حكومەتی سوریا بڕیاریدا پرۆگرامی خوێندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر لەناو ژمارەیەك خوێندنگەی رۆژئاوای كوردستان بۆ ماوەی ساڵێك پەسەند بكات.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، حكومەتی سوریا ژمارەیەك خوێندنگەی لە ناوچە كوردنشینەكان دیاریكردووە بۆ ساڵێكی راگوزەر كە تیایدا پرۆگرامی كوردی ژێر ئیدارەی خۆسەر پەسەند دەكرێت.
بڕیارەكەش پارێزگای حەسەكەو خوێندنگە كوردیەكان بۆ قۆناغەكانی پۆلی یەكەم تاوەكو 12 دەگرێتەوە، كە بەوتەی بەرێوەبەری پەروەردەی شارەكە، ئێستا كار دەكرێت بۆ وەرگێڕانی بابەتەكانی مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە بۆ سەر زمانی كوردی، تاوەكو لە قۆناغەكانی ناوەندی و ئامادەییدا بە سیستەمی دوو زمانی بوترێنەوە.
لەگەڵ ئەم پێشكەوتنەشدا لە سیاسەتی زماندا، سێكتەری پەروەردە لە پارێزگای حەسەكە روبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.
دوای دەستپێكردنی ساڵی خوێندن لە 6ی ئەیلوولدا، لە كۆی دوو هەزار و 317 خوێندنگەی پارێزگاكە، تەنیا نزیكەی هەزار و 800 خوێندگە كراوەن و ئەوانی تر وێران بوون.
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی، لە هەمان کاتدا جەختی لە پشتیوانیی تاران بۆ ئاشتی و رێگەی دپلۆماسی بڕیاردا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ واشنتۆن.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، وەڵاممان لە جارەکانی پێشوو بەهێزتر دەبێت، ئەگەر رێگەی دیپلۆماسیش هەڵبژێردرێت ئێمە بۆی ئامادەین، ئاماژەی بەوەش کرد: ئەوانەی هەوڵیان دا ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەراوێز بخەن، لە بەدیهێنانی شکستیان هێنا.
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ راگەیەندراوەکەی دوێنێ شەممەی سکۆت بیسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا سەبارەت بە راگرتنی تەواوەتیی هەناردەی نەوتی ئێران لە رێگەی دەریاوە، ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتێکدا کە واشنتۆن پەیڕەوی دەکات بۆ پەراوێزخستنی ئابووریی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە: گەلی ئێران ئاشتی دەوێت.
عەراقچی داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد رێگە دانایانەکە هەڵبژێرێت، دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی لە جارەکانی پێشوو ئامادەترە ئەگەر واشنتۆن پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببات.
میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، ئەمڕۆ شەممە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ئاڕاستەی گەروی هورمز لە دوورگەی قەشم لە باشوری وڵاتەکە بیستراوە.
پێشتر سوپای پاسداران رایگەیاندبوو کە لە رۆژانی رابردوودا چەندین کەشتیی نەوتهەڵگریان ئامانج گرتووە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەروی هورمز بە کراوەیی ماوەتەوە و لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەمریکادایە.
ترەمپ لە لێدوانەکانی پێشوویدا رایگەیاندبوو کە هیچ متەمانییەکی بە ئێران نییە و جەختی کردبووەوە کە وڵاتەکەی لە ئێستادا دەسەڵاتی تەواوی بەسەر گەروی هورمزدا هەیە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، لە بەردەم دادگای گشتیی شاری مەهاباد، کەسێک بە دەمانچە تەقەی لە کۆمەڵێک هاووڵاتی کرد و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی تریش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، روداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی بووە.
راگەیەندراویشە کە لە ئێستادا کەسی تەقەکەر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
داواكاری گشتیی دەوڵەتی ئیمارات رایدەگەیەنێت؛ لێكۆڵینەوەكان لە روداوی گەشتەكەی فلای دوبەی دەریانخستووە كە یاریدەدەری فڕۆكەوانەكە هەوڵی ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی داوە و بە تەوری فریاگوزاری هێرشی كردووەتە سەر فڕۆكەوانی سەرەكی تا كۆنتڕۆڵی فڕۆكەكە بكات.
