چوارچێوەی ھەماھەنگی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەند مانگێکە کاردەکات بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی کە ھەوڵدەدرێت بە ئاراستەی نادیار و دوور لە خواستی گەل و دەنگی دەنگدەران ببرێت.
راشیگەیاندووە، لە بەردەوامی ھەوڵەکان و پێداگری چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر تەواوکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، جارێکی داوا لە ھێزە کوردییەکان دەکات دیالۆگی جدی زیاتربکەن بەئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار.
دووپاتیشیدەکاتەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی خواستی ھەیە ھەموو ھێزە نیشتمانییەکان ھەماھەنگبن بۆ تەواوکردنی ھەنگاوە دەستورییەکان بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
چوارچێوەی ھەماھەنگی راشیگەیاندووە، تیمی دانوستانکاری پێکھێناوە گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و لایەنەکانی تر دەستپێدەکات بەئامانجی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی بۆ زیادکردنی ھێزی حکومەتی داھاتوو کە بتوانێت ئەرکە خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی باشتر جێبەجێبکات.
عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسیەکان لە سەر بنەمای متمانە دەست بە دانوستان بکەن، داواشی لە کورد کرد، لە سەر کاندیدی سەرۆک کۆمار رێکبکەون.
عەمار حەکیم راشیگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای متمانەی دوو لایەنە لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵبدەنەوە و دانوستان بکەن و کێشەکانیان وەلابنێن.
ھاوکات چەند پێشنیازێکی ئاڕاستە کردن و رایگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسییەکان وتاری توند بەرامبەر یەکتری رابگرن و بڕوا بە پڕوپاگەندە و دەنگۆکان نەکەن، داواشی لێکردن ھەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان و پارێزگاریکردن لە شکۆی دەوڵەت چڕبکەنەوە و بەرامبەر پێشێلکارییەکانی سەروەریی عێراق بێدەنگ نەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ رزگارکردنی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی، دەبێت کار بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان بکرێت.
وتیشی، پێویستە لایەنەکانی کورد لە سەر یەک کاندیدی سەرۆک کۆمار رێکبکەون.
عەمار حەکیم راشیگەیاند، حکومەتی داھاتوو لە بەردەم دەرفەتێکی گەورەدایە بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتن لە بواری خزمەتگوزاری و ھیواشی خواست سەرۆک وەزیرانی داھاتوو لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بێت.
ھاوپەیمانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی، بەڵام ئەوان سورن لەسەر کاندیدکردنی ناوبراو و حکومەتی داھاتووی عێراق بە سەرۆکایەتی ئەو پێکدەھێنن.
رۆژی دوو شەممەی ڕابردوو بە کۆی دەنگ، چوارچێوەی ھەماھەنگی"محەمەد شیاع سودانی"ی کاندیدکرد بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، داواشیان لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد ڕۆژی شەممە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات.
بەوتەی سەرچاوە ئەمنییەکان، کونسوڵخانەی تورکیا لە ناوچەی نیشتەجێبوونی حەدبا لە باکوری موسڵ بە چوار مووشەک کراوەتە ئامانج و زیانی ماددی بە دەوروبەری کونسوڵخانەکە کەتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھێرشەکە بە چوار مووشەکی جۆری ھاوەن ئەنجامدراوە و سەرچاوەی ھێرشەکە ناوچەی (سادە) بووە کە لە رووی ئەمنییەوە لەژێر کۆنترۆڵی لیوای ٣٠ی حەشدی شەبەکدایە.
سەرچاوەیەکیش لە کونسوڵخانەی تورکیا ئاشکرایکردووە، کونسوڵ و تیمی کونسوڵخانەکە ھیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
ئەندامەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، تائێستا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و بڕیاریان سەبارەت بە پەکەکە و مانەوەی ئەو پارتە لەناو خاکی عێراق نەداوە، سەرجەمیشیان لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری دیبلۆماسین لە بەرژوەندی عێراق و ھەروەھا کۆکن لەسەر ئیدانەکردنی بۆردومان و پێشێلکارییەکانی تورکیا.
