لە ڕاگەیەندراوێکدا موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، ئەو شۆڕشە خۆڕسکانەی کە وەک قۆناغی یەکەم ناوچەی سەوزی ڕزگار کرد، ھەلێکی زێڕینە بۆ ھەر کەسێک، کە بە ئاگری زوڵم و تیرۆر و گەندەڵی و داگیرکردن و پاشکۆیەتی داخ کراوە.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەموو ھیوای ئەوەیە کە نەھامەتی ھەلی زێڕینی ساڵی ٢٠١٦ دووبارە نەبێتەوە، پێی وایە ئەمەی ئێستا ھەلێکی دیکەیە، بۆ ڕەتکردنەوەی زوڵم و گەندەڵی و تاکڕەوی دەسەڵات و پاشکۆیەتی دەرەوە و دابەشکاری تایبەتی، کە بوونەتە مێردەزمەی سەردڵی عێراقییەکان لە سەردەمی داگیرکارییەوە تا ئەمڕۆ.
سەدر دووپاتیکردووەتەوە، ھەلێکی مەزن ھاتووەتە ئاراوە بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستمی سیاسی و دەستور و ھەڵبژاردنەکان، کە سەرتاپای خراوەتە خزمەتی دەوڵەتی قوڵەوە و وا وێناکراوە باشترە لە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
لە کۆتایی وتەکانیدا موقتەد سەدر پەیامی ئاراستەی ھەموو عێراقییەکان کردووە و ڕایگەیاندووە، ھەموولایەک بەرپرسیارن لە نێوان عێراقێکی سەربەرز یان عێراقێکی پاشکۆ، کە گەندەڵکاران و چاوچنۆکەکان حوکمی دەکەن.
محەمەد عەنوز سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ماوەی ١٠ مانگ بەسەر پڕۆسەی ھەڵبژارندا تێپەڕیوە، بەڵام ھێشتا ناکۆکی سیاسی ھەیە سەبارەت بە دۆسیەی پێکھێنانی حکومەت، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆکانی ئێستای لایەنەکان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەوشی سیاسی، کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی تووشی ئیفلیجی کردووە، کە دەبوایە مانگانە بەلای کەمەوە ھەشت دانیشتن ئەنجام بدرایە.
جەختیشی کردووە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام نادرێت، چونکە چاوەڕوانی ھاتنی کاندیدەکان دەکەن، بۆ سازدانی دانیشتنی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە تا ئێستا لایەنە کوردییەکان لە سەر یەکلاکردنەوەی کاندێک ڕێکنەکەوتوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، لایەنگرانی سەدر گەیشتوونەتە نزیک دەروازەکانی ناوچەی سەوز و بەو ھۆیەشەوە ھێزێکی ئەمنی زۆر بڵاوەیپێکراوە.
لایەنگرانی سەدر دوای تێپەڕبوون بەسەر چەند بەربەستێکی کۆنکرێتی لەسەر پردی کۆماری، لەبەری وەزارەتی پلاندانەوە خۆیان گەیاندە دەروازەکانی ناوچەی سەوز، کە بارەگای سەرەکی حکومەت و پەرلەمان و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی تێدایە.
دوای نزیکبوونەوەی لایەنگرانی سەدر لە ناوچەی سەوز، ھێزەکانی فیرقەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکان بڵاوەیانپێکراوە، بە بەمەبەستی پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە ناوچەی سەوز.
عەلی فرەیجی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی شاری کەرکوک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەردەوام لەگەڵ دانیشتوانی کەرکوک چاویان بە یەکتر دەکەوێت و بە ھەموو پێکھاتەکانی شارەکە دەڵێن، مافەکانیان پارێزراوە و بە یەک دووری وەستاونەتەوە لە بەرامبەر سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکانی شارەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە بە دەستدرێژی کردنە سەر مافی ھیچ پێکھاتەیەک نادەن، ئەگەر کورد بێت یان عەرەب یان تورکمان و ھەموان لە کەرکوک ڕێزلێگیراون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کازمی ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر ھێزە ئەمنییەکان پارێزگاری لە دامودەزگاکانی دەوڵەت بکەن و، ھەموو ڕێوشوێنک بگرنە بەر پاراستنی یاسا و سیستمی گشتی لە وڵاتدا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامی نائارامییەکان خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی ناکات و ڕەوشی ئەمنی ئاڵۆزتر دەکات.
