سێنتكۆم: كەشتییەكانی ئەمریكا هاوكاری پەڕینەوەی كەشتییە بازرگانییەكان لە گەروی هورمز دەكەن
ڕێبین
٤ی ئایاری ٢٠٢٦
بە یارمەتی سوپای دەریایی ئەمریكا، دوو كەشتی بازرگانی بە ئاڵای ئەمریكاوە بە گەروی هورمزدا تێپەڕین، ئێرانیش رەتیدەكاتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، كەشتییەكانی هێزی دەریایی ئەمریكا لە كەنداو خەریكی ئەنجامدانی ئەركەكانیانن بۆ پارێزگاری كردن لە كەشتییە بازرگانییەكان و گەڕاندنەوەی هاتوچۆی ئازاد لە گەروی هورمز.
سێنتكۆم راشیگەیاندووە، دوو كەشتی بازرگانی بە ئاڵای ئەمریكاوە بە گەروی هورمزدا تێپەڕیون، هەموو ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتكردەوە كە باس لە پێكرانی كەشتییە جەنگییەكانیان بە موشەكی ئێرانی دەكەن.
ئاژانسی هەواڵی میهر لە زاری ئیدارەی پەیوەندییە گشتییەكانی سوپای ئێرانەوە رایگەیاند، هیچ كەشتییەكی بازرگانی یان نەوتهەڵگر بە گەروی هورمزدا تێنەپەڕیوە و دەنگۆی تێپەڕبوونی دوو كەشتی ئەمریكا دوورە لە راستییەوە.
ئاژانسەكە راشیگەیاندووە، هەر كەشتییەك بە پێچەوانەی رێنماییەكانی سوپای دەریایی ئێرانەوە بیەوێت بە گەروی هورمزدا تێپەڕببێت روبەرووی مەترسی گەورە دەبێتەوە.