حەمەد سەیف ئەلشامسی، داواكاری گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رەسمیی وڵاتەكەی ئاشكرایكرد، یاریدەدەری فڕۆكەوانی گەشتی ژمارە ئێف زێد 1073 كە بە 174 سەرنشینەوە لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەبیب دەڕۆیشت، لە ناو ژووری فڕۆكەواندا بە تەوری فریاگوزاری پەلاماری كاپتنەكەی داوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئامێرەكانی فڕیندا بگرێت، بەڵام هەوڵەكەی شكستیهێناوە و تیمی فڕۆكەوانی و سەرنشینان توانیویانە هێرشبەرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و بە فڕۆكەوانێكی یەدەگ بە سەلامەتی فڕۆكەكە لە فڕۆكەخانەی تەبووك لە سعودیە بنیشێنێتەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكان، یاریدەدەری فڕۆكەوانەكە ناوی هومام ئەلهەمامییە و خەڵكی عومانە، كە پێشتریش لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەیەوە بەهۆی هەڵگرتنی بیری توندڕەوییەوە لە كاری فڕۆكەوانی دوورخرابووەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ لێپرسراوی باڵای ئێران و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بڵاویکردەوە، تاران ئامادەکاری تەواوی کردوە و لە ئەگەری هێرشی ئەمریکادا وەڵامدانەوەکەی فراوانتر و توندتر دەبێت لە چاو رابردودا.
رۆیتەرز رایگەیاندوە، لەئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، فەرماندە باڵاکانی ئێران پلانیان هەیە و بیر لە زیادکردنی مەودای ئامانجە ئەگەرییەکان دەکەنەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو پلانانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن بریتین؛ لە فراوانکردنی مەودای ئامانجەکان لە بەرژەوەندییە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکاوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی واشنتۆن دەکەن.
رۆیتەرز ئاشکرای کردوە، تاران نیازیەتی ئامانجەکانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر مەودا و کاتی وەڵامدانەوەی لەو شێوەیە نەدراوە.
ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردوە، وتویانە؛ بە گوێرەی پلانەکان، وەڵامی ئێران بۆ ئەمریکا، جگە لە گەروی هورمزە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند بوو، تاران داوای لە گروپە هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، یەمەن و عیراق کردووە، ئەگەر ئەمریکا دەست بە هێرش بکاتەوە،ئامادەبن بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران.
سوپای پاسداران هەڕەشە دەکات و دەڵێت؛ هەڕەشەی بێباج کۆتاییهاتوە و دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیان و ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکن بکرێتە سەر ئێران.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا، بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کە بە "ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستەقینەی 2" ناسراوە، بانگەشەی ئەوەدەکات، لە بەرانبەر هەر هەڕەشە یان هێرشێکدا، ئامادەی وەڵامدانەوەی خێرا و توندترە لەو ئۆپەراسیۆنە.
لە راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران رایگەیاندوە، سەردەمی هەڕەشەی بێباج کۆتاییهاتووە و هەر دەستدرێژییەک وەڵامێکی پەشیمانکەرەوە و ئازاربەخشی بەدوادا دێت.
ئاماژەی بەوەکراوە، بە پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، جەختکراوەتەوە، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ وەڵامدانەوەی راستەوخۆ و خێرا، پەشیمانکەرەوە و کوشندەتر لە ئۆپراسیۆنی پێشوو بۆ هەر هەڕەشە یان هەڵەیەکی ئەگەر دژیان بکرێت.
جێی باسە ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینەی 2" لە وەڵامی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، حەسەن نەسروڵڵا دژی ئیسرائیل ئەنجام درابوو.
