وەزارەتی ژینگەی عیراق روونکردنەوەی لەبارەی ئەو کەشوهەوایە دا کە ئەمڕۆ بەغدادی پایتەختی گرتەوە و رایگەیاند، ئەوەی دەبینرێت دیاردەیەکی سروشتی و کاتییە کە پێی دەوترێت "تەمی دوکەڵاوی".
لوئەی موختار، وتەبێژی وەزارەتی ژینگە رایگەیاند، بەرزبوونەوەی رێژەی پیسبوون لە بەغداد پەیوەندی بە دەردانی گاز و دوکەڵەوە هەیە، کە بەهۆی دیاردەی "پێچەوانەبوونەوەی گەرمی"ـەوە لە چینی خوارەوەی بەرگەهەوادا دەمێننەوە و بەهۆی بەرزیی پلەی گەرمیی چینە بەرزەکانی هەواوە ناتوانن بڕۆن.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەکردووە، شاری بەغداد چارەکێکی دانیشتووانی عیراق لەخۆدەگرێت و بەهۆی قەرەباڵغی و زۆریی ئۆتۆمبێل و موەلیدە و کارگەکانەوە چالاکییە پیسکەرەکانی زۆرە، لە دۆخی ئاساییدا هەست بەم پیسبوونە ناکرێت چونکە بڵاودەبێتەوە، بەڵام ساڵانە لەم وەرزەدا بەهۆی گۆڕانی پلەکانی گەرماوە کۆدەبێتەوە.
سەبارەت بەو بۆنەی لە هەوادا هەیە، لوئەی موختار رونی کردەوە کە ئەوە ئەنجامی کارلێکی دەرچوە گازە جیاوازەکانە لەگەڵ هەوادا و بەنزیکبوونەوە لە نیوەڕۆ کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە. هاوکات تیمەکانی وەزارەت بەردەوامن لە چاودێریکردن و سزادانی سەرپێچیکاران.
وەزارەتی ژینگە داوا لە هاووڵاتیان دەکات، بەپێی راسپاردەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەم کەشەدا خۆیان بپارێزن و ئەگەر پێویست نەبێت نەچنە شوێنە کراوەکان و زیاتر لە شوێنە داخراوەکاندا بمێننەوە تا کاریگەریی هەوای پیس لەسەریان کەمبێتەوە.
وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی قەرەباڵغی شەقامەكان و رێكخستنی هاوردەی ئۆتۆمبێل، چەند رێنماییەكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە و چاوەڕوانی پەسەندكردنین.
محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت كار بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی و كۆنتڕۆڵكردنی هاوردەكردن و كوالێتی ئۆتۆمبێل دەكەن بۆ بازاڕەكانی عیراق، بۆ ئەو مەبەستەش چەند رێنماییەكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەكەن بۆ پەسەند كردنی رێنماییەكان و راستەوخۆ لەدوای پەسەندكردنەكە، دەیانخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، بەوەش دەتوانن سەرلەنوێ هاوردەی جۆری ئۆتۆمبێلەكان و تایبەتمەندییەكانیان رێكبخەنەوە و كۆنتڕۆڵی ئەو لایەنانەش بكەن كە ئۆتۆمبێل هاوردە دەكەن.
دەشڵێت: ئامانجێكی دیكەیان لە رێكخستنەوەی كوالێتی ئۆتۆمبێلەكان پاراستنی ژینگەی عیراقە و هەر ئۆتۆمبێلێك بۆ ژینگەی ناوچەكە گونجاو نەبێت، رێگە بە هاوردەكردنی نادەن.
بانکی ناوەندی عیراق جەخت لە پشتیوانی بەرقەراریی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو کردەوە و رایگەیاند، هیچ نیازێکیان نییە بۆ دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عیراقی.
بانکی ناوەندی عیراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵی 2025، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنراوە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی پەیوەست بە پاراستنی سەقامگیری ئاستی گشتی نرخەکان، بەجۆرێک کە رێژەی هەڵاوسان دابەزیوە بۆ ئاستێکی مێژوویی کە بە نزمترین ئاست دادەنرێت لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئەمەش بە پشتگیریی سیاسەتە داراییەکانی و رێوشوێنە لێکدراوەکانی سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییە ئابوورییانەی کە ئێستا هەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ نیازێک نییە بۆ دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عیراقی، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی سەرەکیی خۆی لە دڵنیابوون لە سەقامگیری نرخەکان، ئەو ئامانجەی کە بە سەرکەوتوویی لە ماوەی رابردوودا بەدیهاتووە.
بانکی ناوەندی ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامن لە پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕ بە بەهێزکردنی ئاستی یەدەگی بیانی نموونەیی لە دراو و زێڕ، جەختیشی کردووەتەوە لە بەردەوامبوونی لە دابینکردنی هەموو داواکارییەکانی بانکەکان بۆ بەهێزکردنی دەرەکی بە دۆلاری ئەمریکی و دراوەکانی تری بیانی وەک یۆنی چینی، لیرەی تورکی، رووپیەی هیندی، درهەمی ئیماراتی، هەروەها بەردەوامبوونی یەکلاییکردنەوەی کارتە بانکییەکان و حەواڵە کەسییەکان لە رێگەی هەردوو کۆمپانیای منیگرام و وێستەرن یونیۆن، سەرەڕای فرۆشتنی دراوی کاغەز بۆ مەبەستی گەشتکردن.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش ئاشکراوە،هەر لێدوانێک یان رایەکی دەرەکی پەیوەست بە گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عیراقی، بڕیاری بانکی ناوەندی نییە، و تەنها هەوڵدانێکە بۆ شێواندنی بازاڕ و وروژاندنی ململانێکان و کاریگەریی دانان لەسەر سەقامگیری ئابوری نیشتمانی.
سەرۆکایەتی شارەوانی بەغدا رایگەیاندوە؛ سزای ئەو کەسانە دەدات کە، شەقامە گشتییەکان دەگرن یاخود زبڵ و خاشاک لە شەقامە گشتییەکاندا فرێدەدەن، ئاماژەی بەوەشکردوە سزاکان تا پێنج ملیۆن دینار دەڕوات و شۆردنی ئۆتۆمبێلیش لە شەقامە گشتییەکان سزاکەی 500 هەزار دینارە.
ئەمڕۆ دووشەممە، شارەوانی بەغداد سزای نوێی راگەیاند و سزای فڕێدانی پاشماوەی بیناسازی لە ناوچە دیارینەکراوەکاندا لە نێوان دوو بۆ پێنج ملیۆن دینار دیاری کردوە، گرتنی رێگەی گشتیش بەۆ هەر مەبەستێک بێت لەلایەن هاووڵاتیانەوە سزاکەی یەک ملیۆن دینارە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ شۆردنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامە گشتییەکان بەدەر نییە لە سزاکان و هەر کەس ئەو کارە بکات 500 هەزار دیانر سزا دەدرێت و وردەکاری سزاکەی دەنێردرێت بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ.
ئودەی ئەلجندەیل، وتەبێژی شارەوانی بەغدا، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندوە لە ئێستاوە ژمارەیەکی زۆر سزا بەسەر ئەو سەرپێچیکارانەدا سەپێنراوە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر رێگاکان و گۆڕەپانە گشتییەکانی ناو پایتەخت.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، پێشوازیکرد لە موحسن مەندەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی ئەلئەساس .
لە سەرەتای دیدارەکەدا، موحسن مەندەلاوی پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆک کۆمار کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی شەماڵ جەمال رەشیدی برایانەوە.
هەر لە دیدارەکەدا، باس لەدوایین پێشهاتە هەنوکەییەکانی بارودۆخی سیاسی کرا و جەختیان لەگرنگی درێژەدان بەدیالۆگی نیشتیمانی و دانوستانی بنیاتنەر لەنێوان فراکسیۆنە براوەکان کردەوە بۆ خێراکردنی یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی پێکهێنانی حکومەتێک کە لەئاست خواستەکانی هاووڵاتیاندا بێت و سەقامگیری سیاسی بپارێزێت.
سەرکردەی حزب و هاوپەیمانێتییە سوننە براوەکانی هەڵبژاردن، پێکهێنانی "ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی"یان وەک چەترێکی نوێ بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکردەکانی هەریەکە لە هاوپەیمانی عەزم، هاوپەیمانی سیادە، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی، حزبی جەماهیر و هاوپەیمانی تەقەدوم، لە بەغداد کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لایەنەکان رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی "ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی" تا وەک مەرجەعێک کار بۆ یەکخستنی بڕیار و دیدگا سیاسییەکان بکات بەرامبەر بە دۆسیە نیشتمانییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکردە سوننەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە قۆناغی ئێستا هەستیارە و پێویستی بە کاری هاوبەش هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکان، بەتایبەت لە پارێزگا سوننەنشینەکاندا.
بڕیاریشە کۆبوونەوەکانی ئەم ئەنجومەنە لە تەواوی ماوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراقدا بەردەوام بێت و دەرگاش واڵا بێت بۆ هەر هاوبەشێکی دیکەی نیشتمانی کە بیەوێت بەشداری تێدا بکات.
ئەم هەنگاوەی لایەنە سوننەکان بە ئامادەکارییەکی بەهێز دادەنرێت بۆ قۆناغی داهاتووی حکومڕانی و بەهێزکردنی پێگەیان لە بەغداد.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جۆزێف عەون سەرۆک کۆماری لوبنان پێگەیشت، کە تێیدا پرسە و سەرەخۆشی گەرمی بۆ سەرۆک کۆمار بەبۆنەی ماڵئاوایی برای کۆچکردوویەوە، شەماڵ رەشید دەربڕی.
سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوتا لوبنانییەکەی دەربڕی بۆ ئەو هەستە برایانە و هیوای بەردەوامیی پێشکەوتن و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی لوبنان خواست.
هاوکات لەپەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە خرایە ڕوو، کە تیایدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیشیان لەگرنگی بەردەوامی راوێژ و هەماهەنگی کردەوە بە جۆرێک کە خزمەتی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
نۆ هەزار و 275 تۆمەتبار و سزادراو كە بەهۆی كەیسی دەستپاكییەوە دەستگیكراون خراونەتە لیستی یاسای لێبوردنی گشتی.
دەستەی دەستپاكی عیراق لە راپۆرتێكدا بڵاویكردوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیاندا بۆ رووبەڕووبوونە و بەدواداچونی كەیسەكانی گەندەڵی و چۆنێتی جێبەجێكردنی یاساكان، بۆیان دەركەوتووە كە لەمساڵدا نۆ هەزار و 275 تۆمەتبار و سزادراو كە پێشتر بەهۆی كەیسەكانی دەستپاكییەوە سزادراون یان تۆمەتباركراون خراونەتە لیستی یاسای لێبوردنی گشتیەوە.
هەر بە پێی راپۆرتەكە، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا تا ئێستا زیاتر لە ملیارێك و 597 ملیار دینار لە سامانی گشتی كە برابوونە دەرەوەی وڵات گەڕێندراونەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە سبەینێوە بارانبارین لە رۆژئاوای عیراق و ناوچەکانی هەرێم دەستپێدەکات و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە.
دەستەی کەشناسی عیراق بڵاویکردەوە، لەئێوارەی سبەینێ دووشەممەوە لە رۆژئاوای عیراق و ناوچەکانی هەرێمی کورستان باران بارینی پچڕ پچڕ و هەورە بروسکە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما روو لە دابەزین دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، کەشوهەوای شارەکانی دیکە، ئاسمان نیمچە هەور و تا رادەیەک جێگیر دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە زۆربەی ناوچەکان دەکەونە ژێر کاریگەریی رەوشی لاوازی کەشوهەوا، ناسەقامگیرییەکی سنوردار لە کەشدا دەبێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عیراق، رایگەیاندوە کە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی یۆنان داوایەکی پێشکەش کردووە بۆ ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەسیناوە بۆ بەغدا، پێشبینیشیان کردوە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا یەکەم گەشت ئەنجامبدرێت.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن عیراق پشتراستیکردوەتەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی یۆنان داوایان پێشکەشکردوە بۆ ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی لە نێوان ئەسینای پایتەختی یونان و بەغداد، رونیشیانکردوەتەوە لە ساڵی داهاتوودا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا شاهیدی فراوانبوونی بەرچاو دەبێت بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
مەیسەم ئەلسافی وتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاندوە؛ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دوای جێبەجێکردنی 26 پڕۆژە پێشکەوتنێکی بەرچاو و بەرچاوی لە خزمەتگوزارییەکانیدا بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی سەردانی فڕۆکەخانەکە بکەن بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی فڕکەخانەکە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ لە نێو ئەو دەسەڵاتانەدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی یۆنانیش هەبوو، کە سەردانی فڕۆکەخانەی بەغدای کرد و گەشتێکی پشکنینی ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا چاودێری پێشکەوتنە بەرچاوەکانیان کرد لەدوای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژە و دڵنیابون و لە پابەندبون ستانداردە نێودەوڵەتیەکان.
مەیسەم ئەلسافی وتوشیەتی؛ ئەو پڕۆژانەی ئەنجامداروە هانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی یۆنانیان داوە بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەک بۆ ئەنجامدانی گەشتەکان لە یۆنانەوە بۆ بەغدا، پێشبینیشی کردوە یەکەم گەشتی هێڵی ئاسمانی ئەوروپی یۆنانی هێڵی ئاسمانی ئیجە لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا روبدات.
ناوبراو جەختیشیکردوەتەوە، تەنها هێڵی ئاسمانی یۆنان نییە و داواکاری کۆمپانیاکانی دیکەش هەیە لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ ئەنجامدانی گەشتەکان بۆ بەغداد.
تەندروستی ئەنبار رایگەیاندوە؛ دایکێک بە سکێک چوار منداڵی بوە و سەرجەمیان رەگەزی نێرن، ئاماژەیانبەوشکردوە؛ منداڵبوونەکە لە رێگەی نەشتەرگەری پێشوەختەوە بووە و تەندروستی چوارمنداڵەکە ودایکیشیان جێگیرە.
ئیدارەی نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی فەللوجە رایگەیاندووە، دایکێک بە یەک سک چوار منداڵی کوڕی بووە، ئەوەشیانخستوەتەڕوو، رەوشی دایکەکە و چوار منداڵەکە لە ئێستادا جێگیرە و لە ژێر چاودێریدان.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، چوار منداڵەکە بە کێشی گونجاو لەدایک بوون بەڵام لە سەرەتادا تووشی کێشەی هەناسەدان بوون و یەکێکیان پێویستی بە گواستنەوەی خوێن بوو و بۆی ئەنجامدراوە.
نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ستافی پزیشکی بەردەوامن لە سەرپەرشتیکردنی چوار منداڵەکە، لە یەکەی چاودێری چڕی تازەلەدایکبووان بۆ چاودێریکردنی گەشەی تەندروستییان و دڵنیابوون لە وەرگرتنی چاودێری پێویست تاوەکو بارودۆخیان بە تەواوی جێگیر دەبێت.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی کرد لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی گۆرەپانی سیاسی وهەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کرا.
ئەمڕۆ شەممە، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، د.لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆمار، پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کرد، سودانی سەرەخۆشی لە سەرۆک کۆمار کرد بەهۆی کۆچی دوایی شەماڵ رەشیدی برایەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، تاوتوێی پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی وڵات و بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان کوتلە سیاسییەکان کرا.
هەروەها؛ باس لە ئامادەکارییەکانیش کرا بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بەپێی بنەما و رێڕەوەکانی دەستوور.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق نوێترین وردەکارییەکانی رێککەوتنی ئاوی لەگەڵ تورکیا و گرنگییەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی لە ماوەی داهاتوودا راگەیاند، بە گوێرەی راگەیەندراوەکە رێککەوتنەکە شەش پرۆژەی ستراتیژی لە خۆدەگرێت.
ئەمڕۆ شەممە، خالید شیمالی وتەبێژی وەزارەتەکە لە راگەیەندراێکدا رایگەیاندوە؛ پێشکەوتنی بەرچاو لە رێککەوتنی هاوکاری ئاوی عیراق و تورکیا دوای ئیمزاکردنی میکانیزمێکی نوێی جێبەجێکردن بەدیهاتووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە ئەم میکانیزمە ئامانجی گۆڕینی رێککەوتنە تیۆریەکانە بۆ پڕۆژەی کردەیی بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی ئاو لە عیراق، بە لەبەرچاوگرتنی خراپتربوونی وشکەساڵی.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ پرۆژانەی رێککەوتون شەش پڕۆژەی ستراتیژی سەرەتایی لەخۆدەگرن، لەنێویاندا سێ بەنداوی بچووکی تایبەت بە کۆکردنەوەی ئاو و پاڵپشتیکردنی ئاودێری لە ناوچە گوندنشینەکان، هەروەها سێ پڕۆژە بۆ وەرگرتنەوەی زەوییە تێکچووەکان و گۆڕینی بۆ زەوییە بەرهەمدارەکان.
ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخان دەکات لە پەیوەندییە ئاوییەکانی نێوان عیراق و تورکیا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چاودێریکردنی جێبەجێکردن لەسەر زەوی، ئەمەش بە شێک دیکەیە لە راگەیەندراوەکە.
وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی بەردەوامیی سەرچاوەکانی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی کە ئەمساڵ عیراق بە خراپترین رەوشی دا تێدەپەڕێت و شکەساڵی تەنگی پێهەڵچنییەوە.
ئەنجومەنی شورای حزبی دەعوەی ئیسلامی بە کۆی دەنگ بڕیاریدا نوری مالکی کاندید بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کابینەی داهاتوودا.
حزبی دەعوە لە راگەیەنراوێکی کورتدا ئاشکرایکردووە، بڕیاری کاندیدکردنی ئەمینداری گشتی حزبەکەیان بۆ ئەو پۆستە، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی شورا بووە.
کێبڕکێی سێ کاندید لە چوارچێوەی هەماهەنگی:
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو جوڵەی سیاسی لایەنەکان بۆ دیاریکردنی سێ سەرۆکایەتییەکە دەستپێبکات. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی سێ ناو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە بەردەستن کە بریتین لە؛ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری.
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عیراق، زانکۆی سلێمانی توانی بچێتە نێو ریزبەندیی جیهانیی "شانگهای" بۆ بوارە ئەکادیمییەکان بۆ ساڵی 2025 و بووە تاکە زانکۆی عیراق کە لەو ریزبەندییەدا ناوی هاتبێت.
بەپێی ریزبەندییەکە، زانکۆی سلێمانی لە بواری ئەندازیاریی شارستانیدا پلەی (301-400) و لە بواری ماتماتیکدا پلەی (401-500)ی لەسەر ئاستی زانکۆکانی جیهان بەدەستهێناوە.
دامەزراوەی شانگهای، کە شانبەشانی دامەزراوەکانی تایمز و کیو ئێس (QS) بە یەکێک لە سێ دامەزراوە سەرەکییەکەی ریزبەندکردنی زانکۆکان لە جیهاندا دادەنرێت، رایگەیاندووە کە زانکۆی سلێمانی تاکە زانکۆ بووە لەسەر ئاستی عیراق کە پێوەرەکانیانی تێدا بووە و شایستەی ئەوە بووە ریزبەندی بۆ بکرێت.
ریزبەندییەکە پشتی بە پێنج پێوەری سەرەکی بەستووە، لەوانە: ئاستی مامۆستایان، ئاست و کوالیتیی توێژینەوە زانستییەکان، کاریگەریی توێژینەوەکان و ئاستی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی.
زانکۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئەم دەستکەوتەی بە "سەرکەوتنێکی مێژوویی" و "شانازییەکی گەورە" وەسفکردووە و بە رەنگدانەوەی ئاستبەرزیی مامۆستایان و توێژینەوەکانی زانکۆکەی لەقەڵەمداوە.
وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ جێبەجێکردن و بەدەستهێنانی مافە دەستورییەکان.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان – بەغداد بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان و خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق، بە سەرۆکایەتی نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەغداد خالید شوانی وەزیری داد و رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن، بەردەوامە لە سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقییەکان لە بەغداد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو سەردانانەدا وەفدی یەکێتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان لە هێزە سیاسییەکان کرد و ئاڵوگۆڕی بیروڕا کراوەم سەبارەت بە قۆناغی داهاتووی پرۆسەی سیاسی عیراق و گفتوگۆکردن لەسەر ئاسۆکانی هاوکاری و گرتنەبەری دیالۆگ لە نێوان لایەنەکاندا و بەشداریکردنی ئەرێنی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستای هەبێت.
مەکتەبی سیاسی لە بەغداد راشیگەیاند، هەموو لایەنەکان جەختیان لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان زاڵگرتنی رێگەی دیالۆگ بۆ زیاتر پێشخستن و گەشەپێدانی پڕۆسەی سیاسی عیراق و گەیشتن بە کۆدەنگی نیشتمانیی کە کاریگەری ئەرێنی و باشی لەسەر ئایندەی وڵات دەبێت.