رۆژی دووشەممە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەکەنەوە
هادی
٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
سروە محەمەد ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تاکو ئێستا سەرۆکایەتیی لیژنەکان جێگیر نەکراون و لەلایەن بە تەمەنترین پەرلەمانتارەوە سەرۆکایەتی دەکرێن و دوای کشانەوەی رەوتی سەدریش ئەندامانی جێگرەوە بۆ لیژنەکان دەستبەکار نەبوون.
وتیشی، لە وەرزی نوێی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران کار بۆ پڕکردنەوەی سەرۆکایەتیی لیژنەکان دەکرێت، بەڵام مەرج نییە لە یەکەمین کۆبوونەوەدا ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە تاکو ئێستا لایەنەکان رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەی سەرۆکایەتیی لیژنەکان نەکردووە.
بە وتەی سروە محەمەد، سەرۆکایەتیی لیژنەکان بەپێی رێژەی کورسی لایەنەکان دیاری دەکرێت و رەنگە لایەنە کوردییەکان لەکۆی ٢٥ لیژنەی ھەمیشەیی سەرۆکایەتیی ٥ بۆ ٦ لیژنەیان بەربکەوێت.
ھاوکات ئیبتیسام ھیلالی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بڕیاروایە رۆژی دووشەممە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێبکەنەوە و رێککەوتنی سەرەتایی کراوە لە نێوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، بۆ پڕکردنەوەی سەرۆکایەتیی لیژنەکان.