باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق، رایگەیاندوە بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەن و  داواش دەکات هەنگاوی خێرا بگیرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تیرۆریسـتییە، ئامادەی خۆشیان دەربریوە پیشکەشکردنی پشتیوانی بۆ پاراستنی ئەو ژێرخانە گرنگە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاویکردوەتەوەو تێیدا هاتووە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی ئیدانەی هێرشی تیرۆرستی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی دەکات.

ئەوەشیان خستوەتەڕوو؛ پێکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشانی تری عیراقی داوای هەنگاوی کرداریی دەستبەجێ لە حکومەتی عیراق دەکەن بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تیرۆرستیە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە،  ئەم هێرشە تیرۆرستییە کە بریتیە لە دواهەمینی ئەو زنجیرە هەوڵانەی خراپەکاران ئەنجامیانداوە بۆ لاوازکردنی سەقامگیریی عیراق و بەئامانجگرتنی وەبەرهێنانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان.

جەختیشیان کردوەتەوە؛ ئامادەن پشتیوانی پێشکەش بکەن بۆ هەوڵەکانی پاراستنی ئەم ژێرخانە گرنگە و بەردەوام دەبن لە جەختکردنەوە لە گرنگیی ئەوەی عیراق سەروەریی خۆی بچەسپێنێت لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەی ئەنجام دەدرێن بۆ لاوازکردنی و دڵنیایی بدات لەوەی گشت جۆرەکانی چەک، بە تایبەت درۆن و موشەک و رۆکێت دەهێنرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە.