سەرکردەی حزب و هاوپەیمانێتییە سوننە براوەکانی هەڵبژاردن، پێکهێنانی "ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی"یان وەک چەترێکی نوێ بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکردەکانی هەریەکە لە هاوپەیمانی عەزم، هاوپەیمانی سیادە، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی، حزبی جەماهیر و هاوپەیمانی تەقەدوم، لە بەغداد کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لایەنەکان رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی "ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی" تا وەک مەرجەعێک کار بۆ یەکخستنی بڕیار و دیدگا سیاسییەکان بکات بەرامبەر بە دۆسیە نیشتمانییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکردە سوننەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە قۆناغی ئێستا هەستیارە و پێویستی بە کاری هاوبەش هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکان، بەتایبەت لە پارێزگا سوننەنشینەکاندا.

بڕیاریشە کۆبوونەوەکانی ئەم ئەنجومەنە لە تەواوی ماوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراقدا بەردەوام بێت و دەرگاش واڵا بێت بۆ هەر هاوبەشێکی دیکەی نیشتمانی کە بیەوێت بەشداری تێدا بکات.

ئەم هەنگاوەی لایەنە سوننەکان بە ئامادەکارییەکی بەهێز دادەنرێت بۆ قۆناغی داهاتووی حکومڕانی و بەهێزکردنی پێگەیان لە بەغداد.