رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هێزی سەربازی نانێرێت بۆ خاکی وڵاتانی تر بۆ ئەنجامدانی هێرش لێیانەوە.

فیدان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تورکیا هێزی سەربازی نانێرێت بۆ خاکی وڵاتێکی تر تا هێرشی لەوێوە بپێورێت، روونیشی کردەوە: پەیماننامەی مەککە رێککەوتنێکی بەرگرییە نەک هێرشبەری، و لە ئاناساتێکدا ئەگەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندام رووبەڕووی هێرش ببێتەوە، وڵاتانی تر پشتیوانی لێ دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد: لیژنە سەربازییەکان لە هاوپەیمانیی مەککە کاردەکەن لەسەر لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بەشداری لە پشتیوانیکردنی عەرەبستانی سعودیە دژی هێرشەکانی حوسییەکان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران گەیشتنی یەکەم گەشتی ئاسمانی لە شاری نەجەفەوە بۆ تاران راگەیاند، ئەمەش دوای بەخشینی تایبەت لە سزاکانی سەر کەرتی فرۆکەوانی و گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران.

بەپێی میدیاکانی ئێران، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە سەعات ٧:٣٠ی بەیانی، یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عیراقی وەک کۆمپانیایەکی بیانی، دوای راوەستانی بۆ چەند مانگێک، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی نیشتەوە.

ئەم گەشتە لەسەر هێڵی (نەجەف - تاران - نەجەف) ئەنجام دەدرێت، کە نیشانەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆ و رۆژانەیییەکانی ئەو کۆمپانیایەیە بۆ فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی.

شایەنی باسە، بەڕێوەبەرایەتیی هێڵە ئاسمانییەکانی عیراق رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو کە لە رۆژی پێنجشەممەوە گەشتە راستەوخۆکانی بۆ ئێران دەست پێ دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عیراقیشدا هاتووە: پلانە نوێیەکە گەشتی بەردەوام و رۆژانە لەنێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و فڕۆکەخانەکانی مەشهەد، تاران و ئەسفەهان لەخۆدەگرێت، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانکاری لە هاتووچۆی گەشتیاران و رەخساندنی دەرفەتی گواستنەوەی ئاسمانیی بەردەوام لەنێوان عیراق و شارەکانی ئێراندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە ئاماری هێرشەکانی سەر دوو فڕۆکەخانەی سەرەکیی وڵاتەکەی رادەگەیەنێت و ئاشکرایدەکات، بەهۆی ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەکانی ریاز و ئەبهاوە، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 36 کەسی تریش بریندار بوون.

بەپێی راگەیەنراوێکی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی، دوێنێ و ئەمڕۆ، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاز رووبەڕووی دوو هێرش بوونەتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان راستەوخۆ دەستیان بە بەهاناوەچوون کردووە.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئەبها، دوو ژنی دانیشتووی سعودیە بە نەتەوە مەغریبی و جەزائیری گیانیان لەدەستداوە و 28 کەسی تریش بریندار بوون؛ هاوکات هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لە ریاز بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی سودانی و برینداربوونی هەشت کەسی تر.

دەستەی فڕۆکەوانیی سعودیە جەختیشیکردووەتەوە، تەواوی بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر و زیانی مادیش بەر ناوەندەکان کەوتووە؛ هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئاسایشییەکاندا کار لەسەر هەڵسەنگاندنی زیانەکان و پاراستنی ئاسایشی گەشتیاران و کارمەندانی فڕۆکەوانی دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای سێ ساڵ لە هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا، سوپای ئیسرائیل ئاماری نوێی هێرشەکانی و زیانە گیانییەکانی رادەگەیەنێت و ئاشکرایدەکات، زیاتر لە 100 هەزار ئامانجیان لە بەرەکانی غەززە، لوبنان، سوریا، ئێران و یەمەن کردووەتە ئامانج.

