رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

مەزڵوم عەبدی راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار سوریا رایگەیاند، کە زمانی کوردی ناسنامەی گەلی کوردە و گەشەپێدانی بەشێکی بنەڕەتییە لە خەباتەکەیان.

راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەوە کرد: خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سروشتی و هەنگاوێکی مێژوییە و لە ماوەی 14ساڵی رابردووشدا هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ رەخساندنی دەرفەتی خوێندن بە زمانەکە.

مەزڵوم عەبدی جەختی کردەوە: هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو زمانی کوردی ببێتە زمانێکی رەسمی لە تەواوی سوریا و داوای لە بنەماڵە و خێزانەکان کرد منداڵەکانیان بنێرنە ئەو قوتابخانانەی بە زمانی کوردی وانەی تێدا دەوترێتەوە.

لە کۆتاییشدا روونی کردەوە: بەهۆی ئەوەی ناوچەکە لە قۆناغێکی گوێزەرەوەدایە پێویستە پرۆسەی پەروەردە بەردەوام بێت و خوێندنی زمانی دایک لە قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی بەپێی مەنهەجەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بەڕێوەبچێت.   

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای پاسداران نامەیەکی بۆ گەلی ئەمریکا ناردوە و تێیدا هاتوە باوەڕ بە  لێپرسراوەکانتان مەکەن، سوپاکەتان تاوانی زۆر ئەنجام دەدات.

حسێن موحێبی، وتەبێژی سوپای پاسداران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە نامەکەی سوپای پاسداران بۆ گەلی ئەمریکا راگەیاند، لە نامەکەدا ئاستی جەماوەریی سوپای پاسداران لە ئێران و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی خەڵکی ئێران و ناوچەکە پێشکەشی کردووە.

وتەبێژی سوپای پاسداران، رایگەیاندوە، لە نامەکەماندا راستییە جیۆپۆلەتیکییەکانیان بۆ گەلی ئەمریکا باسکردوە و  ئاماژەی بەوەشکرد، داوایان لە گەلی ئەمریکا کردووە لانیکەم جارێک نامەکەیان بخوێننەوە.

حسێن موحێبی پارتەکانی ئەمریکای بە درۆکردن لەگەڵ خەڵکی  وڵاتەکەیان تۆمەتبار کردوە و بانگەشەی ئەوەدەکات زۆر درۆ لەگەڵ گەلی خۆیان دەکەن و کاتی ئەوە هاتووە سیاسەتەکانیان بگۆڕن.

ناوبراو ئەوەسشیخستوەتەڕوو، بەشێکی زۆری خەڵکی ئەمریکا ئاگاداری تاوانەکانی سوپاکەیان نین و لە نامەکەدا باسیان کردوە و هیوادارە بیخوێننەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قالیباف رایگەیاند، ئەگەر ئێران نەتوانێت نەوت بفرۆشێت، کەس لە ناوچەکە نەوت نافرۆشێت.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکان و گەمارۆکاندا هەرگیز پاشەکشە ناکات و هۆشداریی دا کە ئەگەر ئاسایشی ئێران پارێزراو نەبێت، ئاسایشی ژێرخانی ناوچەکەش تێک دەچێت.

قالیباف لە دانیشتنی پەرلەماندا رایگەیاند، سەردەمی ترساندن و هەڕەشەی تێکشکاندنی ئێران بەسەرچووە، و جەختی لەوەش کردەوە کە وەڵامی ئێران بۆ هەر هەنگاوێکی ئەمریکی هاوشێوەی وەڵامەکانی پێشوو دەبێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی کرد و وتی، ئەگەر ئێران نەتوانێت نەوت بفرۆشێت، کەس لە ناوچەکەدا نەوت نافرۆشێت، هۆشداریشی دا کە نەپاراستنی ئاسایشی ئێران واتە نەپاراستنی ئاسایشی ژێرخان لە سەرجەم ناوچەکەدا.

