
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رونکردنەوەیەکی لە بارەی دەستلەکارکێشانەوە بە کۆمەڵەکەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، بە پێی دەستوری ھەمیشەیی عێراق، تەنھا لە رێگەی پێشکەشکردنی داواکارییەکەوە پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە تائێستا لەناو ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەیان نەدراوە.
لە ماوەی رابردودا دوای درێژەکێشانی چەقبەستویی سیاسی و نەگەیشتنە رێکەوتن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بە فەرمانی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، سەرجەم پەرلەمانتارانی سەر بەو رەوتە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستیانلەکارکێشایەوە.
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە چوارچێوەی ھەماھەنگی پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیووە و لەگەڵ داواکارییەکانیاندا بووە، بەڵام روودەدات بانگەشەیە بۆ کودەتا بەسەر دەستوور و یاسا و گەل و دەوڵەت و دامەزراوەکان و پرۆسەی سیاسیدا، ئەوەش عێراق دەگەیەنێتە قۆناغێکی مەترسیدار، بۆیە جارێکی تر داوای دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان دەکەن بۆ دەربازبوون لە قەیران و ئاڵۆزییەکان.
ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە رایگەیاند، داوا لە خۆپیشاندەران دەکەن زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ شێوازی خۆپیشاندانەکان بکەن و رێگە بە ھیچ جۆرە توندوتیژییەک نەدەن، چونکە زانیارییان ھەیە چەند لایەنێک کار بۆ ئەوە دەکەن ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژی بگۆڕن.
وەزارەتی بەرگری عێراقیش دەڵێت ئەرکی ھێزە ئەمنییەکان پاراستنی خۆپیشاندەران و موڵک و سامانی گشتی و تایبەتە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیش دەڵێت دەزگای سەربازیی و ئەمنی بەھیچ شێوەیەک دەست لەکاروباری سیاسی وەرنادات.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق بڵاویکردەوە، لە مانگی تەمووزی رابردوودا سێ ھەزار و ٧٧ رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون کە چواریان تەنھا لە ماوەی یەک سەعاتدا بوون.
بەھۆی ڕووداوەکانیشەوە ١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەرگری شارستانی عێراق راشیگەیاند، ٤٧%ی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەھۆی شۆڕتی کارەباوە بوون، ھەوڵەکانیشیان چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کەمبکەنەوە و داواشی لە ھاووڵاتیان کرد ھەماھەنگییان لەگەڵ بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی رووداوەکان بە زووترین کات.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ١٠ رێنمایی بۆ خۆپیشاندەران دەرکردووە و دەڵێت ئاساییە رێوڕەسمی حسێنی ئەنجام بدەن، بەڵام باشترە لە دەرەوەی بینای ئەنجومەنی نوێنەران بێت و بەشێوەیەک نەبێت ھەندێک بە تایفەگەری بزانن، بۆ مانەوەش نابێت ھیچ جۆرە بینا و دیوارێک دروست بکرێت و پێویستە پشت بەو کابینانە ببەسترێت کە بە ئاسانی دەگوازرێنەوە، پێویستیشە ھەموو خۆپیشاندەران پابەند بن بە پاراستنی پاک و خاوێنی لەگەڵ بڵاونەکردنەوەی راگەیەندراو و پەیامی تاکەکەسی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە خۆپیشاندەران بەبێ بەکارھێنانی چەک لیژنەی خزمەتگوزاری و پاسەوانی پێکبھێنن و پێدەچێت نوێژی ھەینیش لە گۆڕەپانی ئاھەنگەکان ئەنجام بدرێت، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ھەستی ئەو کەسانەش کە سەر بە رەوتی سەدر نین بۆئەوەی ببنە پشتیوانی خۆپیشاندەران و لە دژیان نەبن و خۆپیشاندەرانیش ھاوکار و پشتیوانی ھێزە ئەمنییەکان بن و موڵکی گشتی و تایبەت بپارێزن و لە شوێنی نیشتەجێبوونی ھاوڵاتیان نزیک نەبنەوە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند ، عێراق دراوسێیەکیی گرنگە و بە وردی چاودێری رەوش و دوایین پیشھاتەکانی وڵاتەکە دەکەن و ئاسایشەکەی بە ئاسایشی خۆیان دەزانن، بەڵام ئەوەی ئێستا روو دەدات بابەتێکی ناوخۆییە و حزب و لایەنە سیاسییەکان دەتوانن چارەسەری رەوشەکە بکەن و تێی بپەرێنن.
