وەزارەتی ژینگەی عیراق روونکردنەوەی لەبارەی ئەو کەشوهەوایە دا کە ئەمڕۆ بەغدادی پایتەختی گرتەوە و رایگەیاند، ئەوەی دەبینرێت دیاردەیەکی سروشتی و کاتییە کە پێی دەوترێت "تەمی دوکەڵاوی".

لوئەی موختار، وتەبێژی وەزارەتی ژینگە رایگەیاند، بەرزبوونەوەی رێژەی پیسبوون لە بەغداد پەیوەندی بە دەردانی گاز و دوکەڵەوە هەیە، کە بەهۆی دیاردەی "پێچەوانەبوونەوەی گەرمی"ـەوە لە چینی خوارەوەی بەرگەهەوادا دەمێننەوە و بەهۆی بەرزیی پلەی گەرمیی چینە بەرزەکانی هەواوە ناتوانن بڕۆن.

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەکردووە، شاری بەغداد چارەکێکی دانیشتووانی عیراق لەخۆدەگرێت و بەهۆی قەرەباڵغی و زۆریی ئۆتۆمبێل و موەلیدە و کارگەکانەوە چالاکییە پیسکەرەکانی زۆرە، لە دۆخی ئاساییدا هەست بەم پیسبوونە ناکرێت چونکە بڵاودەبێتەوە، بەڵام ساڵانە لەم وەرزەدا بەهۆی گۆڕانی پلەکانی گەرماوە کۆدەبێتەوە.

سەبارەت بەو بۆنەی لە هەوادا هەیە، لوئەی موختار رونی کردەوە کە ئەوە ئەنجامی کارلێکی دەرچوە گازە جیاوازەکانە لەگەڵ هەوادا و بەنزیکبوونەوە لە نیوەڕۆ کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە. هاوکات تیمەکانی وەزارەت بەردەوامن لە چاودێریکردن و سزادانی سەرپێچیکاران.

وەزارەتی ژینگە داوا لە هاووڵاتیان دەکات، بەپێی راسپاردەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەم کەشەدا خۆیان بپارێزن و ئەگەر پێویست نەبێت نەچنە شوێنە کراوەکان و زیاتر لە شوێنە داخراوەکاندا بمێننەوە تا کاریگەریی هەوای پیس لەسەریان کەمبێتەوە.