"کازمی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵی رابردوو ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەشێوەیەکی دادگەرانە و پیشەییانە بەڕێوەچوو بە شایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەموو چاودێرانی پڕۆسەکە. 

بە وتەی "کازمی"، دوای ساڵێک ئەو ئەزموونە سەلماندی پەنابردن بۆ سندوقەکانی دەنگدان، پێویستە ھاوتا بێت لەگەڵ باوەڕی ھێزە سیاسییە بەشدارەکان و پراکتیزەکردنی کردەی سیاسی بە گوێرەی چوارچێوە کلتورییەکان و دیموکراسییەت. 

وتیشی، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەرباری ھێرشە بێ ویژدانەکان، بە ھێمن و عەقڵانییەت لەسەر رێچکەیەکی جیاواز کاریانکردووە کە پەنا بۆ دیالۆگ  و ھاوکاری ھاوبەش ببەن لەگەڵ سەرجەم ھێزە سیاسییە جیاوازەکان لەپێناو بەرقەراری و ھێمنی. 

"کازمی" جارێکی تر داوای لە ھەموو لایەن و ھێزە سیاسییەکان کرد پەنا بۆ لۆژیکی دیالۆگی عەقڵانی و ھێمن و بنیاتنەر ببەن، لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و بەرەوپێشبردنی چارەسەری ھەمەلایەنەی نیشتمانی، کە دیموکراسییە ساواکەیان بەھێزبکات و پاڵپشتی پایەکانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ عێراق بکات.