مەزھەر محەمەد ساڵح بە رۆژنامەی "سەباح"ـی راگەیاند، کرێکارانی بیانی کە لە عیراق کار دەکەن تەنھا ١٥٪یان ھێز و بەھرەیان ھەیە و نزیکەی ٨٥٪یان سود بە عیراق ناگەیەنن و توانا و بەھرەکانیان سنووردارە، زۆرینەی ئەوانەشی گرێبەستەکانیان تەواو بووە بە شێوەی نایاسایی لە کارکردن بەردەوامن.
وتیشی، تێچووی ئاڵوگۆڕی ساڵانە بۆ کرێکارانی بیانی لانی کەم دوو ملیار دۆلارە، چونکە کرێکاری بیانی ھەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کار دەکەن و مووچەکانیان زۆر بەرزە.
راوێژکارەکەی سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، کێبڕکێی دەستکەوتنی ھەلی کار لەنێوان کرێکارانی بیانی و ناوخۆیی یەکێکە لەو کێشانەی عیراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
بەپێی ئامارەکان، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عیراق نزیکەی یەک ملیۆن کرێکارە، ٩٥٪یان نایاسایین و ٨٥٠ ھەزاریان پسپۆڕیی و توانایان سنوردارە.
عەبدولحسێن عەنبەکی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازی لە باج ئاماژەی بەوەدا، رەشنووسی یاسایەکیان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای باج لە عیراق ئامادەکردووە و تێیدا، دادپەروەرانە باج لەسەر ئەو کەسانە سەپێندراوە، کە داھاتیان زۆرە و لێخۆشبوونیش کراوە لە باجی سەر ئەو کەسانەی داھاتیان کەمە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە رەشنووسەکەدا، باج خراوەتە سەر ئەو پیشە نوێیانەی داھاتیان زۆرە و پێشتر باجیان لەسەر نەبووە، لەوانە داھاتی بلۆگەر و کەسایەتییە دیارەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە لەو رێگەیەوە داھاتێکی زۆریان بەدەستھێناوە و باجیان نەداوە.
راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختیلەوەشکردەوە، رەشنووسی یاساکە لەگەڵ ژینگەی بازرگانی عیراق دەگونجێت و و تێیدا دادپەروەری بەدەستدەھێنرێت، ھاندەریش دەبێت بۆ گەشەپێدان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی ١٨٠ ئەندام کۆبووەوە و دەنگدانی لەسەر پرۆژەیاسایەک دواخست، کە تایبەت بوو بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی رژێمی پێشوو، بۆ گەڕانەوەی زەوییە داگیرکراوەکانی جوتیارانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان.
ھەر لەو بارەیەوە، موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ ھادی عامری سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور ئەنجامدا و تێیدا، تاوتوێی دوایین ھەنگاو و کارەکانی لیژنەکە کرا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور.
موحسین مەندەلاوی ئاماژەی بە گرنگی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای سەرکردایەتی رژێمی پێشوو کرد و جەختیلەوەکردەوە، گەڕاندنەوەی زەوییە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان ھاوکار دەبێت لە بەرقەرارکردنی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای کەرکوک.