"نازم شەبلی" پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەربەخۆکان تەواوی وردەکاری و بڕگەکانی دەستپێشخەرییەکەیان تەواو کردووە و لە چەند سەعاتی داھاتوودا ئاڕاستەی کوتلەکانی دەکەن، بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانی سیاسی عێراق. وتیشی، سەربەخۆکان پێیان باشە لیژنەیەک پێکبێت بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.
"محەمەد شمەری" ئەندامی دەوڵەتی یاساش رایگەیاندووە، ھێشتا پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکان روون نییە و رەوتی سەدر سورە لەسەر ھەڵوێستی خۆی، وتیشی پێکھێنانی حکومەت پێویستی بە کوتلەیەکی بەھێز ھەیە و بەبێ ئەوەش حکومەتێکی لاواز پێکدێت، ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشدا، دواخستنی پێکھێنانی حکومەت بە مانای کۆتاییھێنان بە کارەکانی پەرلەمان و ھەڵوەشاندنەوەی نایەت، چونکە ئەگەر ھەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە ھاووڵاتیان ناچن بەرەو سندوقەکانی دەنگدان.
سەرچاوە ئەمنییەکان لەو کەمپەوە رایانگەیاند، ھێزەکانی سوریای دیموکرات تەرمی ئەو ھاووڵاتییە عێراقییەیان دۆزیوەتەوە و ھۆکاری کوژرانەکەی نەزانراوە، بەپێی زانیاری سەرچاوە ئەمنییەکانیش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٤ کەس لە کەمپی ھۆڵ کوژراون، کەلە نێوانیاندا ھاووڵاتی عێراقی ھەیە.
کەمپی ھۆڵ دەکەوێتە خۆرھەڵاتی پارێزگای حەسەکە، گەورەترین کەمپە لە خاکی سوریا و زۆرینەی ئەو ھاووڵاتیانەی لەو کەمپەن عێراقین و ژمارەیان زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەسە و کەسوکاری تیرۆریستانی داعشن.
"مستەفا سەند" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەسەر سکاڵای "باسم خەشان" پەرلەمانتاری عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە ھەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک، کە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرابوو.
پێشتریش "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، مەبەست لەو پڕۆژە یاسایە تەرخانکردنی بڕە پارەیەکە بۆ پێداویستی رۆژانەی ھاووڵاتیان، حکومەتی ئێستاش ئەو پڕۆژە یاسایەی بە بڕی ٣٥ ترلیۆن دینار پێشکەشی پەرلەمان کردبوو.
پسپۆڕانی یاسایی و بەشێک لەلایەنە شیعەکانیش دەیانوت، حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت ئەو پڕۆژە یاسایە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات.
"پییەر لودھامر" بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکانی عێراق لە نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ھەزار و ٥٢٢ ناوچە لە شارە رزگارکراوەکانی عێراق، لەلایەن داعشەوە بە مین چێندراون، کە دابەشکراون بەسەر ٦ پارێزگادا و روبەرەکەی ٥٢٢ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت، وتیشی ئەو مین و بۆمبانەی لەلایەن داعشەوە بەجێھێڵدراون ماددەی زۆر مەترسیداریان تێدایە و پوچەڵکردنەوەیان قورس و مەترسیدارە.
ئەو لێپرسراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاندووە، عێراق یەکێکە لەو ٥ وڵاتەی جیھان کە زۆرترین روبەری چێندراوی بە مین و بۆمب ھەیە، بەبێ تەرخانکردنی بودجەش لەلایەن حکومەت و کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە، عێراق تا ساڵی ٢٠٢٨ توانای پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی نییە.
بە پێی لێکدانەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پرۆژەیاسا پێشکەش بکات و، توانای دامەزراندنی پلە تایبەتەکان یان لابردنیانی نییە و ناشتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ پێشکەش بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەڕێکردنی کاروباری ڕۆژانەی دەوڵەت بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی حکومەتی نوێ پێکدەھێندرێت، یاخود متمانە لە حکومەت یان سەرۆک وەزیرانەکەی وەردەگیرێتەوە، یاخود کاتێک ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵدەوەشێتەوە.
چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بۆ فشارخستنە لەسەر لایەنەکانە، بۆ ئەوەی ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکومەت کاراتر بێت و ئەنجامێکی ئەرێنی ھەبێت.
لە تویتێکدا رێبەری رەوتی سەدر کەمێک پێش ئێستا رایگەیاند تاکە بژاردەی بەردەممان تاقیدەکەینەوە ئەویش ئۆپۆزیسیۆنێکی نیشتیمانییە، سی ڕۆژ دەدەین بەلایەنەکانی تر حکومەت پێکبھێنن.