بەپێی راگەیەنراوێکی سوپای ئیسرائیل کە لە رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"دا بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە تا ئێستا نزیکەی 65 هەزار ئامانج لە کەرتی غەززە، 28 هەزار ئامانج لە لوبنان و سوریا، چوار هەزار و 500 ئامانج لە ناوخۆی ئێران و 80 ئامانجیش لە یەمەن کراونەتە ئامانجی هێرشەکانیان.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 970 سەربازیان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا کوژراون.

ئەم ئامارانەی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، لە سەرەتای جەنگەکەوە تا ئێستا زیاتر لە 74 هەزار فەلەستینی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەک ئامادەکارییەک بۆ سێیەمین ساڵیادی 7ـی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل فەرمانی بە سوپای وڵاتەکی کردوە ئاستی ئامادەیی بەرز بکەنەوە و رەنگە حەماس هێرشبکاتە سەریان.

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات، بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان حەماس دەیەوێت لە ساڵیادی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا هێرش بکاتە سەر هێزەکانیان لە غەززە.

کاتز ئاماژەی بەوەکردوە،  زانیاری هەیە کە حەماس بەنیازە لە 7ـی ئۆکتۆبەر هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و دەبێت سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بکات.

هەروەها هۆشداریشیداوە لە ئەگەری زیانگەیاندن بە هێزەکانی ئیسرائیل، ئەوا حەماس و دانیشتوانی غەززە باجێکی قورس و گەورە دەدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پزیشكیان دەڵێت ئەمریكا لێكۆڵینەوەكان لە دۆسێی ئەتۆمیی ئێران بۆ تیرۆركردنی زاناكانی ئێران بەكاردەهێنێت و دەشڵێت، دانوستان لەگەڵ واشنتۆن سودی نییە.

مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا لەگەڵ بەردەوامیی هەڕەشە و سزا و فشارەكاندا هیچ مانایەكی نییە و ئێرانیش ئەو جۆرە سیاسەت و رێبازە قبوڵ ناكات.

پزشكیان هۆكاری سەرەكی رەتكردنەوەی گفتوگۆكانیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئێران لە دوای هەر گفتوگۆیەك روبەڕوی هێرش بووەتەوە، جەختیشیكردەوە، ئامانجی راستەقینەی واشنتۆن لە گفتوگۆكان، لاوازكردن یان روخاندنی حوكمڕانییە نەك گەیشتن بە رێككەوتن.

لەبارەی دۆسێی ئەتۆمیش پزشكیان ئاماژەی بەوەكرد، پابەندبوونیان بە بەكارهێنانی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتی دووپاتكردووەتەوە وئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش چاودێرییان دەكات، ئەمریكاشی بەوە تۆمەتباركرد، لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستنیشانكردنی شوێنی بنكەكان و تیرۆركردنی زانایانی ئەتۆمیی ئێران بەكاردەهێنێت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، کێشەی کەمی چەکیان نییە و تا ئێستاش بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی چەکی نوێ، جەختیشدەکاتەوە کۆگایەکی گەورەی چەکی نوێیان ئامادەیە بۆ بەکارهێنان و لە کاتی گونجاودا نمایشی دەکەن.

محەمەد ئەکرەمی‌، وتەبێژی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کە پێداویستی و ئامێرە سەربازییە نوێیەکانی بەرگریی و هێرشبەری لەوانەش موشەک و  درۆنیان لەبەردەستدایە و لە ئێستاشدا بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی چەک.

وتەبێژی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی وتووە؛ ئەوان تا ئێستاش بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی چەک و ئێستا یەکە جیاوازەکانی سوپای ئێران خاوەنی کۆگایەکی گەورەن لەو ئامێر و کەلوپەلە سەربازییە نوێیانە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەزموونێکی باشیان بەدەستهێناوە و فێربوون کە لاوازییەکانی دوژمن لە کوێدایە و دەتوانن بە ئاسانی زەفەری پێببەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، کە هەر یەکە لە سعودیە، تورکیا و پاکستان لەخۆدەگرێت، ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ دەستپێکردنی دەستبەجێی پابەندبوونی بەرگریی هاوبەش راگەیاند. 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ئاسایشی هەر وڵاتێک لەم سێ وڵاتە، بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی بەکۆمەڵی هەموویا و  لەم چوارچێوەیەدا بڕیاردراوە بە دابینکردنی هێز و توانای سەربازی و بڵاوەپێکردنی خێرایان لە خاکی  سعودیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک.

