مارک ساڤایای نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاندوە گروپە چەکدارەکان کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە عیراق چالاکییان هەیە و جێبەجێکاری ئەجیندای بیانین، هێرشەکەی سەر کۆرمۆریان ئەنجام داوە.

مارک ساڤایا لەسەر هێرشەکەی شەوی رابردووی کێڵگەی غازی کۆرمۆر،  پەیامێکی لە هەژماری پلاتفۆڕمی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی هێرشەکە دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردوە؛ گروپە چەکدارەکان  هێرشەکەیان  ئەنجامداوە و داوای لە حکومەتی عیراق کردووە کە بیاندۆزێتەوە  و روبەڕووی یاسایان بکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا نوسیویەتی؛ "با رونبێت و بە ئاشکرا دەڵێم لە عیراقێکی تەواو سەروەریدا هیچ شوێنێک بۆ ئەم گرووپانە نابێت". 

مارک ساڤایا پشتیوانی خۆشی بۆ هەرێمی کوردستان  لە چوارچێوەی عیراقی یەکگرتوودا دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندوە؛ بەغداد و هەولێر هان دەدەن بۆ ئەوەی هاوکارییەکانیان لە بواری ئاسایشیدا قوڵتر بکەنەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ یەکتر کار بکەن بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری و وزە.