سەدر دەڵێت، " ئەگەر لایەنەکانی دیکە و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەوانەشەوە کە ھاوپەیمانمان بوون توانیان حکومەت پێکبھێنن کارێکی باشە، ئەگەرنا ئەو کاتە بڕیارێکی دیکەمان دەبێت کە لەو کاتەدا رایدەگەیێنین".
ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە بژاردەی "ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی" تاقی بکەینەوە لەسەر ھەمان بۆچوونی "حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی" ، بۆ ماوەیەک کە لە ٣٠ ڕۆژ تێپەڕ نەکات.
زیاتر لە ٧ مانگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکان لەبارەی پێکھێنانی حکومەت ڕێکنەکەوتوون و سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەڵنەبژێردراون.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیستمانیی عێراق لەگەڵ جیۆڤانی لانوچی، فەرماندەی نوێی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق کۆبووەوە، ئەعرەجی جەختی لە داخستنی کەمپی ھۆل لە سوریا کردەوە و داوای کرد لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بەو دۆسێیە بھێنرێت، فەرماندەکەی ناتۆش ئاماژەی بە گرنگی ھەوڵەکانی روبەڕوبوونەوەی داعش لە عێراق کرد.
ناتۆ لە راگەیەندراوێکیشدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی ٢١٩ ملیۆن دۆلاریان پێشکەشی ھێزە عێراقییەکان و ھێزەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا کردووە بۆئەوەی بتوانن بەسەر داعشدا زاڵ ببن.
بەپێی راگەیەندراوی ناتۆ لە ساڵی ٢٠١٤ تائێستا ئەمریکا بڕی ھەشت ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلاری پێشکەشی ئەو ھێزانە کردووە دژی داعش دەجەنگن.
حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە عێراقدا ھەیە، بەڵام ئێستا بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و دەوروبەری کەمترە، بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکەش زنجیرەیەک ڕێوشوێنی پەیوەندیدار بە گیانداران گیراوەتەبەر، لەوانە ھەڵمەتی کوتان و پاککردنەوە و ھەڵمەتی لەناوبردنی مێرووی گەنە کە بە ھۆکاری سەرەکی گواستنەوەی نەخۆشییەکە دادەنرێت.
جەختیشیکردەوە، بە پێی ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر، لەڕۆژانی داھاتوودا بەتەواوەتی نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و کۆتایی دێت، بەڵام پێویستە ھاووڵاتیانیش بەشێوەی ئاسایی گۆشتی سوور بکڕن و پابەندی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی بن.
کۆمپانیای گشتی دانەوێڵە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە زۆربەی لقەکانیان لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست، دەستکراوە بە وەرگرتنی بەرھەمی ئەمساڵی گەنم و تائێستا زیاتر لە ٦٤٣ ھەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی بازرگانی کاریکردووە بۆ ھاوردەکردنی ملیۆنان تۆن لە گەنم لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە.
راشیگەیاندوە، زۆترین بڕی گەنم لە پارێزگای واست وەرگیراوە، کە تائێستا گەیشتووەتە ٢٠٧ ھەزار تۆن.
بۆ ھاندانی زیاتری جوتیاران بە مەبەستی ڕادەستکردنی بەرھەمی دانەوێڵەی ناوخۆیی، ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریداوە بە نرخێکی گرانتر لە ساڵانی ڕابردوو گەنم لە جوتیاران وەربگرێت و بودجەیەکی دیاریکراویشی تەرخانکردووە بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران.
سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرسوڕمان و ناڕەزایی خۆیان دەبڕیووە، لەو شێوازەی کە حەلبوسی لە دژی باسم خەشان گرتوویەتییە بەر، بە دوورخستنەوەی لە بەشداریکردن لە لیژنە پەرلەمانییەکان، کە مافێکە بە دەستور بۆ پەرلەمانتاری دەستەبەر کردووە.
ھۆشداریشیان داوە لەو جۆرە مامەڵەیە لە دژی نوێنەرانی گەل، داواشیان کردووە حەلوبسی بۆ پاراستنی ئاراستەی دیموکراسیەت، بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا باسم خەشان یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی لە دوای ھەڵبژاردنەکانەوە چەند سکاڵایەکی لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، لە دیارترینیان نایاسایی بوونی دەستەی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سکاڵا لە دژی بە کراوەیی ھێشتنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمرۆ ١٤ی ئایاری ٢٠٢٢ لەکاتی تێپەڕبوونیان لە ناوچەی ئیمام وەیس سەر بە قەزای شارەبان لە پارێزگای دیالە بۆمبێکی چێندراو بە ھێزەکانی دژە تیرۆری عێراق تەقییەوە بەپێی زانیارییەکان لە ئەنجامدا سەربازێک کوژراوە و شەش سەربازیش برینداربوون.
وتیشی، لە دوای رووداوەکە سوپای عێراق و ھێزە ئەمنیەکانی تر ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان لە ناوچەکە دەست پێکردوە.
عەلی دلێمی وەزیری پەروەردەی عێراق راگەیاندوە، لە ئێستادا حکومەت بایەخی زۆر دەدات بە پرسی وانەبێژەکان، ھەموو ڕێکارەکانی ئەو دۆسیەیەی تەواوکردوە، بۆئەوەی بکرێن بە گرێبەست و دواتر بە ھەمیشەیی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، لە ئێستادا مامۆستایانی وانەبێژ بە بڕیاری ٣١٥ و بە پشتبەستن بە بودجەی ٢٠٢٢، دەکرێن بە گرێبەست، پرسی بە ھەمیەشیکردنیشیان لە لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردندایە، ھەوڵەکانیش بۆ دامەزراندنی وانەبێژانیش بەردەوامی ھەیە.
ڕەوتی حیکمە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین کە باس لە ھەڵوێستی نوێی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەکرێت، گوایە جیاوازە لەو ھەڵوێستانەی کە بە رەسمی یان لە دەستپێشخەرییەکاندا ڕایگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەڵوێستەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ئامانجی دۆزینەوەی دەرچەیەکی سیاسییە بۆ ئەو بنبەستبوونە سیاسییەی لە ئێستادا ھاتووەتە ئاراوە.
جەختیشیکردەوە، ھەڵوێست و دەستپێشخەرییەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ئامانجی بەرژەوەندی گشتییە بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێز و کاریگەرییە، کە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە گەورەترین پشتیوانی بکرێت و نوێنەری ھەموو عێراقییەکان بێت.
ڕەوتی حیکمە ڕوونیشیکردووەتەوە، بە ھیچ شێوەیەک لەو ھەڵوێستەیان پاشگەز نابنەوە و بەردەوام دەبن.
حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، پێشتر زۆرینەی کوتلەکان لەناو ئەنجومەنی نوێنەران ڕێککەوتنیان کردووە بۆ تێپەڕاندنی، پڕۆژەیاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان، کە لە ١٠ ماددە پێکھاتووە و بودجەکەی ٢٥ ترلیۆن دینارە، کە لە زیادەی نرخی نەوتی فرۆشراو دابین دەکرێت، بەڵام نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، جێگیرنەکردنی بەشێک لە داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان لە نێو پڕۆژەیاساکەدا یەکێکە لەو ھۆکارانەی کە پێناچێت یاساکە تێپەڕێندرێت، بە تایبەتی ئەو ماددەیەی کە پەیوەستە بە نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە بەنداوەکان و تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکانی ئاو.
(بێگەرد تاڵەبانی) وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمیش ڕایگەیاند، سەردانی بەغدادی کردووە و پێشنیازیکردووە ئەو بودجەیەی لە (پڕۆژەیاسای کۆمەکی خێرای پەرەپێدانی ئاسایشی خۆراک) تەرخان دەکرێت، ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە بۆ بابەتی وشکەساڵی و پەرەپێدانی کشتوکاڵی و پاڵپشتی جوتیاران و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.
چوارچێوەی ھەماھەنگی راگەیەندراوێکی سەبارەت بەو تۆمەتانە بڵاوکردەوە کە دەخرێتە پاڵیان بۆ پێکھێنانی حکومەت لەگەڵ ھاوپەیمانی سێقۆڵی و رایگەیاند، چەند ماڵپەڕ و پەیجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە بەشێک لەلایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانی سیقۆڵی دەستیانکردوە بە پێکھێنانی حکومەت، بەڵام ھەموو ئەو ھەوڵانە رەتدەکاتەوە بەبێ بنەما ناویان دەبات.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ھەواڵانە چەواشەکردنی رایگشتییە ھیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بۆچونەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەکڕیزیی و پێکەوەیی لایەنەکان نابێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، چوارچێوەی ھەماھەنگیی پابەندە بەو پرنسیپانەی دەستیپێکردوە بۆ پێکھێنانی حکومەت و پاراستنی گۆڕەپان و پێگەی ھاوڵاتیان و کوتلە سیاسییەکان.
سەرچاوەیەکی پزیشکی ئاشکرایکردوە، لە شاری ناسریەی سەر بە پارێزگای زیقار کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ دوای توشبوونی بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستداوە، لە پارێزگای بابلیش حاڵەتێکی تری توشبوون بە تای خوێن بەربون تۆمار کراوە .
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، تا ئێستا ئامارەکانی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە ١٢ کەس و ٥٦ کەسیش توشبووی نەخۆشییەکەن، زۆرینەی حاڵەتەکانیش لە پارێزگای زیقار تۆمار کراوە .