سعودیە: لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانە مەدەنییەکان سێ کەس گیانیان لەدەستدا
محەمەد رزگار
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە ئاماری هێرشەکانی سەر دوو فڕۆکەخانەی سەرەکیی وڵاتەکەی رادەگەیەنێت و ئاشکرایدەکات، بەهۆی ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەکانی ریاز و ئەبهاوە، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 36 کەسی تریش بریندار بوون.
بەپێی راگەیەنراوێکی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی، دوێنێ و ئەمڕۆ، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاز رووبەڕووی دوو هێرش بوونەتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان راستەوخۆ دەستیان بە بەهاناوەچوون کردووە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئەبها، دوو ژنی دانیشتووی سعودیە بە نەتەوە مەغریبی و جەزائیری گیانیان لەدەستداوە و 28 کەسی تریش بریندار بوون؛ هاوکات هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لە ریاز بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی سودانی و برینداربوونی هەشت کەسی تر.
دەستەی فڕۆکەوانیی سعودیە جەختیشیکردووەتەوە، تەواوی بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر و زیانی مادیش بەر ناوەندەکان کەوتووە؛ هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئاسایشییەکاندا کار لەسەر هەڵسەنگاندنی زیانەکان و پاراستنی ئاسایشی گەشتیاران و کارمەندانی فڕۆکەوانی دەکرێت.


