وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئاگربەست قبوڵ ناكەن، بەڵام دەستپێشخەری لە هەر هەوڵێك دەكەن بۆ كۆتایهێنان بەشەڕ
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، ئاگربەست قبوڵ ناكەن، لەبەرئەوەی نایانەوێت سیناریۆی ساڵی رابردوو دووبارە بێتەوە، بەڵام پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەن بتوانێت بە تەواوی كۆتایی بەو شەڕە بهێنێت.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، لە ئێستادا هەندێك وڵات هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێك دەدەن، بەڵام پێناچێت ئەمریكا ئامادەبێت هێرشەكانی رابگرێت، بەڵام دەبێت شەڕ بەتەواوەتی و هەمیشەیی كۆتایی پێبێت، گەرەنتی هەبێت ئەو رەوشەی ئێستا دووبارە نەبێتەوە. هەروەها دەبێت ئەو زیانانەی بەر ئێران كەوتووە قەرەبوو بكرێنەوە.
سەبارەت بە گەرووی هورمزیش رایگەیاندووە، گەروەكە كراوەیە تەنها بۆ ئەوانە داخراوە كە هاوكاری دوژمنانی ئێران دەكەن و هێرش دەكەنە سەریان، بۆ وڵاتانی تر دەتوانن كەشتییەكانیان بە گەروەكەدا تێپەڕببن و ئامادەن رێڕەوی سەلامەتییان بۆ بكەنەوە، ئەگەر پەیوەندییان پێوەبكەن .
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، لە پەیامێکی نوێدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، ستایشی هێزەکانی "بەرەی مقاوەمە" کرد و رایگەیاند، کە هێزە چەکدارەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بە بڕیاری خۆیان هاتوونەتە ناو جەنگی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران.
دوای ماوەیەکی زۆر بێدەنگی، ئیسماعیل قائانی بێ دەنگی شکاندوە و پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە، کە یەکگرتویی بەرخۆدان هێزی نەتەوەی ئیسلامە و کابوسە بۆ خۆبەزلزانانی جیهان و بووەتە مۆتەکەی ترس بۆ ئیسرائیل.
لە پەیامەکەیدا، قائانی بەڵێنی داوە، کە لە داهاتودا ئەم "بەرەی مقاوەمە" سوپرایز و کردەوەی شۆکهێنەری تریان دەبێت بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، فەرماندەی فەیلەقی قودس جەختی لە بەردەوامی رێبازی رابەرانی پێشوی ئێران ( خومەینی وعەلی خامنەیی) کردوەتەوە.
وتوشیەتی، کە رێبازەکە بە پشتیوانی رابەری نوێ، موجتەبا خامنەیی بە بەهێزی بەردەوام دەبێت و مردنی سەرکردەکانیش تەنها دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی زیاتری "بەرەی مقاوەمە" لە داهاتودا.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشدارییەکی توند ئاراستەی دەسەڵاتی سوریا دەکات و رایدەگەیەنێت، کە رێگە نادەن هێرش بکرێتە سەر پێکهاتەی دروز لە ناوچەی سوەیدا.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، کە ئەو و سەرۆک وەزیران فەرمانیان بە سوپا کردووە ژێرخانی سەربازی حکومەتیسوریا لە پارێزگای سوەیدا بکەنە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەر هەوڵێکی زیان گەیاندن بە دروزەکان.
کاتز جەختی لەوەش کردەوەتەوە، کە ئیسرائیل رێگە نادات دەسەڵاتی سوریا شەڕی دژ بە ئێران و حزبوڵا بقۆزێتەوە بۆ لێدان لە دروزەکان و بە هێزەوە لە هەموو بەرەکان بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانیان و دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و هاوپەیامناەکانی.
ناوبراو، راستەوخۆ روی کردوەتە دیمەشق و پێی وتون، تەلئەبیب دەستەوەستان ناوەستێت بەرامبەر هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر دروزەکان بە بیانووی جەنگەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران تا بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکانیان بەردەوام دەبێت و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆم.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئیسرائیل نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیوە و دەستکەوتی گەورەی سەربازیی بەدەستهێناوە، لەوانە لەناوبردنی کارگەکانی موشەکی بالیستی، تێکشکاندنی هێزی دەریایی ئێران لە دەریای قەزوین و پەکخستنی توانای پیتاندنی یۆرانیۆم.
جەختی کردەوە، کە فەرمانی بە مۆساد و سوپا کردووە بەرپرسانی ئێران لە هەر شوێنێک بن بکەنە ئامانج، هاوکات داوای لە گەلانی ئێران کرد ئەم دەرفەتە بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە وڵاتەکەیان بقۆزنەوە.
