رابەری باڵای ئێران نوێترین پەیامی بڵاوکردەوە
ساکۆ سمکۆ
٣٠ی ئابی ٢٠٢٦
موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران پەیامێکی نوێی ئاڕاستەی گەلانی ئیسلامی و وڵاتانی ناوچەکە کرد و تێیدا هۆشداریان لەبارەی دۆستایەتیکردنی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەداتێ و دەڵێت: واشنتۆن و تەلئەبیب دوژمنی دۆستەکانی خۆشیانن.
لە پەیامەکەیدا جەختی لەوەش کردەوە، تاکە رێگە بۆ رووبەرووبوونەوەی پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، یەکڕیزیی موسڵمانان، بەپێچەوانەشەوە؛ دووبەرەکی و ناکۆکی لەنێو گەلانی موسڵماندا، دەبێتە هۆی سەرکەوتنی ستراتیژ پلانەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی یەکگرتوو بان، گەلی فەڵەستینیش بەو شێوەیە بێپەنا نەدەمان و رووبەرووی ستەم و کۆمەڵکوژی نەدەبوون.
هۆشداریشی دایە وڵاتانی رۆژاوای ئاسیا و وڵاتانی کەنداو و داواشیان لێدەکات، دوژمنی راستەقینەی خۆیان بناسن و تێبگەن کە ئەمریکا و ئیسرائیل تەنانەت دوژمنی ئەو دەوڵەتانەشن کە هاوکارییان دەکەن.