 هەردوو وڵاتی تورکیا و پاکستان ستایشی ئامادەیی و لێهاتوویی هێزە چەکدارەکانی سعودیەیان کرد لە روبەڕوبونەوەی هەڕەشە و هێرشەکاندا.

 لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانی مەککە بە توندی سەرکۆنەی هەوڵەکانی بەئامانجگرتنی شاری مەککەی پیرۆز و مەدینەی منەوەرە و هەروەها هێرشە بەردەوامەکانی سەر شار و دامەزراوە مەدەنی و ئابوورییەکانی سعودیەی کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ دوژنێک، کە رۆژانە کاری تیررۆستی ئەنجامدەدات، پەنا دەباتە بەر سەپاندنی سزاکان، گوشارەکان و پێشێلکردنی بەڵێنەکان، هیچ مانایەکی نییە.

مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، کە کێشەی سەرەکی ئێران لەگەڵ ئەمریکادا ئەوەیە لە هەر کاتێکدا کە دێنە سەر مێزی دانوستان، شەڕیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی بەردەوام ڕاستگۆیی خۆی سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی سەلماندوە و کەوتووەتە ژێر توندترین پرۆسەی چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.

پزیشکیان باسی لەوەشکردوە، لە رابردوودا، هەر جارێک پشکنەرانی ئاژانسەکە سەردانی ئێرانیان کردبێت، بنکە ئەتۆمییەکان و زاناکانیان دەستنیشان کراون، بەدوای ئەوەشدا ئەو بنکانە کراونەتە ئامانج  و زاناکانیان تیرۆر کراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوێکی باڵای ئێران بانگەشەی ئەوەدەکات، ئەگەر دوژمن هەڵەیەکیان بەرانبەر بکات، توشی شکستی قورس دەبن و روبەڕوی وەڵامێکی تەواو گونجاوی هێزەکانیان دەبنەوە.

موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، رایگەیاند، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بیانەوێت هێرشبکەنە سەر ئێران روبەڕوی وەڵامێکی توند دەبنەوە، کە دەبێتە سوپرایزێکی گەورە و چاوەڕواننەکراو.

ناوبارو ئاماژەی بەوەشکردوە، خەیاڵ پڵاوی دۆناڵد ترەمپ تەنها وەک خەیاڵ دەمێنێتەوە و لە کۆتایدا بڕیاری واقیعی لەسەر زەوی ئێران دەیدات.

موحسین رەزایی جەختیشیکردوەتەوە، بە سەرکردایەتیی رابەری باڵای ئێران و هاوکاریی گەل و هەماهەنگیی سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات، ئێران بە سەربەرزییەوە لەم قۆناغە ئاڵۆزە تێپەڕ دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کە  لێپرسراوێکی باڵای وڵاتەکە رایگەیاندووە ئێران توانیویەتی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی دووی رابردوو، ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک" لەکار بخات.

محەممەدئەمین ئاقامیری، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی  ئینەتەرنێتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی وڵاتەکەی ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی دەربارەی ئەو تەکنەلۆژیا و رێگەیانە نەدا، کە بۆ ئەو مەبەستە بەکاریانهێناوە.

ئینتەرنێتی ستارلینک کە لەلایەن کۆمپانیای "سپەیس ئێکس"ی ئیلۆن مەسکەوە بەڕێوەدەبرێت، وەک ئامرازێکی بەدیل بۆ هاووڵاتیانی ئێران رەخسابوو تا بتوانن دەستیان بە ئینتەرنێتی ئازاد بگات.