دوپاتیشیکردۆتەوە کە ئێران بە ھیچ شێوەیەک دەست لەکاروباری ناوخۆی عێراق وەرنادات ، لەگەڵ ئەوەشدایە کە لە رێی دانوستانەکانەوە ئاڵۆزییەکان چارەسەر بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی سێ رۆژە لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە بەغداد خۆپیشاندانیان دەستپێکردووەوە و چوونەوە سەر باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و مانگرتنیان راگەیاندووە.
پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، چەند زانیارییەک بڵاوکراونەتەوە و ھەندێک دەڵێن پەرلەمانتارانی سەربەخۆ پشتیوانی موقتەدا سەدر دەکەن و ھەندێکی دیکەش دەڵێن پشتیوانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان دەکەن کە دوو لایەنی دژ بەیەکن لە پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا.
راشیانگەیاندووە، سەرجەم ئەو زانیارییانە دوورن لە راستییەوە و ھیچ بنەمایەکیان نییە، چونکە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ تەنھا لەگەڵ ئەو دەستپێشخەریی و پێشنیازانەن کە ئامانجێکی راستەقینەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان و دەربازکردنی عێراق لەو قۆناغە ھەستیار و مەترسیدارەی تێیکەوتووە، نەک لایەن و ھێزێکی دیاریکراو.
دوای ئەوەی ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح کە بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند پێویستە رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی دان بەخۆیاندا بگرن و بەرژوەندی عێراق بخەنە پێش ھەموو بەرژوەندییەکانەوە و بەگفتوگۆ چارەسەری ناکۆکییەکان بکەن، ئەحمەد موتەیری سەرۆکی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر وەڵامی عامری دایەوە و رایگەیاند، ئەوان بە باشی بیر لە عامری دەکەنەوە و بە داواکارییەکەشیدا تێدەگەن کە ئەو نەک ھەر بەشێک نییە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، بەڵکو روح و لوتکەی چوارچێوەیە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، تائێستا رەوتی سەدر داوای خوێنڕشتن و پشێوی و ئاڵۆزی نەکردووە و پێویستە ئەو داواکارییەش ئاراستەی چوارچێوەی ھەماھەنگی بکات، جەختیشیکردووە، پێویستە ھادی عامری سەیری گوتاری سیاسی ھاوپەیمانەکانی بکات لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، لەو رێگەیەشەوە یان دەبێت دەستلەکاربکێشێتەوە و لێیان دور بکەوێتەوە، یان دەبێت بەشێک بێت لە چوارچێوەی ئەو فیتنە و ئاژاوەیەی کە چوارچێوەی ھەماھەنگی داوای دەکات.
(فازڵ زریجاوی) ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، زۆر لایەن ھەیە لە عێراق تائێستاش کار بۆ ئەوە دەکەن (مستەفا کازمی) لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، سیاسەت و ھەڵسوکەوتی رۆژانەی خودی کازمیش تەنھا بۆ ئەوەیە پشتیوانی چەند لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بەدەستبھێنێت بە مەبەستی مانەوە لە پۆستی سەرۆک وەزیران کەئەوەش ھێندەی تر قەیرانەکان ئاڵۆزتر دەکات، بەتایبەتی کە بەشێک لە لایەنەکان بە باشی دەزانن کەسێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێت.
وتیشی، ئەوەی ئێستا لە ناوچەی سەوز لە بەغداد رودەدات، راستەوخۆ کازمی لە پشتێتی، چونکە ئەگەر ئەو رێگەی نەدایە و دەرگای بۆ نەکردنایەتەوە، بەھیچ شێوەیەک خۆپیشاندەران نەدەگەیشتنە ناوچەی سەوز و نەیاندەتوانی بچنە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانەوە و بە تەواوی دەستی بەسەردا بگرن.
کەشناسی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە رۆژی چوارشەممەوە تەواوی عێراق دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بە شێوەیەک پلەکانی گەرما دەگەنە سەروو ٥٠ پلەی سیلیزی لە بەشێک لە شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق و گەرماکەش بۆ چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.
بە پێی پێشبینییەکان، پێدەچێت شەپۆلی گەرماکە شارەکانی ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند لە رۆژانی ٤ بۆ ٨ی ئەم مانگە چەند ناوچەیەکی دەریایی لە کەناراوەکانی ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە نزیکەی بنکەی ئاسمانی (فاندنبێرگ) دادەخەن بە مەبەستی تاقیکردنەوەی سێ بۆ چوار مووشەکی بالیستی پێشکەوتوو لە جۆری (مینیوتیمان٣) تاقی دەکەنەوە کە توانی ھەڵگرتنی چەند کڵاوەیەکی ئەتۆمییان ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو مووشەکە بالیستییانە توانی بڕینی ١٢ ھەزار کلیۆمەتر و پێکانی ئامانجەکانیان ھەیە بەشێوەیەکی زۆر ورد، ئاشکراشیکردووە، ئێستا ئەمریکا ٤٠٠ موشەکی لەو جۆرەی ھەیە.
