سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە بەغداد و لەگەڵ سودانی كۆبوەوە و جەختی لە پاڵپشتی و هاریكاریكردنی عیراق كردەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و لەلایەن فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق پێشوازی لێكرا و دواتر لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبووەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عیراقیش رایگەیاند، سەردانەكەی گۆتیرێز بەبۆنەی كۆتایی هاتنی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكانە لە عیراق كە چەندین ساڵە پاڵپشتی سیاسی دەكات و هاوكاری پێشكەشكردووە.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراقیش رایگەیاند، كۆتاییهاتنی ئەركی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە مانای بەرەوپێشچون و سەقامگیری عیراق دێت و توانای بەڕێوەبردنی كاروباری خۆی و سەروەری و دامەزراوە دەستوریەكانی هەیە.

گۆتیرێزیش رایگەیاند، پشتیوانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق بەردەوام دەبێت بەشێوەیەك لەگەڵ قۆناغی داهاتوو بگونجێت.