لە کۆتاییدا ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد کە ئێران بۆ ماوەی 40 ساڵە هەڕەشەیە بۆ سەر شارستانیەتی خۆرئاوا و تەنانەت پیلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپیشی هەبووە، بەڵام ئێستا ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی هەرێمایەتی بەهێز روبەڕووی ئەو هەڕەشانە دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەی گازی پارسی باشوور لە ئێران نەبووە و قەتەریش هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەوە نییە.
لە وتارەکانی ئەمڕۆیدا ترەمپ رایگەیاند، "ئیسرائیل هێرشێکی خراپی بۆ سەر دامەزراوەیەکی گەورەی ئێران کرد کە بە کێڵگەی گازی پارسی باشوور ناسراوە لە ئێران. ئەمریکا هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی لەسەر ئەم هێرشە نەبوو، قەتەریش بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبووە و پێشتر هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە نەبووە".
سەبارەت بە کاردانەوەکانی تاران، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: بەداخەوە ئێران ئاگاداری ئەم راستیانە نەبووە و زانیاریی وردی لەسەر هێرشەکەی سەر (پارسی باشوور) نەبووە، هەر بۆیە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و بێ پاساو، هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە دامەزراوەکانی غازی سروشتیی شل (LNG) لە وڵاتی قەتەر".
وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل ئاماری نوێی بریندارانی جەنگەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 192 هاووڵاتی بریندار بوون و دوو هاووڵاتیش گیاناین لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروست ئیسرائیل ئاماری نویی بریندارەکانی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بڵاوکردەوە و تەنها لە 24 سەعاتی رابردوودا 192 کەس بریندار بوون.
ئەمە لە کاتێکادیە پێشتریش بەهۆی هێرشەکانی شەوی رابردووە گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتییان راگەیاندبوو.
کۆی گشتی کوژراوەکان گەیشتوەتە 15 کەس و بریندارەکانیش لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە ئیسرائیل بۆ 3727 کەس بەرزبوەتەوە، کە تا ئێستا 74 کەسیان لە ژێر چاودێری پزیشکی چڕدان و تەندروستیان ناجێگیرە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند ، رەوشی گەروی هورمز هەرگیز وەك پێش جەنگی لێنایەتەوە.
قالیباف لە نوسینێكدا لە پلاتفۆرمی ئێكس نوسیویەتی ، رەوشی دەریاوانی لەرێی گەروی هورمزەوە كە لەلایەن ئێرانیەوە بەهۆی جەنگەوە داخرا ، هەرگیز وەك رابردووی لێنایەتەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە زۆرینەی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا رەتیانكردەوە هاوكاری بكەن لە كردنەوەی گەروی هورمز كە لە 20% ی نەوت و غازی سروشتی جیهان لە رێی گەروەكەوە دەگوازرێنەوە، ترەمپیش رایگەیاندوە پێویستیان بە وڵاتانی ناتۆ نییە بۆ دوبارە كردنەوەی گەروەكە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: لاریجانی کوژراوە و سوپرایزی تریشیان بۆ تاران هەیە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی نوێدا کوژرانی عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیپشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، هێشتا چەندین "سوپرایزی" تریان بۆ تاران ئامادە کردووە کە لە کاتی خۆیدا ئاشکرای دەکەن.
ناتانیاهۆ جەختی لەوەکردەوە، سوپای وڵاتەکەی سورە لەسەر بەدیهێنانی سەرکەوتن و وتی: "خەریکە دەگەینە خاڵێک کە ببینە هێزێکی گەورەی جیهانی لە تەنیشت ئەمریکاوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم گورزە سەربازییانە پایەکانی دەسەڵاتی ئێرانی هەژاندووە و هیوای خواست ئەمە ببێتە دەرفەتێک بۆ گەلی ئێران تا "چارەنووسی خۆیان بەدەست خۆیان دیاری بکەن."
هاوکات، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، کوژرانی لاریجانی و فەرماندەی هێزەکانی بەسیجی لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا پشتڕاست کردەوە. کاتس وتی: "لاریجانی فەرماندەی راستەقینەی وڵات بوو. پێشتریش وتبوومان کە هەر شوێنگرەوەیەک دەستنیشان بکرێت دەیکەینە ئامانج و بەردەوام دەبین لە ڕاوەدوونانی سەرکردەکانی تاران."