لە ترسی هێرشەکانی ئێران، ئەمریکا ژمارەی پاتریۆتەکانی لە سعودییە و قەتەر زیاد دەکات بەمەبەستی پاراستنی کەرتی وزەی ئەو دوو وڵاتە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆس و بە پشتبەستن بە زانیاریی دوو لێپرسراوی ئەمریکی، ئەمریکا لە هەفتەکانی رابردودا دوو سیستمی بەرگریی موشەکیی پاتریۆتی تری رەوانەی عەرەبستانی سەعودییە و قەتەر کردووە.
ئاکسیۆس دەڵێت؛ ئامانج لە جێگیرکردنی ئەم سیستمە بەرگرییانە، پاراستنی دامەزراوە گرنگەکانی نەوت و غازی ئەو دوو وڵاتەیە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاوی ئەمریکا دژی ئیران.
دوو پاتریۆتەکە، کە یەکێکیان بۆ بەرگریی لە دامەزراوەیەکی نەوتی لە سەعودییە و ئەوی دیکەیان بۆ پاراستنی کێڵگەیەکی غازی سروشتی لە قەتەر تەرخان کراوە.
ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک وەڵامەکە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی سەعودییە و قەتەر و دڵنیاکردنەوەیان لە پارێزراویی ژێرخانی وزەی وڵاتەکانیان.
پێشتر ئەو دوو وڵاتە، لە مانگی ئابدا داوایان لە دۆناڵد ترەمپ، کردبوو خۆ لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە وزەیییەکانی ئێران بپارێزێت، چونکە نەیاندەویست وڵاتەکانیان ببنە ئامانجی هێرشی تۆڵەسێنەرەوەی تاران بۆ سەر کێڵگە نەوتی و غازییەکانیان.
لێپرسراوانی ئەمریکا بە ئەکسیۆسیان راگەیاندوە ئەم نیگەرانییانەی وڵاتانی کەنداو هۆکارێکی سەرەکی بوون لەوەی ترەمپ لەو قۆناغەدا لەبری پەنابردن بۆ ئۆپراسیۆنی بەربڵاوی سەربازی، جەخت لەسەر بەردەوامیی گوشاری ئابوری بکاتەوە، ئێستاش بە جێگیرکردنی ئەم سیستمە بەرگرییانە هەوڵی بەهێزکردنی ئاسایشی هاوپەیمانەکانی دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە عیراق كرد گەشتە ئاسمانییەكانی نێوانیان ئاسایی بكاتەوە لە چوارچێوەی دراوسێیەتی باشدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، وێڕای رێزگرتن لە سەروەریی خاكی وڵاتەكە داوا لە حكومەتی عیراق دەكات بڕیاری پێویست بگرێتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا و سنورداركردنی گەشتەكان هەڵبوەشێنێتەوە و گەشتە ئاسمانییەكان ئاسایی بكاتەوە.
دەشڵێت، سنورداركردنی گەشتنی ئاسمان نێوان ئێران و عیراق زیان بە بەرژەوەندییە ئابورییەكانی هەردولا دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هاتوچۆی ملیۆنان هاووڵاتیی ئێران و عیراق بۆ مەبەستی بازرگانی، ئابووری، سەردانی شوێنە پیرۆزەكان، گەشتیاری، خوێندن و چارەسەری پزیشكی پێویستی بە دەستپێكردنەوەی گەشتەكان هەیە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئێران ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەیەکی بەهێز دەکات و بنکەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی "رویتهرز" لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە، ئێران خۆی بۆ وەڵامدانەوەیەکی فراوانتر و بەهێزتر ئامادە دەکات لە هەڵگەڕانەوە و دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییە بەرفراوانەکانی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە تاران هاوتەریب بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی، کە لێپرسراوانی ئێرانی لە پشت پەردەوە سەرکەوتنی بە دوور دەزانن.
