تاران بۆ واشنتۆن: ئەگەر هێرشی بەیروت بە تەلەفۆنێک راگیرا ئەی بۆچی پێشێلکارییەکان بەردەوام بوون؟
سەوسەن سەید
٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی پرسیاری کرد: ئەگەر بڕیاری هێرشکردنە سەر بەیروت بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گۆڕابێت، ئەی بۆچی پێشێلکردنی ئاگربەست لە لوبنان و ئاوارەکردنی لوبنانییەکان بۆ ماوەی چەندین مانگ بەردەوام بوو؟.
غەریب ئابادی لە پۆستێکدا لە "ئێکس" رایگەیاند، پەرەسەندنەکانی ئێستا لە لوبنان، سووریا و قودس یەک راستییان زیاتر روون کردووەتەوە: قەیرانی ناوچەکە دەرەنجامی 'گرژیی پچڕپچڕ' نییە، بەڵکو بەرهەمی تاوانەکانی ئیسرائیلە و رزگاربوونیەتی لە سزا، کە تێیدا سەروەریی وڵاتان پێشێل دەکات، ئاگربەست بێ مانا دەکات و هێرش دەکاتە سەر پیرۆزییەکانی فەڵەستینییەکان.
ئابادی زانیاریشی زیاد کردووە کە "پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە قۆناغی دەربڕینی نیگەرانی و داواکارییە گشتییەکان تێپەڕێت، و بڕیاری پابەندکەر و سزایی دژی ئیسرائیل بگرێتەبەر. چونکە یاسای نێودەوڵەتی بە سەرکۆنەکردنی بێبایەک و بێکاریگەر ناپارێزرێت.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەم چوارچێوەیەدا، ئیدیعای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە گوایە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی پەشیمان کردووەتەوە لە وەشاندنی هێرشێکی گەورە بۆ سەر بەیروت، لە جیاتی ئەوەی بەڵگەیەک بێت لەسەر ئاشتیخوازیی واشنتۆن، بەپێچەوانەوە رۆڵی راستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەڕێوەبردنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلەدا دەسەلمێنێت.
لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "ئەگەر بڕیاری هێرشکردنە سەر پایتەختی وڵاتێکی سەربەخۆ بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بگۆڕدرێت، ئەوا پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: بۆچی پێشێلکردنی ئاگربەست بۆ ماوەی چەندین مانگ، و دەستدرێژی بۆ سەر لوبنان، ئاوارەکردنی خەڵک و هەڕەشەکردن لە سەروەریی ئەم وڵاتە بە پاڵپشتیی سیاسی و سەربازیی رۆژئاوا بەردەوام بوو؟!.
شایەنی باسە ڕۆژی دووشەممە، لوبنان شایەتی وەرچەرخانێکی دراماتیکی و خێرا بوو، کاتێک رۆژەکە بە پەرەسەندنی سەربازیی توندی ئیسرائیل دەستیپێکرد کە ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەربڵاوی لێکەوتەوە، و کۆتایی هات بە راگەیاندنی لەناکاوی رێککەوتنی ئاگربەست و راگرتنی شەڕ لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەیروتەوە.



