وەزارەتی پەروەردەی سوریا بڕیاری ژمارە 2068ی دەرکرد، کە تێیدا گۆڕانکاریی مێژوویی لە سیستمی پەروەردەی وڵاتەکەدا دەکات و زمانی کوردی بە رەسمی دەخاتە ناو پڕۆگرامی خوێندن.

 وەزارەتی پەروەردەی سوریا رایگەیاند، زمانی کوردی وەک 'زمانێکی نیشتمانی' لە خوێندنگە حکومی و تایبەتەکانی ئەو ناوچانەی رێژەیەکی بەرچاوی کوردنشینن، دەخوێندرێت.

بەشێک لە دەقی بڵاوکراوەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی سوریا:

  1. قۆناغەکانی خوێندن: بڕیارەکە هەموو قۆناغەکانی خوێندن دەگرێتەوە و زمانی کوردی دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە پڕۆگرامی خوێندن.
  2. کاتی وانەکان و نمرە: هەفتانە سێ وانە بۆ زمانی کوردی تەرخان دەکرێت و نمرەی ئەم وانەیە وەک نمرەی وانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی لە کۆنمرەی کۆتایی هەژمار دەکرێت.
  3. خوێندن بە زمانی کوردی: لە قۆناغی گواستنەوەدا (بۆ ساڵی یەکەم)، خوێندکاران سەرپشک دەکرێن لەوەی وانەکانی وەک مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە بە زمانی عەرەبی یان کوردی بخوێنن.
  4. ئامادەکارییەکان: وەزارەت 'سەنتەری نیشتمانیی بۆ پەرەپێدانی مەنهەجەکان'ـی راسپاردووە بۆ دانانی پەرتوکی تایبەت بە زمانی کوردی، هەروەها مامۆستایانی خاوەن بڕوانامە و شارەزا لە زمانی کوردی دادەمەزرێندرێن.
  5. ئەم بڕیارە لە 27ـی 8ـی 2026ـەوە دەرچووە و مەبەست لێی پاراستنی مافی پێکهاتەکان و بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانییە لە سوریا.