دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست و باوەڕپێکراو، بۆیان دەرکەوتووە زۆرترین گەندەڵی ھەیە لە گرێبەستەکانی تایبەت بە دابینکردنی خۆراک بۆ گرتووخانەکانی عێراق، راشیگەیاندووە، لیژنەیەکی تایبەتیان پێکھێناوە بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم راستییەکانی تایبەت بەو دۆسێیە.
دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێت، لیژنەکە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت سەردانی سەرجەم ئەو دامەزراوانە دەکات کە پەیوەندییان بەگرێبەستەکانی تایبەت بە دابینکردنی خۆراک بۆ گرتووخانەکان ھەیە، جەختیشیکردووەتەوە، بەپێی زانیاری و بەڵگەکان ئەو خۆراکانەی لە گرتووخانەکان دەدرێنە بەندکراوان، لەئاستی ئەو پارەیە نییە کە حکومەت بۆ ئەو مەبەستە خەرجی دەکات.
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆژەیاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ کار، لەلایەن لیژنەی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و بەھاوکاری کەسانی پسپۆڕ و شارەزایان بەشێوەیەکی زۆر ورد داڕێژراوە و کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ھەژاریی و خزمەتکردنی کەسانی کەمدەرامەت.
راشیگەیاندووە، ئەگەر ئەو پرۆژەیاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کێشەی بۆ دروست نەبێت و وەک خۆی پەسەند بکرێت، زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار ھەلی کار بۆ گەنجان و بێکاران دەڕەخسێنێت.
ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکان بەھۆی خراپی کەش و ھەوا و کەمبوونەوەی ئاستی بینین راگیراوە، چونکە تەمێکی زۆر لە ئاسمانی بەغداد دروسا بووە.
ئیدارەی فڕۆکەخانەکە لە راگەیەندراوەکەدا باسی لەوە کردووە، لە سەعات سێی بەیانی ئەمڕۆوە ئاستی بینین گەیشتووەتە ٤٠٠ مەتر، ھەر بۆیە گەشتەکان بەشێوەیەکی کاتی راگیراون.
ئەسیر غەریری بە ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی سورە لەسەر دابینکردنی یەدەگی ستراتیژی لەرێگەی دابینکردنی ئارد و ماددەکانی سەبەتەی خۆراک.
وتیشی زیادکردنی ماددەکانی بەشەخۆراک چینی ھەژار و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، لیژنەیەکی تایبەتمەند کار لەسەر ئەو پرسە دەکات و راسپاردە لەو بارەیەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرزدەکاتەوە.
وەزیری بازرگانی عێراق جەختیکردەوە بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانە بەردەوام دەبێت کە موچەکانیان زیاترە لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار.
دەشڵێت دابەشکردنی بەشەخۆراک ھاوسەنگی و سەقامگیریی لە نرخی خۆراک لە بازاڕەکان دروستکردووە و بەردەوام بوونیشی رێگری دەکات لەبەرزبوونەوەی نرخ.
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ "فاو" راپۆرتێکی لەسەر برسێتی و ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نیشانەکانی برسێتی لەماوەی ساڵەکانی "٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و٢٠٢١" کەمی کردووە و گەیشتووەتە ١٥.٩% لە کاتێکدا پێشوتر لە ١٧.٤% بووە.
"فاو" دەڵێت، سەرباری ئەو کەمبوونەوەیە، بەڵام ھێشتا رێژەی برسێتی لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی تر بەرزە، چونکە لە ئێران رێژەی برسێتی ٤.١% لە تورکیا ٢.٥% و لە سعودیە٣.٧ و کوەیت ٢.٧%.
زریجاوی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، محەمەد شیاع سودانی لە سەرەتاوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رێککەوتووە بۆ گۆڕینی ھەر وەزیرێک ئەگەر سەرکەوتوو نەبێت لە ئەرکەکەیدا بە راوێژ لەگەڵ ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت.
رونیشیکردەوە، سودانی لەم ماوەیەدا دەتوانێت ھەر وەزیرێک لە حکومەتەکەی بگۆڕێت ئەگەر بڕوای بە رۆڵی ئەو وەزیرە نەبێت، لەبەرئەوەی سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی تەواوەتی ھەیە و ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش خواستێکی زۆری ھەیە حکومەتەکەی سودانی سەرکەوتوو بێت و ئەو تاقیکردنەوە سەختە تێپەڕێنێت.
لیوا خالید محنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر شێوازی جیاواز دەگرنەبەر بۆ قاچاخچێتی و ھێنانی ماددەی ھۆشبەر بۆ ناو وڵات، وەک بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفرۆکەوان و شاردنەوەی لە نێو کەلوپەل.
رونیشیکردەوە، ئەو ماددە ھۆشبەرەی دەھێنرێتە ناو وڵات لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون بازرگانی پێوە دەکرێت، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە ١٤ ھەزار کەس بە تۆمەتی بارزگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون.
جەختیشی کردەوە، ماددەی ھۆشبەر بووەتە ھەڕەشە و پێویستی بە ھەوڵی جدییە بۆ کۆنترۆڵکردنی.
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەمساڵدا چوار ھەزار و ٥٠٠ بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر چارەسەریان بۆکراوە کە زۆرینەیان تەمەنییان لە نێوان ١٥ بۆ ٣٠ ساڵدایە.
عەلی محەمەد بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکرد، لە چوارچێوەی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران، دەستەکەیان توانیویەتی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لەسەر نۆ ھەزار و ٥٥٧ تۆمەت، لێکۆڵینەوە لەگەڵ حەوت ھەزار و ٧٣٩ تۆمەتبار بکات کە لە نێویاندا ٣٩ وەزیر ھەیە.
ھاوکات ٥٠ فەرمانی دادوەری بۆ ٤٧ دۆسیەی تاوانکاری دەرچووە.
رونیشیکردەوە، لە ٣٧١ دۆسیەی تاوانکاری ٤٠٣ فەرمان بۆ ٢٤١ تاوانباری خاوەن پلەی تایبەت و دوو بەڕێوەبەری گشتی و پلەداری تر دەرچووە و پێداچوونەوەش کراوە بۆ ٣٤ ھەزار و ٢٠٩ ھەواڵ و ئاگادارینامەی دادوەری.
بەپێی راگەیەندراوێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوایەکیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردوە بۆئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی پەلە بکەن لە کۆتایی ھێنان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق و رەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە ژمارەیەکی زۆر پرۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ھاوڵاتیانەوە ھەیە، بەھۆی نەبوونی بودجەوە راگیراون.
ئاژماژەی بەوەشکردووە، تائێستا ھیچ وادەیەکی رەسمی دیاری نەکراوە بەمەبەستی رەوانەکردنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئاگادارن کە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بەزوترین کات، کۆتایی بە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ بھێنن و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکەن.
٣٠ پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیازە یاسایەک سەبارەت بە سزای بانگەشەکردن بۆ ھاوڕەگەزخوازی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، بە پێی پێشنیازەیاساکەش ئەو کەسەی بانگەشە بۆ ھاوڕەگەزخوازی دەکات، ئەگەر ھاووڵاتی ئاسایی بێت سزاکەی لە نێوان ملیۆنێک دینار تا ھەشت ملیۆن دینار دەبێت، ئەگەر بەرپرس یان فەرمانبەری حکومەت بوو، ئەوا سزاکەی لەنێوان ٥ ملیۆن بۆ ١٥ ملیۆن دینار دەبێت.
لە بەشێی تری پێشنیازە یاساکەدا ھاتووە، ھەر فەرمانگەیەکی حکومی یان کۆمپانیا، یان رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی بانگەشە بکات، ئەوا سزاکەیان قورستر دەبێت، لە ٨ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تا ٢٤ ملیۆن دینار.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، چوار مووشەک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی تورکیا لە سنوری ناحیەی زێلکان کرا، موشەکەکان لە گەڕەکی سەماح لەلای چەپی شاری موسڵ ئاڕاستە کراون، بەپێی زانیارییەکان یەکێک لە مووشەکەکان لە نزیک گوندێک کەتەوەتە خوارەوە.
وتیشی، بەو ھۆیەشەوە کارەبای سەربازگەکە کوژراوەتەوە، بەڵام بەھۆی بوونی تەمێکی زۆر و رەوشی کەشوھەوای ناوچەکە تا ئێستا زیانی بۆردومانەکە نەزانراوە.
کۆبونەوەی ھەرسێ سەرۆکایەتیەکە ، رۆژی پێنجشەممە ١ی دیسمبەری ٢٠٢٢، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، کە بەڕێزان سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان ئامادەی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتی سیاسی و ئابووری و ئەمنی وڵات کرا، ھەروەھا ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری خۆی تاوتوێکرا بە شێوەیەک کە دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان مسۆگەر بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی یەکخستنی گوتاری سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا پێویستی دانانی ئەو قانونانە کرایەوە کە لە ڕێککەوتنە سیاسییەکەدا رەزامەندیان لەسەر دراوە لە ماوەی دیاریکراودا بە قانون بکرێن.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی سوربون لەسەر سازکردنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی داھاتوودا، وەک ئەوەی لە بەرنامەی کاری حکومەتدا جەختی لەسەر کراوەتەوە.
ھاوکات باس لە بارودۆخی ئابووری وڵات کرا، تەئکیدیشکرایەوە لەسەر پێویستی دانانی قانونی بودجە، ھەروەھا گرنگی بەھێزکردنی ڕێکارەکان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەھێزکردنی ھەنگاوەکانی چاکسازی.
ھەر لە درێژەی ئەو دیدارەی سێ سەرۆکایەتیەکەدا، تاوتوێی بارودۆخی ئاوارەکان لە وڵات کرا، ھاوکات کۆبوونەوەجەختیکردەوە لە سەر پێویستی ھەوڵدانی زیاتر بۆ کۆتاییھێنان بە ئازار و نەھامەتیەکانیان و کارکردن بۆ گە ڕاندنەوەیان بۆ سەرماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان بە شێوەیەک کە زامنی ژیانێکی شایستە و سەلامەت و سەقامگیریان بۆ بکرێت.