ئێران بەکارهێنانی ئەو سیستمەی بە تاوان هەژمار کردووە و بەکارهێنەران یان هەڵگرانی ئامێرەکانی ستارلینک لە ناوخۆی وڵاتدا لەژێر مەترسیی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردندادان.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئێران لە دوای دەستپێکردنی جەنگ بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی دووی رابردودا، درێژترین بڕینی سەرتاسەریی ئینتەرنێتی لە مێژوی وڵاتاندا تۆمار کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژی پێنجشەممە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عیراق و ئێان دەستپێدەکەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی عیراق رایگەیاندووە: رۆژی پێنجشەممە، 8ـی 10ـی 2026، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عیراق و ئێران دەستپێدەکەنەوە، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە بۆ تاران، مەشهەد و ئەسفاهان دەبن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا گەمارۆی ئاسمانی خستبووە سەر ئێران و هیچ وڵاتێک گەشتی ئاسمانی لەگەڵ ئێراندا ئەنجام نەدەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ئەگەری ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا نزیکەی سێ هەزار سەربازی لە ئیسرائیل بڵاوکردووەتەوە و خۆشی ئامادە دەکات بۆ ناردنی هێز و فڕۆکەی جەنگیی زیاتر.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردوەتەوە، لە ئێستادا نزیکەی سێ هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری ئیسرائیلدا بڵاوەیان پێکراوە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا خۆیان ئامادە دەکەن لە هەفتەکانی داهاتوودا هێز و فڕۆکەی زیاتر بنێرن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک لە ترسی ئەگەری هەڵگیرسانی ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی 'واڵا'ـی ئیسرائیلی کە لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە وەریگرتووە، سەربازە ئەمریکییەکان ئەرکی جۆراوجۆریان لە ئەستۆگرتووە، لەوانەش بەگەڕخستنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، جگە لە ئامادەیی فڕۆکەوانان، تیمەکانی پشتیوانی، یەکە لوجستییەکان و ئەندامانی فەرماندەیی و ئەرکان.

راپۆرتەکە روونیشیکردووەتەوە، سوپای ئەمریکا لە هەفتەکانی رابردوودا پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بە هێزەکانی لە ئیسرائیل ئەنجامداوە، بەشێک لەم جووڵانەش چوارچێوەی پرۆسەی خولیی ئاسایی دەگرێتەوە، بەڵام سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە لەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا هێز و فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانە دەکرێن وەک ئامادەکارییەک بۆ رودانی ئاڵۆزیی لە ناوچەکە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی ناو سوپای ئیسرائیل کردووە بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی نوێ لەگەڵ ئێران، بەپێی هەڵسەنگاندنە ئیسرائیلییەکان کە پێیانوانییە سزادان و رێکارە ئابورییەکانی ئەمریکا فشارەکانی لەسەر تاران زیاتر کردووە.

ماڵپەڕی واڵا لە سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵای ئیسرائیلییەوە بڵاویکردووتەوە، نەیارەکانی ئیسرائیل چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش دەکەن کە کاریگەری لەسەر رەوشی ناوخۆیی دابنێت، بێ ئەوەی پەلبکێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ تێکچوونی خێرای رەوشەکە و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات، بەشێک لە ئامادەکارییەکانیش جەخت لەسەر ئەو سیناریۆیانە دەکەنەوە کە پێویستیان بە ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل هەیە.

لەو چوارچێوەیەدا، هەماهەنگییەکی بەهێز لە نێوان سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' بەردەوامە، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێکی هاویشتنی موشەک لەلایەن ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل یاخود ئوردن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسرائیل کارەکانی لە پڕۆژەی ئەندازیاری و سەربازیی "سۆفا 53" خێراترکردووە کە بە "گەردەلولی مەزن"یش ناسراوە، وەزارەتی دەرەوەی سوریاش ئیدانەی ئەو کارەی ئیسرائیل دەکات و بە پێشێلکاری ناو خاکی وڵاتەکەی ناوی دەبات.

