میدیاکانی ئیسرائیل: ئەمریکا نزیکەی سێ هەزار سەرباز لە ئیسرائیل جێگیر دەکات
محەمەد رزگار
٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە ئەگەری ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا نزیکەی سێ هەزار سەربازی لە ئیسرائیل بڵاوکردووەتەوە و خۆشی ئامادە دەکات بۆ ناردنی هێز و فڕۆکەی جەنگیی زیاتر.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردوەتەوە، لە ئێستادا نزیکەی سێ هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری ئیسرائیلدا بڵاوەیان پێکراوە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا خۆیان ئامادە دەکەن لە هەفتەکانی داهاتوودا هێز و فڕۆکەی زیاتر بنێرن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک لە ترسی ئەگەری هەڵگیرسانی ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی 'واڵا'ـی ئیسرائیلی کە لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە وەریگرتووە، سەربازە ئەمریکییەکان ئەرکی جۆراوجۆریان لە ئەستۆگرتووە، لەوانەش بەگەڕخستنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، جگە لە ئامادەیی فڕۆکەوانان، تیمەکانی پشتیوانی، یەکە لوجستییەکان و ئەندامانی فەرماندەیی و ئەرکان.
راپۆرتەکە روونیشیکردووەتەوە، سوپای ئەمریکا لە هەفتەکانی رابردوودا پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بە هێزەکانی لە ئیسرائیل ئەنجامداوە، بەشێک لەم جووڵانەش چوارچێوەی پرۆسەی خولیی ئاسایی دەگرێتەوە، بەڵام سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە لەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا هێز و فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانە دەکرێن وەک ئامادەکارییەک بۆ رودانی ئاڵۆزیی لە ناوچەکە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی ناو سوپای ئیسرائیل کردووە بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی نوێ لەگەڵ ئێران، بەپێی هەڵسەنگاندنە ئیسرائیلییەکان کە پێیانوانییە سزادان و رێکارە ئابورییەکانی ئەمریکا فشارەکانی لەسەر تاران زیاتر کردووە.
ماڵپەڕی واڵا لە سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵای ئیسرائیلییەوە بڵاویکردووتەوە، نەیارەکانی ئیسرائیل چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش دەکەن کە کاریگەری لەسەر رەوشی ناوخۆیی دابنێت، بێ ئەوەی پەلبکێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر.
ئەوەش خراوەتەڕوو، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ تێکچوونی خێرای رەوشەکە و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات، بەشێک لە ئامادەکارییەکانیش جەخت لەسەر ئەو سیناریۆیانە دەکەنەوە کە پێویستیان بە ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل هەیە.
لەو چوارچێوەیەدا، هەماهەنگییەکی بەهێز لە نێوان سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' بەردەوامە، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێکی هاویشتنی موشەک لەلایەن ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل یاخود ئوردن.



