قالیباف: بە بڕیاری رابەری باڵا دۆسێی ئەتۆمی لە دانوستانەكاندا باس ناكەین
کەژان
٣ی ئایاری ٢٠٢٦
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، رابەری باڵای وڵاتەکەیان داوایكردووە لە دانوستانەكاندا باسی دۆسیەی ئەتۆمی نەكرێت.
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئیران لە زاری محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمان و تیمی دانوستانكاری ئێرانەوە رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران داوای لە وەفدی دانوستانكاری وڵاتەكەی كردووە لە هیچ دانوستانێكدا باس لە دۆسیەی ئەتۆمی وڵاتەكەیان نەكەن.
وتیشی، بنەمای دانوستانەكانی ئیسلامئاباد بە مۆڵەتی راستەوخۆی رابەری باڵای وڵاتەكەیان بووە، بەبێ مۆڵەتی ئەویش، هیچ دانوستانێك لەڕووی شەرعی و یاساییەوە ئەنجامنادرێت.
قالیباف ئاماژەی بەوەشداوە، لە قۆناغی جەنگدان و بڕیارەكانیش بەپێی زانیارییە نوێیەكان و لەژێر چاودێریی رابەردا نوێدەكرێنەوە، بڕیاری كۆتاییش هەر لای ئەوە و هەمووانیش پابەندی دەبن.



