چوارەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ھاوبەشی دادوەریی عێراق و ئێران لە تاران بەڕێوەچوو
هەژار
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
لیژنەی باڵای ھاوبەشی دادوەریی عێراق و ئێران چوارەم کۆبوونەوەیان لە تاران ئەنجامدا بۆ لێکۆڵینەوە لە کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەھدی موھەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق.
لیژنەکە لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە، ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و زانیاری وردیان ئاڵوگۆڕکردووە و رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی ھەردوو وڵات دەکرێن بۆئەوەی بەدواداچوونی زیاتریان بۆ بکرێت، بەتایبەتی لەبارەی ئەو کەسانەی تۆمەتباران بە کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەھدی موھەندیس.
راشیگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە دۆسێی چەند تۆمەتبارێک کۆتایی ھاتووە و تەنھا بڕیاری دادگایان ماوە و بەھیچ شێوەیەک تۆمەتبارانی ئەو دۆسێیە بەبێ سزای قورس رزگاریان نابێت.



