۆنی فەرەنسا لە سەرەتای ئەمساڵدا سەردانی کرد بەکارهێنرا. (بێگومان ئەمە خاڵێکە کە بە نهێنی بۆ ئەمریکییەکان جەختی لێدەکرێتەوە.)

چونکە نمایش و مەراسیمە رواڵەتییەکان جێگەی سەرنجی سەرەکی کۆشکی سپین لەم سەردانەدا؛ دەرفەتێکە بۆ سەرۆک تا وێنەی لەگەڵ شای ئینگلتەرا و شاژن و شازادە و شازادەژنی وێڵزدا بگیرێت، لەگەڵ نمایش و تیپی مۆسیقای سەربازی و فڕۆکەکانی (Red Arrows).
سەرچاوەیەک لە وایت هۆڵ (ناوەندی حکومەتی بەریتانیا) وتی: "تەرکیزەکە بە تەواوی لەسەر رواڵەتەکان، ساتە مێژووییەکە، و شکۆمەندییەکەیە. بۆ ترەمپ هەموو شتێک پەیوەندی بە نمایش و میدیاوە هەیە و ئەمەش کاتێکی نایابە."

یەکێکی تر وتی: "ئەمە شانۆگەرییە. هەمووی نمایشە. وا نییە کە بچینە ناو بابەتە قووڵەکانەوە. ئێمە لەبەر هۆکارێکی باش خۆمان لای بەهێزترین پیاوی جیهان شیرین دەکەین و ئێستا جیهان چاوەڕێی ئەم نمایشەیە."



خێزانی ترەمپ: میوانێکی گەرم و گوڕ:

لۆرد ماکدۆناڵد، بەرپرسێکی باڵای پێشووی حکومەت لە وەزارەتی دەرەوە، وتی بڕیاری ستراتیژیی بەریتانیا بۆ "بەخشینی بەرزترین رێزلێنان کە پرۆتۆکۆلی بەریتانی رێگەی پێدەدات" بە بەهێزترین پیاوی جیهان، بە وردی لەلایەن زۆرینەی جیهانەوە چاودێری دەکرێت.

وتیشی: "ئەم سەردانە رەسمییە تەنها بۆنەیەکی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا نییە. بەڵکو دەبێتە یەکێک لە گەورەترین هەواڵەکانی جیهان."

"ئەوبەشەی تری جیهان کە لێرە نین سەیری لەندەن و ویندسۆر دەکەن، کە ئەمەش پێگەی نێودەوڵەتیی بەرفراوانی بەریتانیا لە ئاستی جیهانی بەرزتردەکاتەوە."

زۆرێک لە بەرپرسان دڵنیان کە سەردانەکە بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت، تەنها لەبەر ئەوەی هەموو لایەنەکان دەیانەوێت سەرکەوتوو بێت.

ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارمەندانی کۆشک پێیان وابوو خێزانی ترەمپ لە ساڵی 2019دا میوانێکی گەرم و گوڕ بوون، هەردووکیان سوور بوون لەسەر ئەوەی هیچ هەڵەیەک نەکەن.

یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان وتی: "ترەمپ لە ژیانی تایبەتیدا دەتوانێت کەسێکی قسەخۆش بێت. شێوازێکی جوانی دەربڕینی هەیە کە شا رێزی لێدەگرێت."

بۆ حکومەتی بەریتانیا، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە فڕۆکەی 'ئێرفۆرس وەن' ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە هەڵبفڕێت لەکاتێکدا ترەمپ هەستێکی گەرمی بەرانبەر بەریتانیا هەبێت.

کاری جدی لە پشت نمایشەکانەوە:

جگە لە پێشکەشکردنی رۆژێک لە نمایش و مەراسیمی شاهانە، حکومەت کاری گرنگی هەیە کە رۆژی پێنجشەممە ئەنجامی بدات کاتێک کارەکان دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لادێیی سەرۆک وەزیران لە چێکەرز.

وەزیرەکان هیوادارن رێککەوتنێک بکەن بۆ دەرکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی بەریتانیا لە لیستی باجە گومرگییەکانی ئەمریکا. هەروەها هەندێک هاوکاریی نوێی ئەتۆمیی مەدەنی دروستبکەن.