قالیباف رەخنەی لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە گەروی هورمز و تێپەڕبوونی کەشتییەکان گرت و بە دووبارەکردنەوەی تۆمەتە پێشووەکان ناوی بردن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لێدوانە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نیشانی دا کە واشنتن هەڵسوکەوتی خۆی بەرامبەر تاران نەگۆڕیوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فاکس نیوز رایگەیاند، ئێران لەلایەن رێبەرانی ئایینیی توندڕەوەوە بە دیدگایەکی ئاخیرزەمانییەوە بەڕێوەدەبرێت، جەختیش دەکاتەوە، نابێت کەسانێک بەم جۆرە بیرکردنەوەیەوە هەرگیز دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ ئەگەر ئێران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆم، ئەوا بۆ باج وەرگرتن لە جیهان و کوشتنی خەڵک بەکاری دەهێنێت و  ئەم رەوشەی بە مەترسییەکی قبوڵنەکراو ناوبردوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ توندکردنەوەی هەڵمەتی سزاکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئابوریی ئێران بە خێرایی بەرەو کارەساتێکی گەورە هەنگاو دەنێت.

وەزیرەکەی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات بە بڕیاری دەسەڵاتدارانی تاران، بەشێکی زۆری سامانی وڵاتەکە لەبری دروستکردنی نەخۆشخانە، رێگاوبان و باشکردنی ژیانی هاوڵاتییان، بۆ پشتگیریی دارایی حزبۆڵا، میلیشیاکانی عیراق، پشتیوانیکردنی تیرۆر، دروستکردنی چەک و پیلانی تیرۆرکردن لە جیهاندا خەرج دەکرێت.

هەروەها باسی لەوەشکردوە، سەپاندنی سزای زیاتر و سنوردارکردنی داهاتی نەوتی ئێران توانای دارایی دەسەڵاتی ئێرانی بۆ ئەو چالاکییانە کەم دەکاتەوە و جەختیشی کردەوە، بە روبەڕوونەوەی بەرنامە ئەتۆمیەکەی تاران، سەرۆکی ئەمریکا کێشەیەکی زۆر گەورەی لە کۆڵ جیهان کردووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی سوپای پاسداران دەستبەسەرداگرتنی دووەم ژێردەریایی پێشكەوتووی بێسەرنشینی ئەمریكای ئاشكراكرد و رایگەیاند، گەروی هورمز بووەتە شوێنی تێكشكاندنی ژێردەریاییەكانی ئەمریكا.

ئەمڕۆ دووشەممە، حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، "گەروی هورمز نەك تەنها داخراوە، بەڵكو بووەتە شوێنی تێكشكاندنی  ژێردەریاییەكانی ئەمریكا لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە".

ئاشكراشیكرد: توانیویانە دەستبەسەر دووەم ژێردەریایی زیرەكی بێسەرنشینی ئەمریكادا بگرن لە جۆری (كینگ فیش) و دەیانەوێت لە رێگەی پشكنینەوە زانیارییەكانی ناوی بەكاربهێننەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەوڵێکی نوێدا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، فشارێکی زۆری دیپلۆماسی خراوەتە سەر ئێران تا دەستبەرداری بەشێک لە مەرجەکانی بێت و سازش لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی تارانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی حەوت رۆژە رەتکردەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، ئامانجی سەرەکیی وڵاتانی نێوەندگیر لەم قۆناغەدا ئەوەیە، دۆسیەی ئەتۆمی بگەڕێننەوە پێشەنگی دانوستانەکان و رێگە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی فراوان لە ناوچەکەدا بگرن، بەڵام تا ئێستا تاران هیچ ئاماژەیەکی بۆ نەرمبوونی هەڵوێستەکانی پیشان نەداوە و داوای هەنگاوی کردەیی لە واشنتۆن دەکات.