بە وتەی ئەندامەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی، چاوەڕواندەکرێت بڕیارێکی سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوە دەربچێت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی پەکەکە بەو ئامانجەی بۆردومانەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق کۆتایی پێبھێنرێت.
سەرچاوەیەکی پەرلەمانی ئاشکرایکردووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان نوسراوێکی ڕەسمی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە و داوایکردووە ڕۆژی شەممەی داھاتوو دیاریبکات بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام تائێستا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران وادەی دانیشتنی داھاتووی ئەنجوومەنەکەی دیارینەکردووە.
بە وتەی سەرچاوەکە، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و چوارچێوەی ھەماھەنگی رێککەوتوون لەسەر کاندیدکردنی محەمەد مەندەلاوی پەرلەمانتاری سەربەخۆ بۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران. محەمەد مەندەلاوی کوردی فەیلییە و لە بازنەی شەقامی فەڵەستین لە بەغداد بووەتە پەرلەمانتار.
بەرپرسانی تورکیا سورن لەسەر ھێرشکردنە سەر باکوری سوریا و دەڵێن لە ھەر کاتێکدا بێت ئۆپراسیۆنەکە ئەنجامدەدرێت.
مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، ئامانج لە ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر باکوری سوریا دەرکردنی گروپە چەکدارەکان و پاراستنی یەکێتی خاکی سوریایە.
چاوشئۆغڵو رەخنەی لە ھەڵوێستی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پاک نیە ، روسیا و ئێرانیش پشتیوانی حکومەتی دیمەشقن.
ھەروەھا ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان بۆ سەر باکوری سوریا بەپێی ھەڵسەنگاندنەکان و مەترسییە ئەمنییەکان لە ھەر کاتێکدا بێت ئەنجامدەدرێت.
دوای ماوەیەک لە گردبوونەوە لە گۆڕەپانی تەحریر، لایەنگرانی سەدر لە پردی کۆمارییەوە چونە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز. لای خۆیەوە "مستەفا کازمی"سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە خۆپیشاندەران کرد لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و خوپیشاندانێکی ھێمنانە بەڕێوەبەرن و دامەزراوەکانی دەوڵەت بپارێزن.
ھەر لەبارەی خۆپیشاندانەکەوە نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا داوای لە حکومەتی کازمی کرد پارێزگاری لە ڕەوشی ئەمنی و کۆمەڵایەتی بکات و ڕێگری بکات لە ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان.
لە بەردەوامی کاردانەوەکان سەبارەت بە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، ھاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا ھیوای خواستوە قۆناغی داھاتوو راستکردنەوەی رەوشەکەی بەدوادابێت، بە تایبەت لێکەوتە مەترسیدارەکانی دوای ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران.
ھیواشی خواستووە سودانی سەرکەوتوو بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان و بەرگریکردن لە سەروەری وڵات.
ھەروەھا قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق رایگەیاندووە، ئێران دەستوەردانی لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران نەکردووە و جگە لە محەمەد شیاع سودانی ھیچ بژاردەیەکی تریان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نیە.
دەستەی دەستپاکی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ٢٧ ھەزار و ٢١٠ فۆڕمی ئاشکراکردنی دارایی ئاراستەی وەزارەت و دەستەکان کراوە و رێژەی وەڵامدانەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە و جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتییەکانی دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵی ، دادگای تێھەڵچوونەوە، داواکاری گشتی و دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری ١٠٠%بووە.
ھەروەھا ٤٨.٨ی پەرلەمانتاران و٨٧.٥٪ ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی فۆڕمی ئاشکراکردنی داراییان داوەتەوە.
وەزیری بەرگری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، سوپای عێراق دەتوانێت بەرپەرچی سوپای تورکیا بداتەوە و ناچاری بکات کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر خاکی عێراق بھێنێت، بەڵام ئەوان چاوەڕێی چارەسەرە سیاسی و دیبلۆماسییەکان دەکەن، لەبەرئەوەی جەنگ تەنھا وێرانی و خوێنڕشتنی لێدەکەوێتەوە.