ئەم ئامادەکارییانە ئاماژەن بۆ بڕوابوونی سەرکردایەتیی ئێران بەوەی جوڵەیەکی سەربازیی نوێی ئەمریکا دەبێت بە وەڵامێکی زۆر توندتر لە پێشوو وەڵام بدرێتەوە، تەنانەت لەگەڵ هەوڵەکانی تاران بۆ رێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە رێگەی دانوستانەوە. لەو ئاراستەیەشدا لێپرسراوانی باڵای ئێران سەرقاڵی پێداچوونەوەن بە پلانەکاندا بۆ فراوانکردنی بازنەی ئامانجەکانیان بۆ دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆیتەرز رایگەیاندووە، لە دوای گەڕانەوەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە نیویۆرک، سەرکردە و لێپرسراوە باڵاکانی تاران سەرنجیان خستووەتە سەر دیاریکردنی ئاست و کاتی وەڵامدانەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی دیکە لەلایەن واشنتنەوە، ئەگەرچی بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام پرۆسەی داڕشتنی پلانەکان خێراتر بوون، لە کاتێکدا هیچ لایەنێکیان ئاماژەیەک بۆ سازشکردن پیشان نادەن.
ئەم ئامادەکارییانە دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر دەستپێکی ململانێکان و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوودا دێن، ئەگەرچی رێککەوتنی ئاگربەست لە 8ـی نیساندا هێرشە سەربازییە گەورەکانی راگرت و کۆتایی بە قۆناغێکی 40 رۆژەی جەنگ هێنا، بەڵام لەو کاتەوە بەردەوام پێکدادان و جوڵەی سەربازی لە نێوان هەردوو لادا نوێ دەبێتەوە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، تاران دەیەوێت بە پەرەپێدانی ئاستی گرژییەکان هاوسەنگیی هێز بگەڕێنێتەوە، لە لایەکی تریشەوە، تاران چاوی لەسەر مەترسییە سیاسییەکانی سەر دۆناڵد ترەمپە لە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگەکەدا، بە تایبەت کە راپرسییەکان دەریانخستووە شەرەکە لە ناوخۆی ئەمریکادا بەناوبانگ نییە و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە.
لە چوارچێوەی هەمان ئامادەکارییەکاندا، تاران رێنمایی داوەتە گروپە هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، یەمەن و عیراق بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران، بە شێوازێک کە وەڵامدانەوەیەکی هاوئاهەنگکراو لە گەروی هورمزەوە تا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئامادەکارییەکان بۆ جەنگێکی بەرفراوانتر، تاران کەناڵەکانی دانوستانی دانەخستووە، لە میانی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران رێگەی نێوەندگیرە قەتەرییەکانەوە پێشنیازێکی دایە واشنتۆن کە بەپێی ئەوە دەستبەجێ گەروی هورمز دەکرایەوە و شەڕ رادەگیرا، لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان، ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری دەستبەسەرداگیراو و بەخشین لە سزاکانی نەوت.
لە بەرانبەردا ترەمپ رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی راگەیاند، بەڵام تاران رایگەیاندووە وەڵامێکی نوێی ئەمریکایان لە رێگەی قەتەرەوە بەدەستگەیشتووە و پێداچوونەوەی بۆ دەکەن، بەپێی سەرچاوەکان واشنتۆن دەیەوێت پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەش بێنێتە ناو دانوستانەکان، بەڵام ئێران جەخت دەکاتەوە تا مەرجەکانی جێبەجێ نەکرێن هیچ دانوستانێکی ئەتۆمی دەست پێناکات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، یاریدەدەری فڕۆکەوانەکەی 'فڵای دوبەی' مێشکی بە ئایدۆلۆژیای توندڕەو شۆردراوەتەوە و بە نیازی خۆکوژی کردەوەکەی ئەنجامداوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە روداوی هەوڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی کۆمپانیای "فلای دوبەی" رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەسەر پاڵنەرەکانی روداوەکە بەردەوامن و زانیارییان دەستکەوتووە کە یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی پرۆسەی بەئایدۆلۆژیابوونی توندڕەوانە و کردەوەکەی بە شێوازی خۆکوژی بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەری دووبارەبوونەوەی روداوی لەو شێوەیە هەیە، چونکە ئاماژەی لەبەرجەستە هەن کە ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی هەوڵی ئەنجامدانی هێرش دەدەن لە وەرزی هەڵبژاردنەکاندا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو، کەلەبەرێک لە پرۆسەی پشکنینی فڕۆکەواناندا هەبووە و هەوڵی چاککردنی دەدەن، هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیمارات لە هاوکاریی بەردەوامدان بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە روداوانە، جەختیشی کردەوە کە لە چەند رۆژی ئایندەدا پەیوەندیی نێوان یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە و ئێران یەکلادەبێتەوە.