ئیسرائیل بەردەوامە لە تەواوکردنی پڕۆژەی گەردەلولی مەزن لە ناوخۆی سووریادا، هێزەکانی ئیسرائیل کارەکانی هەڵکەندن و پتەوکردن لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سۆفا 53" لە گوندەوارەکانی باشوری قونەیترە نوێکردەوە، ئەوەش لە هەنگاوێکی نوێدا کە تیشک دەخاتەوە سەر ئەم پڕۆژە سەربازییەی لەسەر درێژایی هێڵی جیاکەرەوەی بەرزاییەکانی جۆلان دەڕوات.

بەپێی راپۆرتەکانی میدیاکانی سوریا، هێزەکانی ئیسرائیل کارەکانی هەڵکەندنیان لە رۆژئاوای گوندی "عەشە" لە سنوری قونەیترە بەردەوامی پێداوە، پڕۆژەکە کە بە ناوی "سۆفا 53" ناسراوە، بریتییە لە دورستکردنی رێگایەک بەدرێژایی هێڵی جیاکەرەوە لە ناوچە سنورییەکەدا.

گەڕانەوەی ئامێرە ئەندازیارییەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەکە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە باشوری سووریا؛ بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، لە رۆژانی رابردوودا بەزاندنی سنور و جوڵەی سەربازی لە گوندەوارەکانی قونەیترە و دەرعا تۆمارکراون، لەگەڵ بەردەوامیی کارەکانی هەڵکەندنی زەوی، پتەوکردن و دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ.

پڕۆژەی "سۆفا 53" چییە؟

پڕۆژەی "سۆفا 53" کە بە پڕۆژەی گەردەلولی مەزنیش ناسراوە، پڕۆژەیەکی ئەندازیاری و سەربازیی ئیسرائیلە کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2022ەوە بە پلەبەند لە ناوچەی دابڕێنەر لە گوندەواری قونەیترە دەستی پێکردووە.

پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی رێگایەکی سەربازی بە پانی نزیکەی هەشت مەتر، لەگەڵ بەرزکردنەوەی بەربەستی خۆڵ و کۆنکرێتی بە بەرزایی نزیکەی پێنج مەتر، جگه لە هەڵکەندنی خەندەق و دروستکردنی خاڵی چاودێری لەسەر درێژایی ئەم رێگایە.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی سجلی سوری بۆ راهێنانی روداوەکان، رێڕەوی پڕۆژەکە لە پەراوێزی شارۆچکەی "حەزر" لە باکوری قونەیترەوە دەست پێدەکات و بە شارۆچکەکانی جەبسا خەشەب، حەمدییە، قەحتانیە، رویحینە، بەئر عەجم و بریقەدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە  عەشە و سێگۆشەی سنوری لە باشوری پارێزگاکە.

ئیسرائیل ئەم کارانە وەک بەشێک لە رێکارە ئەمنییەکانی لەسەر سنور دەخاتە ڕوو، لە کاتێکدا چاودێران پێیانوایە ئەم کارە ئەندازیارییە بەردەوامانە سەپاندنی واقیعێکی مەیدانیی نوێیە لە ناوچەی دابڕێنەردا.

دەستپێکی جێبەجێکردنی "سۆفا 53" بۆ پێش روخانی رژێمی بەشار ئەسەد دەگەڕێتەوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ەوە خێراییەکی زیاتری بەخۆیەوە بینی، بەوپێیەی ئیسرائیل قۆستنەوەی گۆڕانکارییەکانی دوای روخانی رژێمی ئەسەدی بەکارهێنا بۆ فراوانکردنی کارە ئەندازیاری و سەربازییەکانی.

"پتەوکردنی سنورەکان"

لە بەرانبەردا، ئیسرائیل دەڵێت جوڵەکانی لە باشوری سوریا پەیوەندیدارن بە "هۆکاری ئەمنی و پێویستی رێگریکردن لە هەڕەشە ئەگەرییەکان بۆ سەر سنورەکانی"، لە کاتێکدا دیمەشق ئەم جووڵانە بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی خۆی و رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974 دەزانێت.

