د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا کارنامەی ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی نوێی ئەمریکای لە عێراق وەرگرت و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەجێبەجێکردنی کارەکانیدا، بەجۆرێک ببێتە مایەی بەھێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و ھەماھەنگی زیاتری نێوان بەغدا و واشنتن.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی نوێی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە کارکردن لە عێراقدا، ھەروەھا پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە پشتیوانکردن لە ئاسایشی عێراق و ئارامی و خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیانی عێراق دووپاتکردەوە، ھاوکات جەختیکردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراقدا لە بوارە جیاوازەکاندا.
د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، لە سەرتاسەری عێراق ١٢٠ حاڵەتی تووشبوونیان بە تای خوێنبەربوون تۆمارکردووە، کە ٢٠ کەسیان گیانیان لە دەستداوە.
دوای تۆمارکردنی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون، وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق، ژمارەیەک ڕێکاریان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری گرتووەتەبەر، لە ھەرێمی کوردستانیش چەند ڕێکارێک بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە گرتووەتەبەر، کە تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان دوو حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە.
لیژنەی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکردووە، بەھۆی کەمی ئاو و پاشەکشەی کەرتی کشتوکاڵ و، کەمتەرخەمی دەوڵەت، کۆچێکی ئاشکرا ھەیە لە ناوچە کشتوکاڵییەکانەوە بۆ ناوشارەکان.
بە وتەی لیژنەکە حکومەت ھیچ بایەخێکی ئەوتۆ نادات بە زیندووکردنەوەی کەرتی کشتوکاڵ، کە لە دوای سامانی نەوت بە گرنگترین سامانی نیشتمانی دادەنرێت و، زیاتر لە ٦٥%ی دانیشتوانی عێراق پێکدەھێنێت.
ڕوونیشیکردووەتەوە، کەمبوونەوەی ئاوی ڕوبارە سەرەکییەکانی عێراق، جۆرێک لە دیاردەی ھەرەسھێنان ڕوویکردووەتە سامانی ئاژەڵی و ماسی.
لیژنەی کشتوکاڵ جەختدەکاتەوە، ئەگەر ڕێگە نەدرێت بە تێپەڕاندنی یاسای ئاسایشی خۆراک، بێ دوو دڵی شۆڕشی برسییەکان لە عێراق ڕوودەدات، چونکە ھیچ بودجەیەکی پێوست نییە بۆ کەرتی کشتوکاڵ.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزیری نەوت لەم دواییانەدا لە لەندەن و پاریس لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی باڵای وەزارەتی وزە و ئابووری فەرەنسا لە لەندەن و پاریس کۆبووەوە و پلانی نوێی خستۆتە ڕوو بۆ وەبەرھێنان لە کەرتەکانی نەوت و گاز و وزە.
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە پاریس، کاترین کۆڵۆنای وەزیری نوێی دەرەوەی فەرەنسا و ئیحسان ئیسماعیل وەزیری نەوتی عێراق جەختیان لە گرنگی بەھێزکردنی ھاوکارییەکانی نێوان فەرەنسا و عێراق لە بوارە جیاجیاکانی وزە کردەوە.
لە سەردانەکەیدا بۆ پاریس، وەزیری نەوتی عێراق باسی لە ناکۆکی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد کرد لەسەر ھەناردەی نەوت و غاز، و وتی دەیانەوێت چاو بەو گرێبەستانەدا بخشێننەوە کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم واژۆیان کردووە.
وەزیری نەوتی عێراق لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی باڵای کۆمپانیای "بی پی" رایگەیاند، "پڕۆژەی گەورەمان ھەیە، پلانەکانمان لە بواری وزەی پاک بەردەوامە، ھەروەھا بی پی یەکێکە لە گرنگترین ھاوبەشەکانی عێراق، ئەوانیش ئامادەن بۆ بەرھەمھێنانی زیاتری نەوت و وەبەرھێنان لە بواری وزەی پاکدا، و وڵاتەکەمان بەم ئاراستەیەدا کراوەیە و پلانی گەورەمان ھەیە کە خراوەتە سەر کاغەز".
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق گرێبەستی لەگەڵ "سکاتێک"ی نەرویجی و "پاوەر چین"ی چینی و مەسداری ئیماراتی و "ئەکوا پاوەر"ی سعودی ئەنجامداوە، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە، بەو پێیەی عێراق بەنیازە بگاتە ئاستی ٢٠%ی بەرھەمھێنانی وزە لە وڵاتدا.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە پاریس لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "تۆتال"، "پاتریک پویان"، گفتوگۆیان کردووە، سەبارەت بە پلانەکان، ھەلی کار و ھاوکاری ھاوبەش لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە کەرتی نەوت و وزە، ھەروەھا رێککەوتن لەسەر کاتی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ھاوبەش، کە بریتین لە پڕۆژەی وەبەرھێنانی غاز لە ژمارەیەک کێڵگەدا. ”کێڵگەی نەوت لە باشووری عێراق، پڕۆژەی وزەی خۆر، پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی ئارتاوی (باشوور) و زیادکردنی بەرھەمھێنان".
