وەزارەتی نەوت: هەناردەی مانگی رابردوو 110 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە
راهۆز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، کۆی هەناردەی نەوت لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا زیاتر لە 110 ملیۆن بەرمیل بووە و داهاتەکەشی حەوت ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
بەپێی ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق "سۆمۆ" کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاو و چڕکراوە لە مانگی تشرینی یەکەمدا 110 ملیۆن و 923 هەزار و 47 بەرمیل بووە، کە داهاتەکەی گەیشتووەتە 7 ملیار و 30 ملیۆن و 689 هەزار دۆلار.
سەبارەت بە دابەشبوونی جوگرافیی هەناردەکە، وەزارەتەکە رونیکردوەتەوە:
-
ناوەڕاست و باشوری عیراق: 104 ملیۆن و 816 هەزار و 106 بەرمیل هەناردە کراوە.
-
هەرێمی کوردستان (لەرێگەی بەندەری جەیهان): 5 ملیۆن و 834 هەزار و 864 بەرمیل هەناردە کراوە.
-
ئوردن: 272 هەزار و 77 بەرمیل هەناردە کراوە.
وەزارەتی نەوت جەختی لەوە کردووەتەوە کە بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارانە مانگانە لەپێناو شەفافییەت و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتییە لە پرۆسەی بەبازاڕکردن و داهاتی نەوت.