بەهۆی بەشداریكردنیان لە كۆنگرەی حزبێكی تردا، جەهەپە پێنج سەرۆك شارەوانیی ئیستەنبوڵ و ئەنتاڵیا لە ریزەكانی حزبەكەی دەردەكات.
میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، بە تۆمەتی بەشداریكردن لە كۆنگرەی پارتی نوێی توركیا-یێنی پارتی، ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندیی پارتی گەلی كۆماری-جەهەپە بڕیاریداوە، پێنج سەرۆك شارەوانی لە پارێزگاكانی ئیستەنبوڵ و ئەنتاڵیا رەوانەی لیژنەی دیسپلین بكات بە مەبەستی دەركردنیان لە ریزەكانی حزبەكە.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو میدیایانە، ئەو سەرۆك شارەوانیانەی ئیستەنبوڵ كە دەركراون بریتیین لە سەرۆكی شارەوانییەكانی كادیكۆی، سانجاكتێپێ، ساریەر، كۆنیاڵتی و ئالانیا.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو كارەی ئەو پێنج سەرۆك شارەوانیەی جەهەپە ، پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیان بووە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە مانگی رابردودا، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەییەکانی سوپا زیاتر لە 500 ئامانجیان لە باشوری لوبنان و کەرتی غەززە کردوەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، زیاتر لە 370 ئامانجی سەر بە حزبوڵا لە باشوری لوبنان و زیاتر لە 140 ئامانجیش لە کەرتی غەززە بۆردومان کراون.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت؛ لە بۆردومانەکاندا، سێ فەرماندەی حەماس، ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا بەشداربوون و بارمتەیان رفاندوە، لەگەڵ چەندین کۆگای چەک و تەقەمەنی هەبوون.
جەختیشیان کردوەتەوە، هێزی ئاسمانیی لە تەواوی بەرەکانی جەنگدا بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هێرشبەری و بەرگری بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکان و پشتیوانیکردنی هێزە مەیدانییەکانیان.
وەزیری ئابوری ئێران وەڵامی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێت؛ ساڵانێکە خەیاڵی ئەوە دەکەن ئابوریی ئێران دەروخێت و خەیاڵیان خاوە، ئاماژەی بەوەشکردوە قەرەبوی زیانلێکەوتوەکانی جەنگیان کردوەتەوە.
عەلی مەدەنی زادە، وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی ئێران، لە وەڵامی لێدوانەکانی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە رەوشی ئابوریی ئێران رایگەیاند، ساڵانێکی زۆرە دەوترێت دوو هەفتەی تر یان مانگێکی تر ئابوریی ئێران تیادەچێت و توشی داڕمان دەبێت، بەڵام بێگومان ڕوداوێکی لەو شێوەیە رونادات
ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، ئامانج لەم جۆرە لێدوانانە دروستکردنی نائارامی و سترێسە لە نێو خەڵکدا، تاوەکو روبکەنە بازاڕی دراو و بەوەش نرخی دۆلار بەرزببێتەوە، بەڵام رێگە بەوە نادەن.
سەبارەت بە زیانەکانی شەڕیش، مەدنیزادە ئاشکرای کردوە، لە کۆی نزیکەی 78 هەزار ملیار تۆمان زیانی خەمڵێندراو بۆ یەکە بچوک و ناوەندییەکان، تا ئێستا نزیکەی 45 هەزار ملیار تمەن دراوەتەوە بە زیانلێکەوتوان.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە 50 هەزار ملیار تمەن وەک زیانی راستەوخۆی دڵنیایی (بیمە) و زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلاریش وەک زیانی پەیوەندیدار بە کەشتی و فڕۆکەکان کۆمەکی دارایی کراون و دراونەتەوە.
