خانمی یەکەمی عیراق پێشوازی لە هونەرمەند زوهێر محەمەد دەکات
١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پێشوازی لە هونەرمەندی کۆمێدی عیراقی زوهێر محەمەد رەشید کرد و لە دیدارەکەدا سەرەرای جەختکردنەوە لە پاڵپشتیکردنی هونەر بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، چەند پرسێکی تر سەبارەت بە رۆڵی هونەر و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە تاوتوێ کرا.
لە میانی دیدارەکەدا، خانمی یەکەم رۆڵی گرنگی هونەرمەندان، بەتایبەتی ئەکتەرانی کۆمێدی بەرز نرخاند لە گەیاندنی پەیامی مرۆیی و بڵاوکردنەوەی خۆشی و خەندە خستنە سەر لێوی جەماوەر، سەرباری تیشک خستنە سەر ئەو پرس و کێشانەی رووبەڕووی کۆمەڵگە دەبنەوە لە رێگەی رەخنەی هونەریی بونیادنەرەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئاماژەی بە پێگەی ئەستێرەکانی سینەما و شانۆ و هونەرمەندە گەورەکانی عیراق کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە کارە هونەرییە نەمرەکانیان هێشتا لە هزری خەڵکدا ماون و بەشێک لە یادەوەریی رۆشنبیریی عیراق پێکدەهێنن.
لەلای خۆیەوە، هونەرمەند زوهێر محەمەد دیارترین کێشە و ئاستەنگەکانی خستەڕوو، کە دەبنە رێگر لە بەردەم جوڵەی کار و بەرهەمهێنانی هونەری و جەختی لە پێویستیی گرنگیدان بە مافەکانی خانەنشینییان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ئەم توێژە هونەرییە کردەوە.
زوهێر محەمەد ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خانمی یەکەم دەربڕی بەرانبەر بە گرنگیدانی بەم بابەتە و روونیکردەوە، کە ئەم بایەخدانە رەنگدانەوەی رەهەندێکی مرۆیی و هونەرییە، کە پشتیوانی لە بزووتنەوەی رۆشنبیری و هونەری دەکات لە عیراقدا.