تاران پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر ئەو شەڕە دەبینێت کە رووبەڕووی وڵاتەکەی بووەتەوە و ئاسایشی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی و گەشتیاری لە گەرووی ستراتیژیی هورمز، ئەنجامێکی راستەوخۆی ئەو شەڕەیە کە بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپێندراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەکردەوە، پێویستە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە تایبەت ئەمینداری گشتی، بە توندی و بە روونی ئیدانەی "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" بۆ سەر خاکی ئێران بکەن.
عراقچی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان، لێپرسینەوە لەو لایەنانە بکات کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئێران.
لە چوارچێوەی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایانکرد، شەوی رابردوو سوپای ئەو وڵاتە "عەلی لاریجانی" ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپا لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی چارەنووسی لاریجانییە کە ئایا لەو هێرشەدا کوژراوە یان نا. لێپرسراوێکی ئیسرائیلیش دوپاتیکردەوە، لاریجانی یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشەکەی شەوی رابردوو.
هاوکات، کەناڵی 15ـی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، هەر لە هێرشەکانی دوێنێدا "غوڵامڕەزا سلێمانی" فەرماندەی هێزەکانی باسیجی ئێران کراوەتە ئامانج .
هاوکات سوپای ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی بەسیجی پشت راستکردەوە و رایگەیاند، لەهێرشەکانی شەوی رابردوودا لەناو جەرگەی تاران کوژراوە.
تا ئێستا لایەنی ئێرانی هیچ زانیارییەکی رەسمی یان پشتڕاستکردنەوەیەکی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو دوو لێپرسراوە باڵایە بڵاو نەکردووەتەوە، ئەم پەرەسەندنە نوێیانە دوای ئەوە دێن کە ئیسرائیل چەندین جار هەڕەشەی تیرۆرکردنی سەرکردە باڵا و بەرپرسە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردبوو.
لەکاتێکدا گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و هەریەکە لە ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامییان هەیە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پەیامێکی ئاڕاستەی واشنتۆن و وڵاتانی ناوچەکە کرد و دەڵێت، دەبێت ئاسایشی ناوچەکە بە شێوەیەکی ناوخۆیی و سەقامگیر بێت، نەک لە دەرەوە بسەپێندرێت.
محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاران بە رەسمی وڵاتانی ناوچەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا هیچ کاتێک ئاسایش و سەقامگیری ناهێنێتە کایەوە، بۆیە پێویستە ئەمریکییەکان بە زووترین کات ناوچەکە بەجێبهێڵن.
سەبارەت بە توانای سەربازیی وڵاتەکەشی، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد، سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی ئێران بە تەواوی نوێ کراونەتەوە و بە شێوەیەک پارێزراون کە نەیارەکانیان ناتوانن بیانکەنە ئامانج.
وتیشی: "دوای شەڕی 12 رۆژەکەی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، گۆڕانکاریی ریشەییمان لە سیستمی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکدا کردووە، ئەوەش وای کردووە دوژمن لە بەرانبەر بڕیارە سەربازییەکانی ئێمەدا دەستەوستان بێت."
لە کۆتاییی لێدوانەکانیدا، قالیباف جەختی لەوەکردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانای هەیە رووبەڕووی پێشکەوتووترین جۆری فڕۆکە و درۆنەکان ببێتەوە و رێگرییان لێ بکات.
ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا داوا لە هاوپەیمانەكانی دەكات سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بخەنە لیستی تیرۆرەوە.
پەیامێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای لە دیپلۆماتكارانی ئەمریكی لە دەرەوەی وڵاتەكەی كردووە، هانی هاوپەیمانەكانیان بدەن سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی وەك دوو رێكخراوی تیرۆریستی بناسێنن.
ئەو پەیامە لە 16ی ئەم مانگە نێردراوە و ئیمزای ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكای لەسەرە و ئاراستەی سەرجەم بارەگاكانی نێردە دیپلۆماسییەكان و كونسوڵخانەكانی ئەمریكا لە تەواوی جیهان كراوە، وتوشێتی ئەو هەوڵە دەبێت بە هەماهەنگی ئیسرائیل بكرێت.
لە پەیامەكەدا هاتووە، بە تیرۆر ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان، فشارەكان لەسەر ئێران زیاتر دەكات و سنورێكیش بۆ تواناكانی لە سەر ئاستی جیهان دادەنێت.
پێشتریش ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتان سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
تەلەفیزیۆنێكی ئیسرائیلی ئاشكرای دەكات، ئاڵوگۆڕی نامە لە نێوان ویتكۆف و عراقچی هەیە و لێپرسراوانی باڵای ئێرانیش دەڵێن مەرجیان بۆ ئاگربەست دەستپێنەكردنەوەی جەنگە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداراوە بڵاویكردوەتەوە، سەرەڕای ئەو بانگەشانەی كە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان لێپرسراوانی ئەمریكا و ئێراندا نەماوە ، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتكۆڤ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕی نامە و پەیام لە نێوانیاندا هەیە.