ھاوکات کازمی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لێپرسراو و فەرماندە ئەمنییەکان ئەنجامدا، بۆ تاوتوێکردنی خۆپیشاندانەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەو بارەیەوە.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق ئاشکرایکرد،بەھۆی بەکارھێنانی بۆمبی فرمێسکڕێژەوە لە دژی خۆپیشاندەران لەنزیک ناوچەی سەوزی بەغداد، ٢٢ کەس لە خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان تووشی ھەناسە توندی یان برینداری بوون.
ھاوکات ساڵح عێراقی کەسایەتی سیاسی نزیک لە سەدر، ئۆباڵی ھەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خۆپیشاندەرانی خستە ئەستۆی قەوارە سیاسیەکان.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، توانیویانە بڕی ٢٢ ھەزار و ٦٨٠ مێگاوات کارەبا بەرھەمبھێنن و ئەوەش بۆ یەکەمجارە دەتوانن ئەو بڕە کارەبایە بەرھەمبھێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کارمەندان و تیمە مەیدانییەکانیان، بە شەو و ڕۆژ لە کاردان، بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی کارەبای نیشتیمانی بۆ ھاوڵاتیان دەستبەر بکەن و سەرباری کێشە ئەمنییەکان و زیانگەیاندن بە تۆڕی گواستنەوەی وزەی کارەبا، توانیویانە ئەو بڕە کارەبایە بەرھەمبھێنن.
وەزارەتی کارەبای عێراق راشیگەیاندووە، ئەگەر کۆمەک و بودجەی پێویست لەبەردەستدا بێت، لە داھاتوویەکی نزیکدا چەند یەکەیەکی دیکەی بەرھەمھێنانی کارەبا دەخرێتە کار و بڕی ٧ ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەمدەھێنن.
چوارچێوەی ھەمانگی شیعەکان رایگەیاندووە، بە دوودڵییەکی زۆرەوە دەڕواننە پێشھات و ڕوداوەکانی بەغداد، بە تایبەت دەستدرێژی کردنەسەر دامەزراوە دەستورییەکان و چوونە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، دواتر ھەڕەشەکردن بۆ ھێرشکردنە سەر دەزگای دادوەریی و دامودەزگای ئەمنییەکان.
داواشی لە لایەنەکان و جەماوەری عێراق کرد، دانبەخۆیاندا بگرن و خۆپیشاندانی ئاشتیانە ئەنجام بدەن، بۆ بەرگریکردن لە یاسا و دەستور، لە پێش ھەمووشیانەوە دەسەڵاتی دادوەریی و یاسا دانان.
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ئۆباڵی ڕەوشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە لە پێشت ئاڵۆزییەکانەوەن و دەڵێت، ئەو کارەیان ئاشتی کۆمەڵایەتی و شەرعییەتی دامەزراوە دەستوریەکان دەخاتە مەترسییەوە، کە بەلای ھەموو عێراقییەکانەوە ھێڵی سورن.
عێراقی لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، ئەگەر ویستان دەنگی خۆتان بگەیەنێن بە دەزگای دادوەریی عێراق، ڕازی نابین بە زیان گەیاندن بە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، دەشڵێت، دەستپاکی و سەربەخۆیی دەزگای دادوەریی داخوازی ئەوانە.
ھاوکات محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای لە خۆپیشاندەران کرد پارێزگاری لە ئەنجومەنەکە بکەن، داواشی لە پاسەوانانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بە چەکەوە جموجوڵ نەکەن.
ئەمڕۆ خۆپیشاندەران لە بەغداد چوونە ناوچەی سەوز و دواتریش چوونەوە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە و بە دەیان دروشمیان لە دژی دەسەڵاتدران دووپاتکردەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراقیش بڵاویکردەوە، لە کاتی دروستبوونی گرژی لە نێوان لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و ھێزە ئەمنییەکان لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز، ١٢٥ کەس برینداربوون کە لەو ژمارەیە ١٠٠یان خۆپیشاندەر و ٢٥ کەسیشیان لە ھێزە ئەمنییەکانن.
