تاران: ئامانجگرتنی دورگەی لارک پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیمانە و بە توندی وەڵامی دەدەینەوە
٣١ی ئابی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی ئەمریکای بۆ سەر دورگەی لارک بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەکەی وەسف کرد، هاوکات بەڵێنی دا بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی نوێ بداتەوە.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: سوپای ئەمریکا بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان، هێرشی کردە سەر بەشێک لە دورگەی لارک، ئەمەش بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە پارێزەرانی بەغیرەتی نیشتمان و هاووڵاتییانمان، جگە لە گەیاندنی زەرەر و زیان بە موڵکومالی گشتی و تایبەتی.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێزە چەکدارەکانمان لێدانێکی بەرگریکارانەی کەمەرشکێنیان ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن کرد کە ببوونە سەرچاوە و پاڵپشتیکاری دەستدرێژییە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو: بە شێوازێکی گونجاو و بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی نوێی سەربازی دەدەینەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت کرایەوە: دیارە بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرئەنجامەکانی کردەوە دەستدرێژکارانە نوێیەکانی ئەمریکا و بەردەوامیی ئابڵۆقەی دەریایی و جەنگی ئابووریی سەر ئێران، دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا و سەرجەم ئەو لایەنانەی بە هەر شێوەیەک بێت هاوکاری و بەشدارییان لە ئامادەکاری و جێبەجێکردنی کردەوە نەیاسایی و دەستوەردانەکانی ئەمریکادا کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی دوێنێ گرژییەکان روویان لە هەڵکشان کرد دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند پلاتفۆرمەکانی هەڵدانی مووشەکی ئێرانیان لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، کە ئەوەش یەکەم کردەی سەربازیی ئەمریکایە دژ بە ئێران لە دوای چەند هەفتەیەک.



