بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عیراق، زانکۆی سلێمانی توانی بچێتە نێو ریزبەندیی جیهانیی "شانگهای" بۆ بوارە ئەکادیمییەکان بۆ ساڵی 2025 و بووە تاکە زانکۆی عیراق کە لەو ریزبەندییەدا ناوی هاتبێت.

بەپێی ریزبەندییەکە، زانکۆی سلێمانی لە بواری ئەندازیاریی شارستانیدا پلەی (301-400) و لە بواری ماتماتیکدا پلەی (401-500)ی لەسەر ئاستی زانکۆکانی جیهان بەدەستهێناوە.

دامەزراوەی شانگهای، کە شانبەشانی دامەزراوەکانی تایمز و کیو ئێس (QS) بە یەکێک لە سێ دامەزراوە سەرەکییەکەی ریزبەندکردنی زانکۆکان لە جیهاندا دادەنرێت، رایگەیاندووە کە زانکۆی سلێمانی تاکە زانکۆ بووە لەسەر ئاستی عیراق کە پێوەرەکانیانی تێدا بووە و شایستەی ئەوە بووە ریزبەندی بۆ بکرێت.

ریزبەندییەکە پشتی بە پێنج پێوەری سەرەکی بەستووە، لەوانە: ئاستی مامۆستایان، ئاست و کوالیتیی توێژینەوە زانستییەکان، کاریگەریی توێژینەوەکان و ئاستی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی.

زانکۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئەم دەستکەوتەی بە "سەرکەوتنێکی مێژوویی" و "شانازییەکی گەورە" وەسفکردووە و بە رەنگدانەوەی ئاستبەرزیی مامۆستایان و توێژینەوەکانی زانکۆکەی لەقەڵەمداوە.