وەزیری پلاندانانی عیراق: ژمارەی دانیشتوانی عیراق 46 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە
شنیار
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق
وەزیری پلاندانانی عیراق وردەكاری سەرژمێرییەكەی ساڵی رابردووی ئاشكراكرد و رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكە 46 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.
محەمەدعەلی تەمیم وەزیری پلاندانانی عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی عیراق بە بیانییەكانیشەوە، زیاتر لە 46 ملیۆن كەسە و لە سەدا 35ـی دانیشتوانی ولاتەكە گەنجن.
هەروەها وتی، ژمارەی خێزانەكانی وڵاتەكەش هەشت ملیۆن و 450 هەزار خێزانە، ژمارەی ئەو خێزانانەی لەلایەن پیاوانەوە سەرپەرشتی دەكرێن زیاتر لە 7 ملیۆنە و 910 هەزار خێزانیش لەلایەن ژنانەوە سەرپەرشتی دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە 23 ملیۆن كەس لە رەگەزی نێر و زیاتر لە 22 ملیۆن كەسیش بە رەگەزی مێن.
وەزیری پلاندانانی عیراق راشیگەیاند، ژمارەی ئەندامی خێزانەكان بە تێكرایی پێنج ئەندامە، بەڵام خێزانەكانی باشوری عیراق گەورەترن لە خێزانەكانی باكور و رۆژئاوای وڵاتەكە، هەروەها لە سەدا 35ـی عیراقییەكان گەنجن و عیراق كۆمەڵگەیەكی گەنجە، زیاتر لە 27 ملیۆن عیراقییش تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 45 ساڵە كە لە سەدا 60ـی دانیشتوان پێكدەهێنن، هەروەها یەك ملیۆن و 166 هەزار كەسیش لە وڵاتەكەدا تەمەنیان سەرو 65 ساڵە.