جومعە عیناد ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق یەکەم جەنگی لە دژی تورکیا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەستپێکردووە و چاوەڕێی ئەنجامی ھەوڵە دیبلۆماسییەکان دەکەن.
پارێزەری جەیمس فیتۆن ئەو ھاوڵاتییە بەریتانییەی ماوەیەک بەر لە ئێستا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بە چەند شوێنەوارێکی دێرینەوە دەستگیرکرا، رایگەیاند، دوای دەستگیرکردنی ھەموو بەڵگەکانیان خستەڕوو کە تۆمەتەکانی سەری ھیچ بنەمایەکیان نییە، بەڵام دوایی دادگا سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
(ئەحمەد سەحاف) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند/ تورکیا کار بۆ ئەوە دەکات پێگە و سنوری دەسەڵاتی لەناو خاکی عێراق فراوانتر بکات، پێشی وایە حکومەتی عێراق توانای ئەوەی نییە وەک ئەو مامەڵە بکات و وەڵامی بداتەوە، بەڵام راستیەکە ئەوەیە عێراق رێز لە سەروەری وڵاتان و بنەمای دراوسێیەتی دەگرێت، بۆیە بەتوندی وەڵامی ئەنقەرە ناداتەوە و دەیەوێت بە گفتوگۆ و رێگە دیبلۆماتیەکان کێشە و ئاڵۆزییەکان چارەسەر بکرێن.
وتیشی، داوا لە سوپا و سەرجەم ھێزە چەکدارەکانی تورکیا دەکەن بە زوترین کات و بە پەلە خاکی عێراق بەجێبھێڵن، بە پێچەوانەشەوە ھەموو بژاردەکان لە بەردەم عێراق کراوەن بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا.
بە پێی ئەو زانیاریانەی میدیاکانی عێراق بڵاویانکردۆتەوە، لە ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان سەرنج و بۆچونی جیاواز ھەیە لەسەر کاندیدی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە پێشتر پشکی رەوتی سەدر بوو و (حاکم زاملی) لەو پۆستەدا بوو و لەگەڵ پەرلەمانتارانی سەر بەرەوتی سەدر دەستی لەکارکێشایەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێک لە چوارچێوەی ھەماھەنگی بە باشی دەزانن ئەو کەسەی دەبێتە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سەر بە ھاوپەیمانیەکە بێت، بەشێکی دیکەش داوایانکردوە پەرلەمانتارێکی سەربەخۆی شیعە بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ٦ کاندید کە سیانیان سەر بە چوارچێوەی ھەماھەنگین و سیانەکەی دیکەش پەرلەمانتاری سەربەخۆی شیعەن.
بەڵام تائێستا ھیچ کام لەو شەش کاندیدە بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی نەکراونەتەوە.
وەزیری بەرگری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە ، تا ئێستا تورکیا ھیچ وەڵامێکی بۆ داواکارییەکانی عێراق نەبووە سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی لە سەربازگەی زێلکان و ھێزی تورکیا بە درێژایی ٢٠ کیلۆمەتر لە باکوری عێراقدان .
سەبارەت بە بۆردومانەکەی ھەفتەی رابردووی تورکیاش بۆ سەر زاخۆ ، وەزیری بەرگری رایگەیاندووە ، تورکیا تۆپخانەی بەھێزی بەکارھێناوەو بەرپرسە لە کوژرانی مەدەنییەکان ، وتیشی تورکیا شەری داعشی قۆستەوە بۆ ئەوەی بێتە ناو خاکی عێراق .
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بەڕەسمی کشانەوەی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە، گەشبینە کە لە داھاتوویەکی زۆر نزیکدا چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان کاندیدی رەسمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق یەکلابکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، داوای لێبوردن لە ھەموو ئەو ھێز و لایەنانە دەکات کە متمانەیان پێبەخشیووە بۆئەوەی ببێتە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و کشانەوەشی لە چواچێوەی ھەستکردنە بە بەرپرسارێتی بۆئەوەی زووتر چەقبەستوویی سیاسی چارەسەر بکرێت کە زیانەکەی تەنھا بۆ ھاوڵاتیانی عێراقە.