بانکی ناوەندی عێراق پلاتفۆڕمی نوێی کارکردنی بۆ حەواڵەکردنی دراوی بیانی کاراکرد
کوردسات نیوز
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
بانکی ناوەندی عێراقی نوسراوێکی ئاڕاستەی ھەموو وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکان کردووە و ئاگاداری کردونەتەوە لە ئێستادا پلاتفۆرمی ئەلکترۆنی حەواڵەکردنی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی کارا کراوە، داوا دەکات کار بە سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ حەواڵەی دەرەکی بکەن.
راشیگەیاندوە، ئامادەیە ھەموو پێویستی وەزارەتەکان دابین بکات بۆ پارەدارکردنی پابەندییەکانیان لە گرێبەست و مامەڵەکان لەگەڵ دەرەوە بە دراوی بیانی و بە نرخی رەسمی حکومی، وەزارەتەکانیش دەتوانن لەڕێگەی ئەو بانکانەی ھەژماریان تێدا کردوەتەوە داواکاری وەرگرتنی دۆلار بکەن.
ھاوکات پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لەگەڵ سەرۆکی دەستەی کارگێڕی و بەڕێوەبەری ڕاسپێردراوی ژمارەیەک بانک و کۆمپانیای ئاڵوگۆڕکردن کۆبووەوە بۆ دیاریکردنی ئەولەویەتەکانی کارکردن، داوای لەو کەسانەش کرد کە لە کەرتی بانکیدا کاردەکەن، بە پێی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی لە دروستکردنی کەرتی بانکی ڕاستەقینەدا کارەکانیان باشتر بکەن و خزمەت بە کڕیارەکانیان بکەن.