وەزیری نەوتی عێراق رۆژی چوارشەممەی رابردوو بە سەردانێکی ٤ رۆژە گەیشتە پاریس و لەو ماوەیەدا بەدوای وەبەرھێنانی نوێدا دەگەڕێت لە چالاکییەکانی وزەی وڵاتەکەیدا.
وەفدێکی ئێران، بە سەرۆکایەتیی عەلی سەلاجوقە جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، گەیشتنە بەغداد و لەبارەی پرسی خۆڵبارین و ھەماھەنگییە ژینگەییەکانی نێوان تاران و بەغداد گفتوگۆ دەکەن.
عەلی سەلاجوقە سەرۆکی وەفدەکە رایگەیاند، عێراق یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی خۆڵبارین، کە کاریگەرییان لەسەر ئێران ھەیە، وتیشی، ھەرچەندە خۆڵبارین ئەنجامی پڕۆسەیەکی درێژخایانە، بەڵام ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەدەن لە ماوەیەکی گونجاودا.
لەبارەی سەردانەکەوە وەزارەتی ژینگەی عێراقیش رایگەیاند، ئامانجی سەردانی وەفدی ئێران بۆ بەغداد، زیادکردنی ھەماھەنگییەکانیانە لە بواری ژینگەیی و ئامادەکاریش دەکەن بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێک لە بواری ھاوکاریی ژینگەیی لەگەڵ ئێران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، بە فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦، دوو بۆردوومان ئاڕاستەی تیرۆریستانی داعش کراوە لە ناوچەی "زرلوک" لە چیای حەمرین و بەھۆیەوە سێ تیرۆریستی داعش کوژراون و تیرۆریستێکی تر برینداربووە.
راشیگەیاند ، بۆردوومانەکە بە سەرپەرشتی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان و بە کۆکردنەوەی زانیارییە ھەواڵگیرییەکان لە دەزگای ھەواڵگیری عێراق ئەنجامدراوە.
ئەو کەسانە لە داواکەیاندا، کە لەڕێگەی پارێزەرەوە تۆماریان کردووە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیان وەک داوا لەسەر کراو تۆمار کردووە، بە مەبەستی پابەندکردنیان وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردن لەمساڵدا.
داواکە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی دەستوری عێراق دەبێت لە ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە ھەڵبژاردن ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی نوێی عێراق پێکنەھێندراوە.
بە گوێرەی مادەی ٦٤ی دەستور، دوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆک کۆمار لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا داوای ھەڵبژاردنی گشتی دەکات، لەو کاتەشدا ئەنجومەنی وەزیران بە ھەڵوەشاوە دادەندرێت، بەڵام کاری ڕۆژانەی دەوڵەت بەڕێوە دەبات، نابێت ئەو ماوەیەش لە ٣٠ ڕۆژ تێپەڕ بکات.
لێپرسراوانی باڵای سەرایا سەلام دەڵێن ئامانج لەو ھەنگاوە بەرگریکردنە لە پەیامی سەدر و دەرگای ناونیشینیش بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بتوانن پەیوەندی بکەن.
چاودێرانی ئەمنی پێیان وایە ئەو ھەنگاوەی موقتەدا سەدر، ڕەھەندی سیاسی و ئەمنی ھەیە و، سەدر ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، ئەگەر پەراوێز بخرێت لە کاتی پێکھێنانی حکومەتدا.
سێ ڕەوتی چەکدار لە ژێر دەسەڵاتی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر کار دەکەن، کە بریتین لە سەرایا سەلام و لیوای یەومول مەوعود و سوپای مەھدی، ئەو ھێزانەش خاوەنی چەکی سوک و مامناوەند و قورسن و لە سەرجەم شارەکانی ناوەڕاست و باشور بڵاوەیان پێکراوە.
عەباس زاملی سەرۆکی کوتلەی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕەسمی حکومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکی نوێ، لە پێناو نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان، دەستپێشخەریەکەشیان جیاواز دەبێت لەوانەی پێشتر کە ڕایگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستپێشخەرییە نوێیەکەیان تواندنەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ڕەوتی سەدرە لە یەک بۆتەدا و پشکی شێریش بەر کوتلەی سەدر دەکەوێت، بەو پێیەی گەورەترین کوتلەی سەرکەوتووی ھەڵبژاردنەکانە.