لە بەرانبەردا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نیویۆرک جەختی کردەوە، وڵاتەکەی لە یەک کاتدا خۆی بۆ هەردوو بژاردەی دیپلۆماسی و جەنگ ئامادە کردووە، بڕیاری کۆتاییش لە دەستی ترەمپدایە، هاوکات لێپرسراوانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، گەمارۆ ئابوری و دەریاییەکان فشاری توندیان لەسەر ئێران دروستکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێرانی رایگەیاند کە دەستیان بەسەر ژێر دەریاییەکی پێشکەوتووی سوپای ئەمریکادا گرتووە لە گەروی هورمز، هاوکات جەختیان کردەوە کە ناوچەکە بەڕووی هەر جووڵەیەکی رێگەپێنەدراودا داخراوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران: لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی ئاڵۆز و رێکخراودا بە بەکارهێنانی سیستەمی زانیاری، هەواڵگری و جەنگی ئەلیکترۆنی، توانراوە رێگری لە ژێر دەریاییەکی پێشکەوتووی ئەمریکی بگرێت کە بە مەبەستی سیخوڕی لە گەروی هورمزدا کاری دەکرد.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتوووە کە ژێر دەریاییەکە لە جۆری (Remus 600)ی ژیر و پێشکەوتووە، لە ئێستاشدا لەلایەن شارەزایانی سەربازیی ئێرانەوە پشکنینی بۆ دەکرێت تاوەکو زانیارییە ناوخۆییەکانی دەرهێڵرێتەوە.

سوپای پاسداران هۆشداریشی داوە کە بە رووبەڕووبوونەوەی توند و بەردەوام وەڵامی هەر جووڵەیەکی مەترسیدار یان تێپەڕبوون لە رێڕەوە رێگەپێنەدراوەکانی گەروی هورمز دەدەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بڕیارێکی بێپێشینەدا لە دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە، دەسەڵاتدارانی سعودییە پرۆسەی خوێندنی رووبەڕوویان لە ریازی پایتەخت راگرت و شێوازی خوێندنیان بۆ سیستەمی ئەلکترۆنی گۆڕی.

لە رێگەی ئاگادارییەکی رەسمییەوە، وەزارەتی پەروەردەی سعودییە کەسوکاری قوتابیانی ئاگادارکردووەتەوە کە چوون بۆ ناو پۆلەکان راگیراوە و وانەکان لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلکترۆنیی "مدرستي"یەوە بەڕێوەدەچن.

ئەم رێکارە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە رووبەڕووی ئاڵۆزیی ئەمنی بۆتەوە و هێرشە ئاسمانییەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر ریاز و چەند شارێکی تری سعودییە بەردەوامن، ئەوەش وەک گوشارێکی سەربازی لە چوارچێوەی ئاڵۆزییە هەرێمییەکاندا.   

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رەخنەی توندی لە لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمریكا گرت و بە دژبەیەك وەسفی كرد، ئەوەش دوای ئەوەی پێشنیازەكەی ئێرانی بۆ سەرلەنوێ كۆنتڕۆڵكردنەوە و ئاساییكردنەوەی هاتوچۆ لە گەروی هورمز راگەیاند.

عراقچی راشیگەیاند: تاران چاوەڕێی وەڵامی كۆتایی نێوەندگرەكان دەكات بۆ بڕیاردانی گونجاو، جەختیشی كردەوە، هەر پێشڕەوییەك لە داهاتوودا بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی مەرجە راگەیەندراوەكانی ئێرانەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو مەرجانە بە وردیی روون كراونەتەوە و لە رێگەی نێوەندگرەكانەوە گەیەندراونەتە لایەنی ئەمریكی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رەتیدەكاتەوە وەڵامی سەربازییان بۆ سزاكانی سەر هێڵە ئاسمانییەكانیان هەبێت و هۆشداریی گرتنەبەری رێكاری دیكە دەدات.

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، لێكدانەوەی هەڵە بۆ لێدوانەكانی سكرتێری ئەنجوومەنەكە سەبارەت بە پرسی وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەكان كراوە.

وتیشی، ئەو دەنگۆیەی کە گوایە تاران وەڵامی سەربازیی بۆ ئەو كۆتوبەندە ئاسمانییانە دەبێت كە بەم دواییە خراونەتە سەر گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەیان، دوورە لە راستییەوە.

هاوكات، ئەنجوومەنەكە هۆشداری دەدات كە چەندین رێگەی دیكەی ناسەربازی هەن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو سزایانە و لە كاتی پێویستدا بەرانبەر بە هەندێك فڕۆكەخانە دەگیرێنەبەر، بەڵام جەختیش دەكاتەوە كە هیوادارن رەوشەكە نەگاتە ئەو قۆناغە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رابەری باڵای ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، دوژمنانی وڵاتەکەی بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستییەکانیان هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی دەدەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە نیشانەکانی ئەو هەوڵە لە نەجەف دەرکەوتوون، ئەوەش بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەو شارە بە رووی زیارەتکارانی ئێراندا.

ویلایەتی پەیامێکی ئاڕاستەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کردووە و رایگەیاندووە: شەرعیەت لە ئەمریکاوە نایەت، بەڵکو لە نەجەفەوە دەستدەکەوێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی متمانەی لە خەبات و خوێنی شەهیدانەوە وەرگرتووە، بەڵام بێدەنگیی ئێستای بەرانبەر داخستنی فڕۆکەخانەکانی عیراق بە رووی فڕۆکەکانی ئێراندا، دەریخستووە کە بڕیارەکانی بێناوەڕۆکن.

لە لایەکی ترەوە، ئەکرەم کەعبی، ئەمیندارێ گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا رایگەیاند: لە ئەرگەری بەردەوامیی داخستنی فڕۆکەخانەکان بە رووی ئێراندا، داوا لە گەلی عیراق دەکەن ئامادەکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی مانگرتنی گشتی لە فڕۆکەخانەکاندا.

کەعبی جەختیشی کردەوە کە رێگری لە فڕۆکەکانی ئێران بەشدارییە لە گەمارۆیەکی ناڕەوا و زیان بە ئابووریی هەردوو وڵات دەگەیەنێت، بۆیە دەبێت هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کۆتایی پێبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئێران، مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، کە رابەری باڵای ئێران، موجتەبا خامنەیی کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی شوباتەوە لە بەرچاو ون بووە تەندروستی باشە و بە تەواوی  برینەکانی چاکبووەتەوە.

پزیشکیان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی"سی بی ئیس نیوز"ی ئەمریکی، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی موجتەبا خامنەیی کە لە دوای هێرشە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکەی سەرەتای ئەمساڵەوە (کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی) بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە، رایگەیاند: لە ئێستادا رووبەڕووی هیچ کێشە یان ئاڵۆزییەکی تەندروستیی دیاریکراو نەبووەتەوە.

پزیشکیان وتیشی: وەک پزیشکێک ئەمەم لێ وەرگرن؛ لە رووی پزیشکییەوە تەندروستیی تەواوە و ئەو برینانەی لە دەم و چاو و قاچەکانیدا هەیبوون بە تەواوی چاکبوونەتەوە، هیچ کێشەیەکی نییە.

سەرۆکی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: لە ماوەی رابردوودا دوو جار لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کۆبووەتەوە، کە یەکێک لە کۆبوونەوەکان زیاتر لە حەوت سەعاتی خایاندووە.

دەربارەی ئەوەی ئایا موجتەبا خامنەیی لە بڕیارە دیپلۆماسییەکاندا رێنمایی دەدات، پزیشکیان روونیکردەوە: تیمێک لە شەش ئەندام پێکهاتووە لە نوێنەرانی دامەزراوە جیاوازەکان، هێزە ئەمنییەکان، پەرلەمانتاران و دەستە حکومییەکان، کە کۆدەبنەوە بۆ راوێژ و بڕیاردان و بە هەماهەنگی دەگەنە بڕیاری کۆتایی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "سی بی ئیس نیوز" رایگەیاند کە "کەشێکی بێمتمانەیی" لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ ئارەزوویەکی بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی نییە.