ئەكسیۆس ئاشکرایکرد، كەناڵی پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان عەباس عراقچی و ستیڤ ویتكۆڤ كارا كراوە وعەباس عراقچی دەستپێشخەری كردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریكی.
هەواڵەكەی ئەو تەلەفیزیۆنەی لە كاتێكدایە مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانۆیەل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا وتویەتی گفتوگۆكردن لەسەر كۆتایی جەنگ تا كاتێك كە دڵنیانەبین لەوەی هێرش ناكرێتەوە سەرمان بێ مانایە.
محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە نوێترین پەیامیدا وتویەتی تا دوژمن پەشیمان نەكەنەوە ئاگربەست قبوڵ ناكەن و تا دڵنیاش نەبن لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ، ئاگربەست قبوڵ ناكەن.
عەباس عراقچی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، واشنتۆن لە ئێستادا هەوڵدەدات لە رێگەی وڵاتانی ترەوەە فشار بخاتە سەر تاران بەمەبەستی كردنەوەی گەرووی هورمز بەڵام تا كۆتایی جەنگ ئەو هەنگاوانە سەر ناگرێت.
لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، تاران جەخت لە بەردەوامی روبەڕوبوونەوەی ئەو فشار و هەوڵانە دەکاتەوە کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و دابەشکردنی خاکی وڵاتەکەیە.
عەلی لاریجانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تەنها رووبەڕووی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەتەوە و تا ئێستا هیچ وڵاتێکی ئیسلامی هاوکاری ئێرانی نەکردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو رەوشە سەختەی تێیکەوتووە.
لاریجانی ئاماژەی بەوەکرد، واشنتۆن هیچ وەفایەکی بۆ وڵاتانی ئیسلامی نییە و تەنها ئامانجیەتی بەسەریاندا زاڵ بێت، هەروەها جەختی کردەوە کە تاران لە روبەڕوبوونەوەی پیلانەکان بۆ پارچەکردنی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت و رێگە بە هیچ فشارێکی تر نادات.
ئەم لێدوانانەی لاریجانی لە کاتێکدایە کە تاران هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات و رێگری لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بکات.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوایین پەرەسەندنە سەربازییەکان و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی تاوتوێ کرد.
پزیشکیان ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەردوو دوورگەی "خارک" و "ئەبومووسا" کرد و رایگەیاند، ئەم هێرشانە بە بەکارهێنانی خاکی هەندێک لە وڵاتانی کەنداو ئەنجامدراون، ئەمەش بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەمای دراوسێیەتی باش دەزانێت.
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام "هیچ گومانێکمان نییە لە بەرگرییەکی توند و رەوا لەسەر خاک و ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان."
پزیشکیان رەخنەی لە هەڵوێستی هەندێک وڵاتی ئەورووپی گرت لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا و داوای لێکردن پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن.
وەزیری دەرەوەی ئیران دەڵێت: هیچ هۆکارێک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا نابینن و تا ئەو کاتەی پێویست بێت بەرگری لە خۆیان دەکەن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی 'سی بی ئێس' رایگەیاند، وڵاتەکەی داوای ئاگربەست یان دانوستانی لە ئەمریکا کردبێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ کە دەڵێت ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات.
وتیشی، ئەوان هەرگیز داوای ئاگربەستیان نەکردووە و داوای گفتوگۆشیان نەکردووە. دەشڵێت؛ حکومەتی ئێران هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، ئێران ئامادەیی نیشاندابوو "یۆرانیۆمی پیتێنراو" کەم بکاتەوە وەک سازشێکی گەورە بۆ سەلماندنی ئەوەی چەکی ئەتۆمی ناوێت، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئێستا هیچ شتێک لەسەر مێزی گفتوگۆ نەماوە" و ئەو پێشنیارە کۆتایی هاتووە.
عراقچی ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی بەهێزە و "تا ئەو کاتەی پێویست بێت بەرگری لە خۆمان دەکەین"، تا ئەو ساتەی ترەمپ دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەم جەنگە نایاساییە و هیچ سەرکەوتنێکی تێدا نییە.
راشیگەیاند، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر سەرقاڵی گفتوگۆ بوون لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەمریکا لە ناوەندی گفتوگۆکاندا هێرشی کردە سەریان، بۆیە دەڵێت: "هیچ ئەزموونێکی باشمان لەگەڵ ئەمریکییەکان نییە."