خاڵی سەرەکی سەردانەکە چاوەڕوان دەکرێت واژۆکردنی هاوبەشییەکی تەکنەلۆژی بێت، کە وەبەرهێنانی نوێ لە بەریتانیا و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ "سیلیکۆن ڤالی" لە بواری زیرەکیی دەستکرد و کۆمپیوتەری کوانتەمدا لەخۆدەگرێت.

سەردانەکە هەروەها دەرفەتێکی گرنگ دەداتە سەرۆک وەزیران سێر کییەر ستارمەر تا تەنها هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرنجی سەرۆکی ئەمریکا بۆ خۆی رابکێشێت، بەتایبەتی لەسەر بابەتی ئۆکراین.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: "وا دیارە ترەمپ لەسەر رێڕەوێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە پوتن، و بەرەو داننان بەوەی کە پێویستی بە رێگەیەکە بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا بوەستێتەوە."

بەڵام ترەمپ لە بەریتانیادا کەسایەتییەکی خۆشەویست نییە. راپرسییەکی "یوگۆڤ" (YouGov) لە مانگی تەمموزدا دەریخست کە تەنها 16%ی بەریتانییە بەشداربووەکان دەڵێن دیدێکی ئەرێنییان بەرامبەری هەیە.

حکومەت دەبێت بۆ دەنگدەران رونی بکاتەوە بۆچی پێی وایە ئەم سەردانە رەسمیە هەوڵێکە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی بەریتانیا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری وزەی ئەمریكا داوا دەكات بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بە تەواوی لەناوببرێت بە پیتاندنی یۆرانیۆم و پرۆسێسكردنی پلۆتۆنیۆمیشەوە، ئێرانیش دەڵێت، پیشەسازی ئەتۆمی ئێران رەگوڕیشەی داكوتاوە و لەناونابرێت.

كریس رایت وەزیری وزەی ئەمریكا لە كۆنفرانسی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كە لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو رایگەیاند، پێویستە سەرجەم رێگاكان لە ئێران بۆ گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی بگیرێت و بەرنامە ئەتۆمییەكەشی بە تەواوی لەناوببرێت، هەر لە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە تا دەگاتە پرۆسێسكردنی پلۆتۆنیۆم.

لە بەرامبەریشدا محەمەد ئیسلامی سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، زانست و زانایی و تەكنەلۆژیا و پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران بە جۆرێك رەگی داكوتاوە، ناتوانرێت تەنانەت لە رێگای تیرۆر و هێرشی سەربازیشەوە لەناوببرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سێرگی شویگۆ سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا گەیشتە بەغداد و لەگەڵ سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی عیراق كۆدەبێتەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا بڵاویكردەوە، سەردانەكەی شویگۆ رەسمییە و كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردە سیاسی و سەربازییە باڵاكانی عیراق لەخۆدەگرێت، پشتیوانی بۆ هەماهەنگی زیاتریش لەبواری ئەمنی لەنێوان مۆسكۆ و بەغداد دووپاتدەكرێتەوە، ئاماژە بەوەشكراوە، باس لە پەیوەندی دوو لایەنە و پرسە هەرێمییەكانیش دەكرێت.

سەرەتای ئەم مانگە، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق ئاماژەیكرد بە سەردانێكی چاوەڕوانكراوی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا، بۆ بەغداد. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا ماوەیەکی درێژە رۆژنامەکە تۆمەتبار دەکات بە لایەنگری بۆ دیموکراتەکان و دژایەتیکردنی بزووتنەوەی "ماگا" (MAGA).

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە سکاڵا لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەکات، تەنها چەند رۆژێک دوای ئەوەی هەڕەشەی کرد بەهۆی ڕاپۆرتەکانیانەوە لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێفری ئێپستین.

لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" (Truth Social)، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە "شانازییەکی گەورەی" هەیە کە "سکاڵایەکی ناوزڕاندن و بوختان بە بڕی 15 ملیار دۆلار" تۆمار دەکات دژی "یەکێک لە خراپترین و بەدڕەوشتترین رۆژنامەکانی مێژووی وڵاتەکەمان."

پۆستە درێژەکەی ترەمپ - کە درەنگانی رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە - جەخت لەسەر ئەو باوەڕەی دەکاتەوە کە دەزگاکە لایەنگری دیموکراتەکانە، و ئاماژەی بە پشتیوانیکردنی کامالا هاریس کرد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی رابردوودا.