ئەم قسانەی پزیشکیان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا هات کە رۆژی هەینی لەگەڵ بەرنامەی "رووبەڕووبوونەوەی نەتەوە" لەو کەناڵە ئەنجامی دا، تێیدا پرسیاری لێکرا کە ئایا ئامادەیە ئەم هەفتەیە لە نیویۆرک چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت؛ کە ئەوە پێشنیازێک بوو لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە خرابووە ڕوو.

پزیشکیان وتی: ئێمە هەوڵی دروستکردنی هیچ چەکێکی ئەتۆمی نادەین و رێگە بە بازپشکنانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدەین بچنە ناو وڵاتەکەوە، هەروەها ئەنجامدانی دیداری راستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ لە سایەی ئەو کەشە بێمتمانەییەی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەیە، کارێکی دژوارە

ناوبراو وتیشی: گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی حەرامە، جەختیشی کردەوە کە تەنانەت ئەگەر هەندێک کەس لە ئێران ئارەزووی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیش بکەن، ئەوا "لە رووی ئاینییەوە رێگەیان پێنادرێت بەرەو ئەو رێگەیە بڕۆن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی، رەخنەی توند لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەگرێت و رایدەگەیەنێت، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هاوکات بەرگری لە هەڵوێستە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی دەکات.

لە لێدوانێکیدا وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی مەدەنی کوژراون و جەختی لەوە کردەوە کە "ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن ئەو تاوانانە بسڕنەوە کە بەرامبەر بە گەلی ئێران کردوویانە".

سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکەش، عراقچی ئاماژەی بەوەکرد کە نەبوونی ئاسایش لە گەرووی هورمز و پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی، دەرئەنجامی راستەوخۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.

عەباس عراقچی تیشکی خستە سەر پرسی سزاکان و باسی لەوە کرد کە ئەوەی ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەیکات دیپلۆماسییەت نییە، بەڵکو زۆرلێکردن و جەنگێکی ئابورییە. ناوبراو ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە گەمارۆ ئابورییەکان وەک ئامرازێک بۆ سزای بەکۆمەڵ و فشاری سیاسی بەکاردەهێنێت.

لە بەرامبەر ئەمەشدا، عراقچی بەرگری لە هەڵوێستی تاران کرد و وتی؛ "پابەندبوونی ئێمە بە دیپلۆماسییەوە لەو دانوستانانەدا رەنگیدایەوە کە بوونە هۆی رێککەوتنی ئەتۆمی، و لە دوو ساڵی رابردووشدا بەردەوام بووین لە هەوڵدان بۆ دیپلۆماسی."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یونیسێف نوێترین ئامارەکان لەبارەی بەدخۆراکیی لە یەمەن بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار ژن و منداڵ توشی بەدخۆراکیی توند بوون.

 رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماری ورد لەبارەی بەدخۆراکیی لەناو ژنان و منداڵانی بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکەی یونیسێفدا هاتووە، نزیکەی نیوەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە یەمەن, کە ژمارەیان دەگاتە دوو ملیۆن و 200 هەزار منداڵ و ملیۆنێک و 300 هەزار ژنیش، تووشی بەدخۆراکیی توند بوون.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەدخۆراکی گەشەی جەستەیی و هۆشیاریی منداڵ پەکدەخات، بەتایبەتی لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنیدا کە زۆربەی کات زیانێکی قەرەبوونەکراوەیە و دەبێتە هۆی دروستبوونی بازنەیەکی داخراو لە نەخۆشی و کاریگەریی لەسەر نەوەکانی داهاتووتری ئەو وڵاتە دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60% دەبێت.

پزیشکیان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد: لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکیدا (NPT)، دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60% دەبین.

سەرۆکی ئێران وتیشی: پابەند دەبین بە هەموو ئەو ئەرک و پابەندییانەی کە پەیماننامەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی لەسەرمان فەرزی دەکات.

دەربارەی بارودۆخی یەمەنیش پزیشکیان وتی: ئەنساروڵا (حوسییەکان) لە یەمەن خۆیان بەرپرسن لە کردەوەکانیان و هیچ رێنمایی و ئاڕاستەکردنێک لە ئێمەوە وەرناگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...678910...187