مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە بەرانبەر دەستدرێژییەکاندا دەستەوستان ناوەستێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە نەسەقامگیری لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکدا نییە و ئاڵۆزی بۆ هەمووان دروست دەکات.

پزیشکیان، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند: وڵاتەکەی هەوڵی جەنگ نادات، بەڵام بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە کە بکرێتە سەر وڵاتەکەی.

تەلەفزیۆنی ئێران لە پزیشکیانەوە پێش بەڕێکەوتنی لە تارانەوە بۆ قیرغیزستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە "لووتکەی شەنغای" بۆ هاوکاری، بڵاوی کردەوە کە پزیشکیان جەختی کردووەتەوە: هەوڵنەدان بۆ جەنگ پەیامێکی روونە کە تا ئێستا بە جیهانمان راگەیاندووە.

وتیشی: بەڵام ئێمە هەرگیز لە بەرانبەر هیچ دەستدرێژییەکدا دەستەوستان ناوەستین و بە توندی وەڵامی دەستدرێژکاران دەدەینەوە، هاوكات جەختیشی کردەوە کە "نەسەقامگیری و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکدا نییە، چونکە هەمووان رووبەڕووی ئاڵۆزی و ئاستەنگ دەکاتەوە.