هەروەها وتیشی، "[نیویۆرک تایمز] بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ رێگەی پێدراوە بە ئازادی درۆ بکات، لەکەدارم بکات، و ناوم بزڕێنێت."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل: "غەززە دەسووتێت و تا تەواوکردنی ئەرکەکە ناگەڕێینەوە دواوە"

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە کردەوە و رایگەیاند کە تا گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان سارد نابنەوە.

کاتز لە نووسینەکەیدا لە ئێکسی خۆی وێنەیەکی توندی لە دۆخی ئێستای غەززە نیشاندا و وتی: "غەززە دەسووتێت. سوپای ئیسرائیل بە دەستێکی پۆڵایین لە ژێرخانی تیرۆر دەدات و سەربازانی سوپای ئیسرائیل بە ئازایەتییەوە دەجەنگن بۆ دروستکردنی هەلومەرج بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و تێکشکاندنی حەماس."

وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەروەها سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕەکە دووپات کردەوە و وتی: "سارد نابینەوە و ناگەڕێینەوە دواوە - تا تەواوکردنی ئەرکەکە."

ئەم لێدوانە جەختکردنەوەیە لەسەر هەڵوێستی توندی حکومەتی ئیسرائیل سەبارەت بە بەڕێوەبردنی شەڕ لە غەززە، کە دوو ئامانجی سەرەکی بۆ خۆی دیاری کردووە: ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و لەناوبردنی تەواوەتیی تواناکانی بزووتنەوەی حەماس. لێدوانەکەی کاتز هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی هێرشێکی کردۆتە سەر کەشتییەکی ماددەی هۆشبەری ڤەنزوێلی کە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕێوەبووە.
 
ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە هێرشەکەدا سێ کەس کوژراون و ئۆپەراسیۆنەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ئەنجامدراوە.
 
ناوبراو لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "لەسەر فەرمانی من، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دووەمین گورزییان لە دژی ئەو تیرۆریستانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن ئەنجامدا، کە بە وردی ناسنامەیان دیاریکرابوو."
 
ترەمپ وتیشی: "ئەم تیرۆریستە زۆر توندوتیژانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندییە ژیانییەکانی ئەمریکا."
 
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی داوە و نووسی: "ئاگاداربە — ئەگەر ماددەی هۆشبەر دەگوازیتەوە کە دەتوانێت ئەمریکییەکان بکوژێت، ئەوا راوتان دەکەین! چالاکییە نایاساییەکانی ئەم کارتێلانە(مافیا) بۆ دەیان ساڵە دەرەنجامی کارەساتباریان لەسەر کۆمەڵگە ئەمریکییەکان هەبووە و ملیۆنان هاووڵاتی ئەمریکییان کوشتووە. چیتر رێگە بەمە نادرێت."
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، ئەمڕۆ دووشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە ئامادەکاری بۆ "هێرشێکی سەربازی" دژی ڤەنزوێلا تۆمەتبار کرد، جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی "مافی رەوای خۆپاراستنی" دەستوێنێت.

مادۆرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هێرشێکی سەربازی لە ئارادایە، و ڤەنزوێلا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافی وەڵامدانەوەی هەیە." وتیشی کە وڵاتەکەی "مافی رەوای خۆپاراستن"ی خۆی پەیڕەو دەکات، ئاماژەی بەوەشدا کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات "پچڕاون".

ئەم گرژییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا دوای ئەوە پەرەی سەند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە مانگی ئابدا فەرمانی بە بڵاوەپێکردنی کەشتییە جەنگییەکان لە دەریای کاریبی، لە کەناراوەکانی ئەم وڵاتە، دەرکرد، ئاماژەی بە شەڕ دژی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەمریکای لاتین کرد.

ترەمپ ئاشکرای کردبوو کە وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەک کە پڕ بووە لە ماددە هۆشبەرەکان و 11 کەسی لەسەر بووە، کوژراون. ترامپ وتبووی کە کەشتییەکە لە ڤەنزوێلاوە رۆیشتووە و ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپی "ترین دی ئاراگوا"ی هەڵگرتووە، بەڵام ئیدارەکەی هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتگیریکردنی ئەم بانگەشانە پێشکەش نەکرد.