ساڵح محەمەد عێراقی، کە بە وەزیری سەدر ناسراوە، لە تویتێکدا داوای لە خۆپیشاندەران کرد، نەچنە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و رازی نابن بە زیان گەیاندن بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، داواشی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، پاڵپشتی خەڵک بکات لە پێناو کۆتایی ھێنان بە ئازارەکانیان لە گەندەڵی، ھاوکات نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە تویتەر رایگەیاند، نیگەرانن لە ئاڵۆزیی بارودۆخەکە و پێویستە بۆ پێشگرتن لە زیاتر تێکچوونی رەوشەکە پەنا بۆ لۆژیک و ژیریی ببرێت و ھەموو لایەنە سیاسییەکانیش پێویستە گرژییەکە خاو بکەنەوە.
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کاتێکی سەخت و ھەستیاردا دەژین و دانوستان چارەسەری ناکۆکییەکانە، راشیگەیاند، بەپشتبەستن بە دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ، بڕیاریاندا بە ھەڵپەساردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تا کاتێکی نادیا.
داواشی لە مستەفا کازمی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان کرد، رێکاری پێویست بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و خۆپیشاندەران بگرێتەبەر، داواشی لە ھەموو سەرکردە و لایەنە سیاسیەکان کرد بەپەلە دانوستانی نیشتمانی بکەن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا چوارچێوەی ھەماھەنگی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەوشی سیاسی عێراق، تیمێکی وتوێژکاریان پێکھێناوە، بۆ ئەوەی سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەن، بۆ تاوتوێکردنی چۆنێتی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا قسەکراوە دەربارەی شایستە و بەرکەوتە دەستورییەکانی ھێز و لایەنە یاسییەکان.
بڕیاریشە ھەر ئەمڕۆ تیمەکە دەست بەسەردان و گفتوگۆکانیان بکەن لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکاندا.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ھاوبەشە عێراقییەکان و دەستوەردان لە پێکھێنانی حکومەتی نوێدا ناکات و بە پرسێکی ناوخۆیی دەزانێت.
دووپاتیشیکردەوە، وڵاتەکەی مامەڵە لەگەڵ ھەر حکومەتێکی عێراقیدا دەکات، ئەگەر سەروەری وڵاتەکە و بەرژەوەندی گەلەکەی لە ئەجێندای کارنامەکەیدا بێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد دانبەخۆیاندا بگرن و لە خۆپیشاندانەکاندا پەنا بۆ توندتیژی نەبەن.
فازڵ جابر پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، ھاتنی ھەزاران کرێکاری بیانی بەبێ ڤیزا و وردبینی ئەمنی بەردەوامە، ئەوەش پێشێلکارییە و ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات، لەبەرئەوەی پاشخانی کرێکارە بیانییەکان نازانرێت، ئایا تیرۆریستن یاخود تۆمەتبارن و لە وڵاتەکانی خۆیان ھەڵھاتوون.
وتیشی، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراقدا ھەیە، ئەوەش دەرفەتی کاری لەناوخۆدا کەمکردووەتەوە کە وڵات پێوەی دەناڵێت و دەبێتە مایەی بردنە دەرەوەی دراوی قورس.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، حکومەت بەرپرسیارە لە مانەوەی کرێکارانی بیانی و بۆ پاراستنی ئاسایش و ئابوری وڵات پێویستە بەزووترین کات ئەو دۆسییە یەکلابکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بە وردی چاودێری ڕەوشی عێراق دەکات و جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ھێمنانە لە مافە بنەڕەتییەکانە و پێویستە ھەموو کات رێزی لێبگیرێت.
نەتەوەیەکگرتوەکان ڕاشیگەیاندوە، پێویستە سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەت ھەوڵبدەن گەرەنتی گردبوونەوەی ھێمنانە بکەن و دامەزراوەکانی دەوڵەت و نێردە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان بپارێزن و بە رێگەیەکی کارا و گونجاو لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان بکەن، بە گەرەنتی ڕێزگرتنی تەواو لە مافەکانی مرۆڤ.