بە دروشمی بەرگریکردن لە دەوڵەت و دامەزراوە شەرعییەکان لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغداد دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و لەکاتی ھەوڵدان بۆ چوونە ناو ناوچەی سەوز لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان رووبەرووی یەکتربوونەوە و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە ئاوپرژێن بۆ دوورخستنەوەیان بەکارھێنراو خۆپیشاندەرێک برینداربوو.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەستیانکردووە بە ھەڵدانی خێمە لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز، ھاوکات قەیس خەز عەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق پەیامێکی ئاراستەی خۆپیشاندەران کردوو داوای لێکردن نەچنە ناوچەی سەوز، وتیشی خۆپیشاندانەکەیان لەپێناو عێراق و گەل و دامەزراوەکانییەتی.
لایەنگرانی رەوتی سەدریش کە ماوەی سێ رۆژە لەناو ھۆڵی ئەنجومەنی نوێنەراندان، بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایی و لەسەر داوای رەوتی سەدر لە موسڵ و دیالە و میسان و چەند شارێکی تر خۆپیشاندان رێکخرا.
ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیرەکەی موقتەدا سەدر ناسراوە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە کۆتایی بە مانگرتن دەھێنن و لەبینای ئەنجومەنی نوێنەران و ناوچەی سەوز بەشێوەیەکی کاتی دەکشێنەوە تاکو دانووستانی لایەنە سیاسییەکان دەگاتە دەرئەنجامێک بۆ چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.
وەزیرەکەی سەدر داوای لە خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی تر کرد تاکو نوێژی ئێوارە لە شوێنەکانیان بمێننەوە و دواتریش چاوەڕێی رێنمایی بن.
ھەروەھا شانەی راگەیاندنی ئەمنیش بڵاویکردەوە، ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەستوەردان لە کاروباری سیاسی ناکەن و لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکاندان.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە خۆپیشاندەرانی عێراقی ڕاگەیاند، پەیامەکەتان ڕوونە و پابەندبوونتان بە ھێمنییەوە جێگەی ڕێزە.
ڕاشیگەیاند، لەپێناو خەڵک و بەرژەوەندی وڵات، کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی نیشتمانییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ھێزە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی و یاسایی لەئەستۆ بگرن، حکومەتی کاربەڕێکەریش ھەموو ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە، دواکەوتنی حکومەتی نوێش پێشێلکاری دەستورییە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، عێراق دووچاری قەیرانێکی سیاسی گەورە بووەتەوە، ئەگەر عاقڵمەندان دەستوەردان نەکەن، وڵاتەکە ڕووبەڕووی چارەنووسێکی مەترسیدار دەبێتەوە.
جەختیشیکردەوە، ڕەوشەکە پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست ھەیە، بۆ ئەوەی پارێزگاری بکرێت لە ئاسایش و ڕێگریکردن لە ڕژانی خوێنی عێراقییەکان.
لە کۆتایی پەپامەکەیدا کازمی، داوای لە خۆپیشاندەران کرد، ھاوکاریی ھێزە ئەمنییەکان بکەن و دامەزراوەکانی دەوڵەت چۆڵ بکەن.
بەشێک لە خۆپیشاندەران لە دەوروبەری باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران خێوەتیان ھەڵداوە و مانگرتنیان راگەیاندووە، بەشێکی تریش لەناو باڵەخانەکە ماونەتەوە، بەپێی ھەندێک وێنە و ڤیدیۆ کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، شەوی رابردوو خۆپیشاندەران لەسەر کورسی پەرلەمانتاران و ناو ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران خەوتوون.
رۆژی شەممە لایەنگرانی رەوتی سەدر بەربەستە کۆنکرێتییەکانی دەروازەکانی ناوچەی سەوزیان لە بەغداد بڕی و چوونە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش، بەھۆی دروستبوونی گرژییەوە ١٢٥ کەس برینداربوون، کە ٢٥ کەسیان ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانن.
نەبیلە مەسراڵی وتەبێژی یەکێتی ئەورپا بۆ سیاسەتی دەرەوە لە راگەیەندراوێکدا داوای لەسەرجەم لایەنە عێراقییەکان کرد، دان بە خۆیاندا بگرن و ڕێگری بکەن لە دروستبونی توندوتیژی زیاتر، راشیگەیاند، پێویستە لایەنەکان لەڕێی دیالۆگی سیاسییەوە و لە چوارچێوەی دەستوردا ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.
مەسراڵی جەختیشیکردەوە لەوەی کە پێویستە ڕێز لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بگیرێت و خۆپیشاندەرانیش ڕێز لە یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرن .