وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانی عیراق وردەکاری رێککەوتنی ئاوی لەگەڵ تورکیا بڵاوکردەوە
بڵند
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق نوێترین وردەکارییەکانی رێککەوتنی ئاوی لەگەڵ تورکیا و گرنگییەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی لە ماوەی داهاتوودا راگەیاند، بە گوێرەی راگەیەندراوەکە رێککەوتنەکە شەش پرۆژەی ستراتیژی لە خۆدەگرێت.
ئەمڕۆ شەممە، خالید شیمالی وتەبێژی وەزارەتەکە لە راگەیەندراێکدا رایگەیاندوە؛ پێشکەوتنی بەرچاو لە رێککەوتنی هاوکاری ئاوی عیراق و تورکیا دوای ئیمزاکردنی میکانیزمێکی نوێی جێبەجێکردن بەدیهاتووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە ئەم میکانیزمە ئامانجی گۆڕینی رێککەوتنە تیۆریەکانە بۆ پڕۆژەی کردەیی بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی ئاو لە عیراق، بە لەبەرچاوگرتنی خراپتربوونی وشکەساڵی.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ پرۆژانەی رێککەوتون شەش پڕۆژەی ستراتیژی سەرەتایی لەخۆدەگرن، لەنێویاندا سێ بەنداوی بچووکی تایبەت بە کۆکردنەوەی ئاو و پاڵپشتیکردنی ئاودێری لە ناوچە گوندنشینەکان، هەروەها سێ پڕۆژە بۆ وەرگرتنەوەی زەوییە تێکچووەکان و گۆڕینی بۆ زەوییە بەرهەمدارەکان.
ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخان دەکات لە پەیوەندییە ئاوییەکانی نێوان عیراق و تورکیا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چاودێریکردنی جێبەجێکردن لەسەر زەوی، ئەمەش بە شێک دیکەیە لە راگەیەندراوەکە.
وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی بەردەوامیی سەرچاوەکانی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی کە ئەمساڵ عیراق بە خراپترین رەوشی دا تێدەپەڕێت و شکەساڵی تەنگی پێهەڵچنییەوە.