ڤەنزوێلا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە ئەنجامدانی کوشتنی دەرەوەی یاسا تۆمەتبار کرد. دیۆسدادۆ کابیلۆ، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا، رایگەیاند کە قسەکانی واشنتۆن "درۆیەکی زۆر گەورەیە" و ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی ڤەنزوێلا، روداوەکە رەنگە پەیوەندی بە دیارنەمانی هەندێک کەسەوە هەبێت لە ناوچەیەکی کەناراوی وڵاتەکە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە نەبووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بازاڕی سەرای بەغداوە، لە لەنێو کتێب و قەڵەمەکانیدا، چاومان بە پیاوێک کەوت کە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ پیشەی دوکانداری و دڵسۆزیی بۆ شاری بەغداد و گەلەکەی. ناوی "عەلی مەندەلاوی"یە و ئێستا بە نازناوی "خاوەنی یەک ملیۆن قەڵەم" ناسراوە.

مام عەلی، پیاوێکی تەمەن 57 ساڵ، لە ساڵی 1985ـەوە، واتە نزیکەی 40 ساڵە، لەم بازاڕەدا خەریکی کارکردنە. وەک خۆی دەڵێت "من کەسێکی کۆمەڵایەتیم" و ئەمەش بە رونی بە شێوازی مامەڵەیەوە دیارە. باوکی شەش منداڵە، سێ کوڕ و سێ کچی هەیە، و سەرەڕای ئەوەی لە مەندەلی لەدایکبووە، بەڵام ژیانی خۆی لە عتێفیەی کازمیە لە بەغدا بەسەر بردووە. 

خۆشەویستییەکی بێسنووری بۆ عێراق هەیە و دەڵێت: "من عیراقم خۆشدەوێت، و نوێنەری کوردم لە بەغدا."

مام عەلی پەیامێکی  بۆ تەلەفزیۆنی کوردسات نیوز هەیە و داوا دەکات نووسینگەیەک لە بەغداد بکاتەوە. بە بڕوای ئەو، "تەلەفزیۆنی کوردسات تەلەفزیۆنێکی گرنگە، گرنگە نوسینگەیەکی لە بەغداد هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو نوسینگەیە بایەخ بدات بە کوردانی بەغداد."

بە پەرۆشیەوە باس لەو بۆنە و پێشانگا جیهانییانە دەکات کە لە بەغداد رێکدەخرێن و کوردی تێدا نابینێت. "هەموو شتێك، بۆ نموونە پێشانگەی كتێب. بە داخەوە من راگەیاندنی كوردیم لێنەبینی، زۆر گرنگە، لە پێشانگەی كتێب لە عیراق راگەیاندنی كوردی لێنەبوو!" بە پەرۆشییەوە دەپرسێت "نازانم بۆچی نایەن، ئایا نازانن؟!"

مام عەلی داوا لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماردەکات کە "بایەخ بەو بابەتە بدات، چونکە نوێنەرایەتی کورد دەکات لە عیراق."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عیراق و سعودیە، دوو بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەر لە شاری مەدینەی وڵاتی سعودیە دەستگیرکراون و دەست بەسەر بڕی 142 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری "کریستاڵی شل"دا گیراوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە، توانراوە ئەو دوو بازرگانە بە 142 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیربکرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە کە تۆمەتبارەکان خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینن و خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن، کە ئەم کارەیان بۆ شاردنەوەی بازرگانییەکەیان بەکارهێناوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو دوو تۆمەتبارە ماوەی شەش ساڵە کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لەنێوان عیراق، سعودیە، تورکیا و چەند وڵاتێکی کەنداودا کردووە. لە رێگەی پاسەکانی گواستنەوەی عومرەکارانەوە و بە شێوازێکی شاراوە و بەکارهێنانی تەکنیکی جۆراوجۆر، ماددەکەیان گواستووەتەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم جەختی کردەوە کە ئەم چالاکییە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگاکە و بە هەماهەنگیی باڵا لەگەڵ لایەنی سعودی ئەنجامدراوە، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە مادە هۆشبەرەکان لەدەروازەی سنوری (عەر عەر) گەیەنراوەتە ناو خاکی ووڵاتی سعودیە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...171172173174175...985