ڕوونیشکردەوە، لە دوای ھەڵبژاردنەکانەوە سەرجەم کوتلە سیاسییەکان کاتی پێویستیان وەرگرت بۆ ئەوەی تاوتوێ و ڕاگۆڕینەوە ھەبێت، بۆیە ئێستا کاتی پەلەکردنە لە جێبەجێکردنی ھاوپەیمانییەکان و پێکھێنانی حکومەت، چونکە دواکەوتنی لە بەرژەوەندیی عێراق و پڕۆسەی سیاسیش نییە.
موقتەدا سەدر لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت، دوای پەسەندکردنی یاسای بە تاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل، پێویستە لەسەر ئەنجومەنی نوێنەران، بێ ھیچ موزایەدەیەکی حزبی و تایەفی نەتەوەیی، یاسای ئاسایشی خۆراک پەسەند بکات و دووری بخاتەوە لە سێبەری گەندەڵکاران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرباری ڕێگرییەکان، ھیوای بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، کە توانای خۆی نیشان بدات بۆ پەسەندکردنی یاساکە.
موقتەدا سەدر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ھاشتاگی لە بەردەم دەستەواژەی، ئەنجومەنی نوێنەران داناوە و وتوویەتی سەرباری ھەوڵەکان بۆ ڕێگری و بەرتەسککردنەوە، بەڵام ھەوڵەکانی ئەنجومەنەکە بەردەوامە.
ھەیسەم عوبەیدی، بەڕێوەبەری پەرەپێدانی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ڕایگەیاند، نوێترین ئاماری ژمارەی تووشبووان بە تای خوێنبەربوون، لە نێوان ١٠٠ تووشبوو یان کەمێک زیاتردایە.
وتیشی، ڕەوشەکە جێگەی نیگەرانییە بۆ ئەو کەسانەی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەن یان گۆشتفرۆشن و پێویستە ئەو کەسانە و ھەموو ھاووڵاتیان پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بن.
ھەفتەی ڕابردوو د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، ٩٠ کەس لە سەرتاسەری عێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوون، کە ١٨ تووشبوویان گیانیان لە دەستداوە.
راشیگەیاندوە، لەسەرەتا ھەفتەی داھاتووش پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، شەپۆلێکی گەرما ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەگرێتەوە.
ئەو کەشناسە عێراقیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پیشبینییەکان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە، چونکە چڕی و ناوچەکانی بارانبارین ناتوانرێت بە ماوەیەکی زۆر پێش شەپۆلەکە پێشبینی بکرێت.
"ماجد عەدنان"بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی عێراق راگەیاند، لە ھەوڵدان بۆئەوەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بە ستانداردی جیھانی دەربکەن، بڕیارە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ رێکارەکان بگیرێتەبەر، ئەوەش یەکەم ھەنگاوە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھاووڵاتیان ناچارناکرێن پاسپۆرتەکانیان بگۆڕن، بەڵکو ھەردوو پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و کاغەزی بەشێوەیەکی ئاسایی بەکاردەھێنرێن و ھیچ کێشەیەک دروست ناکات، تادەستەی فڕۆکەوانی جیھانی داوانەکات کارکردن بە پاسپۆرتی کاغەزی رابگیرێت، ھاووڵاتی دەتوانێت بەردەوام بێت لەبەکارھێنانی پاسپۆرتی کاغەزی.
ھەیسەم جبوری ڕاوێژکاری ھونەری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ھەر کاتێک ئەنجومەنی نوێنەران داوای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ بکات حکومەت ئامادەیە ڕەوانەی بکات.
جبوری وتیشی، ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ماوەی دوو ھەفتەی پێویستە.
بە وتەی ئەو ڕاوژێژکارەی کازمی، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ڕوونە لە بارەی بودجە کە حکومەتی ئێستا ناتوانێت ڕەوانەی بکات، بەڵام دەکرێت بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران بودجە ڕەوانە بکرێت بە جۆرێک پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی نەبێت.
حەسەن عەزاری سەرۆکی کوتلەی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، ڕێوشوێنەکانی ڕەشنوسی پرۆژە یاسای بە تاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل تەواو بووە و لیژنەی یاسایی بە کۆی دەنگ پەسەندی کردووە، بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی.
پێشتر فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجەمەنی نوێنەرانی عێراق خشتەی کاری دانیشتنی ئەنجومەنەکەی بڵاوکردەوە، کە دەنگدان دەکرێت لەسەر پرۆژە یاسای بە تاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و چەند گفتوگۆیەکی گشتی.