بەپێی زانیارییە ناوخۆییەکان، دەستبەسەرداگرتنی خاکی زەویوزاری کشتوکاڵی بە قووڵایی 300 تا 1000 مەتر لە هەندێک ناوچەدا تۆمارکراوە، لەوانەش داگیرکردنی نزیکەی حەوت هەزار دۆنم زەوی لە ناوچەی جەسبا خەشەب.

رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرونۆت"ی ئیسرائیلی پێشتر ئەم پڕۆژەیەی بە "پڕۆژەیەکی ئەندازیاریی زەبەلاح بۆ پتەوکردنی سنورەکان" وەسف کردبوو، بەوەی خەندەقی قوڵ و بەربەستی بەرگریی تێدایە.

ناڕەزایەتییەکانی سوریا

لە مانگەکانی رابردوودا ناڕەزایەتییەکانی سوریا بەرانبەر جوڵەکانی ئیسرائیل روی لە زیادبوون کردووە؛ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاندبوو، دیمەشق 65 حاڵەتی بەزاندنی سنوری لەلایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی تەمموزدا و 52 حاڵەتی تر لە 18 رۆژی یەکەمی مانگی ئابدا تۆمار کردووە.

هاوکات ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیەراوێکدا ئەو کارانەی ئیسرائیلی بە پێشێلکاری لەناو خاکەکەی وەسف کرد و رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی دەکەن.

مێژووی رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بۆ 31ـی ئایاری 1974 دەگەڕێتەوە، کە تێیدا بڕیاری جیاکردنەوەی هێزەکان و دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕێنەر لە نێوانیان بە چاودێریی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان درا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەشاد عەلیمی، سەرۆکی یەمەن دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی راگەیاند کە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی سەر بە ئێراندان.

لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، عەلیمی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت سەرجەم دەرفەتەکانی بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و بەدیهێنانی ئاشتی بەکارهێناوە، بەڵام حوسییەکان سوودیان لە دەرفەتەکان وەرنەگرتووە. لەبەر ئەوە داوای لە سەرجەم هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان کرد بەپێی پلانە داڕێژراوەکان دەست بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بڕیاری ئۆپراسیۆنەکە بدەن تا تەواوی خاکەکەیان ئازاد دەکرێت.

ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە، کە شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە رووبەرێکی فراوانی سەر بە شاری تەعز و دەوروبەری زیادیان کردووە و هێزەکانی حکومەتی یەمەن هەوڵی وەڵامدانەوەی پێشڕەوییەکانی ئەمه دواییەی حوسییەکان دەدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی خەریکی تاوتوێکردنی وەڵامێکە بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، کە لە رێگەی وڵاتی نێوەندگیری قەتەرەوە پێیان گەیشتووە.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشنیازەکەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵوێستە کۆنەکانی واشنتۆن و جەختکردنەوەیە لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.

جەختیشی لەسەرهەڵوێستی نەگۆڕیی تاران کردەوە، کە داوا دەکات لەم قۆناغەدا گرنگی بە پرسی گەروی هورمز بدرێت و پرسی ئەتۆمی بۆ قۆناغەکانی تر دوا بخرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ئەوەی گرنگە راگرتنی شەڕ و هەڕەشەکانە بەپێی ئەوەی لە لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباددا هاتبوو، وتیشی: "راست نییە ئەمریکا باسی بنەماکان بکات لە کاتێکدا خۆی پێشێلیان دەکات."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەقائی رایگەیاند، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆڕک لەگەڵ سەرجەم لێپرسراوانی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کۆبووبوونەوە و گفتوگۆی باشیان کردووە، جەختیشی کردەوە کە ئێران پابەندە بە بنەمای دراوسێیەتی باش و داواش لە وڵاتانی دراوسێ دەکات رێگە نەدەن خاکیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەکاربهێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...45678...187