وەفدی باڵای یەکێتی لە بەغداد چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدا
محەمەد رزگار
٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ جێبەجێکردن و بەدەستهێنانی مافە دەستورییەکان.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان – بەغداد بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان و خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق، بە سەرۆکایەتی نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەغداد خالید شوانی وەزیری داد و رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن، بەردەوامە لە سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقییەکان لە بەغداد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو سەردانانەدا وەفدی یەکێتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان لە هێزە سیاسییەکان کرد و ئاڵوگۆڕی بیروڕا کراوەم سەبارەت بە قۆناغی داهاتووی پرۆسەی سیاسی عیراق و گفتوگۆکردن لەسەر ئاسۆکانی هاوکاری و گرتنەبەری دیالۆگ لە نێوان لایەنەکاندا و بەشداریکردنی ئەرێنی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستای هەبێت.
مەکتەبی سیاسی لە بەغداد راشیگەیاند، هەموو لایەنەکان جەختیان لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان زاڵگرتنی رێگەی دیالۆگ بۆ زیاتر پێشخستن و گەشەپێدانی پڕۆسەی سیاسی عیراق و گەیشتن بە کۆدەنگی نیشتمانیی کە کاریگەری ئەرێنی و باشی لەسەر ئایندەی وڵات دەبێت.










