لە میانی کۆبونەوەی حکومەتەکەیدا، مەسعود پزیشکیان بە بەڕێوەبەری کەناڵی رەسمی ئێران سەدا و سیمای وتوە ئیتر سەیری ئەو کەناڵە ناکات، چونکە کاتێک سەیری دەکات زیاتر دەمارگری دەکات.

مسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا،  رەخنەی توندی لە ئەدای  دەزگای دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی (صداوسیما) گرت و رایگەیاند ئیتر سەیریان ناکات.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە، مەسعود پزیشکیان بە پەیمان جەبلی، سەرۆکی دەزگای سەدا و سیمای وتوە؛ ئیتر بینەری بەرنامەکانیان نییە، چونکە دەبێتە هۆی تێکچونی دەرونی و دەمارگیری دەکات.

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوەش کردەوە ،کە ئەگەر کەسێکی وەک ئەو کە تەمەنی بۆ خزمەتی سیستەمەکە داناوە بڕوا و تێڕوانینی بەرانبەر راگەیاندنی رەسمی وڵات بەو جۆرە بێت، ئەوا دەبێت تێبگەن، کە خەڵکی ئاسایی چ هەست و تێڕوانینێکی نەرێنییان بەرانبەر ئەو دامەزراوەیە هەیە.

ئەم قسانەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدایە، کە دەزگای پەخشی سەدا و سیما، کە لە تەلەڤیزیۆن و رادیۆ پێکدێت، زمانحاڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و نزیکی سوپای پاسدارانە.