ئەم قسانەی وەزیرەکەی ئێران لە کاتێکدایە، لە ئێستدا سەرەرای قەیرانی ئابوری و گرانی شتومەک لە ئێراندا، بەهای دراوی وڵاتەکە لە نزمترین ئاستی مێژویی خۆیدایە و بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرانبەرە بە 250 هەزار تمەن.
دوای چەند سەعاتێک لە روداوەکەی ئاسمانی ناوچەکە، ئیسرائیل روداوی فڕۆکەی کۆمپانیای 'فلای دوبەی' لە گەشتی FZ1073 لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەبیب بە "هەوڵێکی تێرۆریستی" وەسف کرد، لە کاتێکدا کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە هێشتا زووە بۆ دیاریکردنی هۆکار و پاڵنەرەکانی دروستبوونی ئەو روداوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پەیوەندی بە یەکێک لە سەرنشینەکانەوە کردووە و پێی راگەیاندووە بە هاوکاریی ئەندامێکی تیمی فڕۆکەکە توانینیان بچنە ناو کابینەی فڕۆکەوانەکە و دەستبەسەر ئەو فڕۆکەوانەدا بگرن کە هەوڵی تێکدانی سیستمی فڕۆکەکەی دابوو، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد سەرجەم سەرنشینەکان لە مەترسی دەرچوون و فڕۆکەوانە هێرشبەرەکە دەستگیرکراوە.
لە لایەکی ترەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، زانیارییە سەرەتایییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجی هێرشبەرەکە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە بووە بە سەرجەم سەرنشینەکانییەوە، بێجگە لەوەی کارەکە بە هەوڵێکی تێرۆریستی ناوبرد.
لە بەرانبەردا، کۆمپانیای 'فلای دوبەی' لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "دەمەقاڵێ" لە ناو شوێنی فڕۆکەوانەکاندا روی داوە، بەڵام تیمی فڕۆکەکە توانیویانە ئاسایشی فڕۆکەکە بپارێزن و ئاڕاستەکەی بگۆڕن بۆ فڕۆکەخانەی تەبوک لە سعودیە و بە سەلامەتی بنیشێتەوە.
کۆمپانیاکە جەختیشی کردەوە، سەرجەم سەرنشینەکان و تیمی فڕۆکەکە سەلامەتن و هاوکاریی تەواوی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان دەکەن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە.
هاوکات، لێپرسراوانی فڕۆکەخانەی تەبوک رایانگەیاند، لە سەعات 8:44ـی بەیانییەوە داوای فریاگوزارییان لە فڕۆکەکەوە پێگەیشتووە و دەستبەجێ رێکارەکانی باری لەناکاویان گرتبووە بەر بۆ دڵنیاوبوونەوە لە سەلامەتیی سەرنشینان.
میدیای ئێران بڵاویكردەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەنیازە تیمێك بنێرێتە ئێران بۆ پشكنینی بنكە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكە.
بە پێی هەواڵی ئاژانسی تەسنیمی ئێران رافایل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئامادەیە لە نزیكترین كاتدا تیمێكی ئاژانسەكە بنێرێتە ئێران بۆ دەستپێكردنەوەی تەواوی چالاكییەكان لەو وڵاتەدا.
هاوكات، محەمەد ئیسلامی سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، تا دەزگای وزەی ئەتۆمی ئەركەكانی جێبەجێ نەكات و پرۆتۆكۆلێكی نوێ بۆ پشكنینی ئەو ناوەندانە دانەنرێت، ناكرێت ئاژانسەكە پشكنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەیان بكات.
ئاماژەی بەوەشكردوە، بەپێی یاسای ئەو بنكانەی هێرشیان كراوەتەسەر دەبێت سەرەتا رەوشی ئەمنی شوێنەكان دیاریبكرێت و دەبێت ئاژانسەكە بە شێوازێكی نوێ پشكنینیان بۆ بكات.