میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، ئەو ھاووڵاتییە عیراقییە تەمەنی ٢٥ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە بەریتانیا دەژی، لە شاری نەرویچ دوو جار دەستدرێژی کردووەتە سەر کچێک و دواتر وازی لێنەھێناوە و نامە و وێنەی بۆ ناردووە و بە تەلەفۆن ھەراسانی کردووە.
ئەو ھاووڵاتییە عیراقییە لەبەردەم دادگای تاوانەکانی ئەو شارە ئامادە بووە و زیندانی حەوت ساڵی بەسەردا سەپێندراوە و ھەروەھا دوو تاوانی دیکەشی روبەڕووکراوەتەوە، کە وازنەھێنان و دروستکردنی دڵەراوکێ و بێزاری بووە بۆ ئەو کچە.
ئەو کچەشی تاوانەکەی بەرامبەر ئەنجامدراوە تەمەنی لە بیستەکاندایە و لە دادگا رایگەیاندووە، شەوان ناتوانێت بخەوێت و سوکایەتی زۆری بەرامبەر کراوە و ھەست بە ترس دەکات، وتوشێتی نازانێت ھۆکاری ھەڵسوکەوتی ئەو کوڕە عیراقییە لەگەڵیدا چی بووە.
کەشناسی ھەرێم رایگەیاند، ئەمرۆ ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ھەوری تەواو دەگۆرێت, لە دوای نیوەڕۆدا لەناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و ھەندێک لە ناوچە سنوریەکانی پارێزگای سلێمانی پێشبینی نمە باران و تاوە باران دەکرێت، پاشان کاریگەری بەشێوەیەکی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکای ناوەراستی ھەرێم لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری بەلاوازی لەناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکوور دەمێنێتەوە .
ھەروەھا پێشبینی دەکات سبەی شەممە ئاسمان لە نێوان نیمچە ھەورو پەڵە ھەوردا دەبێت .
بەپێی نەخشەکانی کەشناسی، ئەگەری باران بارین پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێر و سلێمانی و بەشێک لە موسڵ و سەڵاحەدین دەگرێتەوە، کە لەگەڵیدا خێرایی با زیاد دەکات و کەمێک تۆز دروست دەبێت.
شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، ئەوە سەرەتای نزمەپاڵەپەستۆیەکە لەم وەرزەدا کە ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی پاییز لەڕووی فەلەکییەوە.
ھەر بەپێی پێشبینییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە ھەفتەی داھاتووەوە پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی عیراق جارێکی دیک بەرز ببنەوە بەشێوەیەکی کاتی و دواتر لە کۆتایی ھەفتەدا پلەکان روو لە دابەزین بکەن.
ھەموارکردنەوەی ئەو یاسایە لەکۆبوونەوەیەکدا تاوتوێکرا کە لەنێوان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی و راوێژکاری ئەنجومەنی دەوڵەت ئەنجامدرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکی کۆتایی کۆبوونەوەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەبارەی رێوشوێنە یاساییەکان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، کە قەرەبووی زیندانیانی سیاسی رژێمی پێشوو بکاتەوە، بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی ھەڵەبجە.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیکردەوە لە بەردەوامی ھەماھەنگییەکانی نێوان دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی و لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی ھەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، بەشێوەیەک تێیدا مافی زیندانیانی سیاسی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ھاوتاکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عیراق پارێزراو بێت.
کۆمپانیای "ئێڵ ئای جی نێکس وەن"ی کۆریای باشور بۆ بەرھەمھێنانی چەکی پێشکەوتوو رایگەیاند، رێککەوتنێکیان بە بڕی ٢.٧٨ ملیار دۆلار کردووە، بۆ ھەناردەکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی مەودا ناوەند لە جۆری "چیۆنگۆنگ دوو" بۆ عیراق.
کۆمپانیاکە راشیگەیاند، ئەو رێککەوتنە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عیراق ئیمزا کراوە.
سیستمە بەرگرییەکەی کۆریای باشور لە چوار سەکۆی مووشەکی گەڕۆک پێکدێت، کە ھەریەکەیان توانای ھەڵدانی ٨ موشەکی ھەیە، لەگەڵ بوونی رادار و و ناوەندی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردن.
بەو رێککەوتنە، عیراق دەبێتە سێیەم وڵات لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئەو سیستمی بەرگری ئاسمانییە لە کۆریای باشور دەکڕێت، لە دوای ئیمارات و سعودیەوە.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو لیستی بەربژێرانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەنددەکرێت و دوای ئەوە وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن دیاریدەکرێت، دڵنیایشی دایە دەنگدەران کە ھیچ کەس نازانێت لەکاتی ھەڵبژاردندا دەنگدەر دەنگ بە کام لایەن دەدات.
جەختیشیکردەوە، لەوەی بەپێی یاسای ھەموارکراوی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆن رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ھەر لایەن و کەسایەتی و حزبێک دەگرێتەبەر کە فشار بخاتە سەر دەنگدەران، ئەو لایەنەش لە دەنگەکانی لەو وێستگەیە بێبەش دەکرێت و سزای زیندانی و داراییش دەدرێت.
سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویانکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عیراق لە جۆری ئێف ١٦ بۆردوومانی دەوروبەری چەند گوندێکیان لە گوندی عەتشانە لەسنوری پردێ کردووە، کە ٦٥ کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای کەرکوکەوە دوورە، بۆردوومانەکەش مۆڵگە و شوێنی ئەو تیرۆریستانەی کردووەتە ئامانج و ژمارەیەکیان لەناوبراون.
ھاوکات بەپێی زانیاری سەرچاوە ئەمنییەکان، ھێزێکی ئەمنی ھاوبەش لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆری عیراق و سوپای عیراق، ھەڵمەتێکی ئەمنی فراوانیان دەستپێکردووە، بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە، ھەڵمەتەکە تا ئێستا بەردەوامە و ھێشتا ئەنجامەکانی نەخراونەتەڕوو.
وەزارەتی دارایی عیراق لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ھەموو ئەو ھەواڵانەی باس لەوەدەکەن کە وەزارەت توانای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نییە بۆ مانگەکانی داھاتوو ناڕاستن و وەزیری دارایی ھیچ لێدوانێکی نییە لەوبارەیەوە.
وەزارەتی دارایی جەختیشیکردەوە لەوەی، پابەندە بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی و ھێزە ئەمنییەکان و تەنانەت حەشدی شەعبی لەکاتی خۆیدا و بەپێی یاسا و ئەو سیستمەی کاری پێدەکرێت.
داواشی لە راگەیاندن و میدیاکان کرد، دوای پڕوپاگەندە و ھەواڵی ھەڵە نەکەون و پشت بە سەرچاوە رەسمییەکان ببەستن بۆ دەستکەوتنی زانیاری دروست.
د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، جوتیارانی سلێمانی داواکارییەکیان پێشکەشکردبوو و نیگەرانی ھاوردەکردنی تەماتە بوون بۆ سنورەکە و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی ئابوری عیراق کۆبوونەوە.
دەشڵێت، ئەنجومەنی ئاسایشی ئابوری بڕیاریدا لەسەر قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی تــەماتـە بۆ ماوەی مانگێک لە ١٥ی ئەیلول تا ١٥ی تشرینی یەکەم بۆ ئەوەی بەرھەمە ناوخۆییەکان ساغببنەوە.
ھاوکات، فوئاد حسێن سەرۆکی ئەنجومەنی وزاری ئابوری لە نوسراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەی هەشت و نۆی ئەم مانگەی ئەنجومەنی وزاری ئابوری ھەرێم و عیراق بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی تەماتە بۆ ھەرێم و عیراق بۆ ماوەی مانگێک.
خەڵەف شەنگالی راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ کاروباری ئێزدیەکان رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵایان لە ئەنجومەنی وەزیران پێکھێناوە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی دوو ھەزار و ٦٠٠ ھاووڵاتی ئێزدی رفێندراو.
وتیشی، لیژنەکە لەگەڵ تیمی تایبەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکات بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە و حکومەت بەڕێوەبەرایەتیەکی بۆ رزگاربووە ئێزدیەکان دامەزراندووە و موچە بە دوو ھەزار و ٧٠٠ کەس لەو توێژە دەدات ھاوکات زەویشیان بەسەردا دابەش دەکات.
کەریم نوری راوێژکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، لە ئێستادا نزیکەی ٥٤ ھەزار ئاوارە لە نەتەوە جیاوازەکان لە کەمپی ھۆلدا نیشتەجێن، لەنێویاندا نزیکەی ١٥ ھەزار عێراقی ھەن کە بەھۆی شەڕ لە ناوچەکانی باغوز و دیرزوور ئاوارەی ئەو ناوچەیە بوون.
ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عیراق لەئێستادا دەستیکردووە بە پڕۆسەی گێڕانەوەی ئەو ئاوارانە و تائێستا لە کۆی ٢٠ ھەزار ئاوارەی عیراقی زیاتر لە چوار ھەزاریان گێڕاونەتەوە کە ھیچ پێشێلکارییەکی ئەمنییان لە ناوچەکانیان تۆمارنەکردووە، وتیشی، لەئێستادا نزیکەی ١٥ ھەزار ئاوارەی عیراقی لەو کەمپەدا ماونەتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی ھاوکاری پزیشکی عیراق گەیشتە فڕۆکەخانەی بەیروت، ئەوەش دوای ئەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان لوبنان و عیراق لەدوای رووداوی تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی کرانەوە.
وەزیری تەندروستی لوبنانیش رایگەیاند، ھاوکارییەکەی عیراق ٢٠ پزیشک و کارمەندی تەندروستی و ١٥ تۆن ھاوکاری لەخۆدەگرێت.
دوێنێ لەدوای ئەو رووداوەی لوبنان، عیراق دەستبەجێ ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری بە نەخۆشخانەکانی لوبنان راگەیاند.
لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆککۆمار بەتوندی ھێرشەکەی بۆسەر لوبنان ئیدانە کرد، کە چەندین شەھید و برینداری لێکەوتەوە و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و ھەوڵی فراوانکردنی بازنەی جەنگ و دەستدرێژی ناوبرد، کە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ھاوسۆزیی عێراقی لەگەڵ گەلی لوبنانی برا لەم تەنگانەیەدا دوپاتکردەوە و ئامادەیی عێراقیشی بۆ پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی مرۆیی و پزیشکی بۆ بریندارەکان دەربڕی، ھاوکات سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی ھێرشەکەش کرد.
د.لەتیف رەشید پشتیوانی عێراقی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لوبنان دەربڕی و ھەر جۆرە دەستدرێژییەکی بۆسەر وڵاتەکە رەتکردەوە. ھەروەک جەختیکردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی بگرێتەئەستۆ بۆ وەستاندنی جەنگ لەدژی گەلی فەڵەستین بەتایبەتی لە کەرتی غەززە و رێگەگرتن لەھەر ھەوڵێک بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێکە.
لەلای خۆیەوە نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ھەڵوێستی نەگۆڕ و پشتیوانیی گەل و حکومەتی عێراق بۆ لوبنان دەربڕی لە ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی کە لەڕابردودا روبەڕوی بوەتەوە.
لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی گشتیی سیاسی و ئابووریی وڵات کرا و سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی یەکخستنی ریزەکان و پێکەوەکارکردنی سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لە بوارە جیاجیاکان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان.
لەلایەن خۆیەوە رەیان کلدانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختیکردەوە، بزوتنەوەی بابلیون پاڵپشتی ھەر کارێک دەکات ببێتەمایەی پتەوکردنی بنەمای دیموکراسی و سەقامگیری لە عێراقدا.
ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە کۆنگرەی دەستپێکردنی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ پاراستن و باشترکردنی ژینگەی عیراق رایگەیاند، حکومەتی بەغداد ھەنگاوی گرنگی ناوە بە ئاراستەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی پێشکەوتوو و باشتکردنی ژیانی نەوەکانی ئێستا و داھاتوو بە تایبەتیش لە بواری ئابوریدا، ئەوەش دەیسەلمێنێت حکومەتی عیراق لە توانایدا ھەیە شێوازێکی ئابوری ئەوتۆ دروستبکات کە وڵاتانی دیکە چاوی لێبکەن.
وتیشی، ئەو ھەنگاوە گرنگانەی عیراق لە بواری ئابوریدا دەبێتە بەرچاوڕونی و دیدگایەک بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشە و ئاستەنگە ژینگەییانەی روبەڕووی عیراق بونەتەوە بەھۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و سەرچاوە سروشتییەکان کە گەشەسەندنی عیراقیان لە بوارە جیاجیاکاندا سنوردارکردووە.
عەبدولقادر ئۆراڵ ئۆغڵۆ وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، پرۆژەی رێگای گەشەپێدان لەگەڵ عیراق تا ساڵی ٢٠٢٥ تەواودەبێت.
دەشڵێت، پرۆژەکە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانییە کە عیراق و تورکیا لە ڕێگەی ھێڵی ئاسنین و ڕێگاوبان و بەندەر و شارەکانەوە بە درێژایی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەنێویشاندا بەندەری فاو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێگای گەشەپێدان ھاوشێوەی رێگای ئاوریشمی عیراقەو وەک رێگایەکی بەدیل بۆ کەناڵی سوێس دادەمەزرێت ئەوەش بۆ ئاسانکاری خێراتر و کاراترکردنی بازرگانی.
باسم محەمەد بریکاری وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ کاروباری دەرھێنانی وزە رایگەیاند، لە چوارچێوەی گرنگیدان و گەشەپێدانی کەرتی وزە و نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکانی تایبەت بە بەرھەمەھێنانی غاز، توانراوە بگەنە قۆناغی گۆڕینی غازە سوتاوەکان لە رێگەی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەوە کە سود لەو غازە وەردەگرن.
وتیشی، لە ئێستا لە بەسرە ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجا، لە میسان ١٥٠ ملیۆن پێ سێجا و کۆمپانیای تۆتاڵیش لە پێنج کێڵگەی باشوور ٦٠٠ پێ سێجا غاز بەرھەمدەھێنن و لەماوەی داھاتووشدا کۆمپانیایەکی ئۆکراینی ئاستی بەرھەمھێنانی غاز دەگەیەنێتە ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا.
باس لەوەشدەکات، ئەو ھەوڵانە دەبنەھۆی ئەوەی لەماوەی پێنج ساڵی داھاتوودا عیراق بگاتە ئاستی خودبژێوی لە بەرھەمھێنانی غاز و کۆتایی بە ھاوردەکردن دەھێنێت و دەبێتە سەرچاوەی ھەناردەکردنی غازیش بۆ دەرەوەی وڵات.