وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی خەریکی تاوتوێکردنی وەڵامێکە بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، کە لە رێگەی وڵاتی نێوەندگیری قەتەرەوە پێیان گەیشتووە.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشنیازەکەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵوێستە کۆنەکانی واشنتۆن و جەختکردنەوەیە لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.

جەختیشی لەسەرهەڵوێستی نەگۆڕیی تاران کردەوە، کە داوا دەکات لەم قۆناغەدا گرنگی بە پرسی گەروی هورمز بدرێت و پرسی ئەتۆمی بۆ قۆناغەکانی تر دوا بخرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ئەوەی گرنگە راگرتنی شەڕ و هەڕەشەکانە بەپێی ئەوەی لە لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباددا هاتبوو، وتیشی: "راست نییە ئەمریکا باسی بنەماکان بکات لە کاتێکدا خۆی پێشێلیان دەکات."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەقائی رایگەیاند، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆڕک لەگەڵ سەرجەم لێپرسراوانی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کۆبووبوونەوە و گفتوگۆی باشیان کردووە، جەختیشی کردەوە کە ئێران پابەندە بە بنەمای دراوسێیەتی باش و داواش لە وڵاتانی دراوسێ دەکات رێگە نەدەن خاکیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەکاربهێنرێت.