ئەوروپا و وڵاتانی كەنداو بە توندی ئیدانەی هێرشەكانی ئێران بۆسەر ژێرخانی ئیمارات دەكەن و بە هەڕەشەی دادەنێن بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە.

ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، هێرشەكانی ئێران بۆسەر ئیمارات قبوڵكراو نییە و پێشێلكارییەكی روونی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.
ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنساش دەڵێت: ئەو هێرشانە قبوڵكراو نین و پشتیوانی وڵاتەكەی خۆی بۆ ئیمارات و بەدیهێنانی ئاشتی و دووبارە كردنەوەی گەروی هورمز دووپاتكردەوە.

هاوكات لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكانی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە، هێرشی ئێران بۆ سەر ژێرخانی ئیمارات پێویستی بە وەڵامێكی خێرا هەیە.

هەریەك لە وڵاتانی میسر و بەحرەین و ئوردن و عومان و كوەیتیش، پاڵپشتی خۆیان دوپاتكردەوە بۆ هەر رێكارێكی ئیمارات كە بۆ پاراستنی سەروەریی خاكەكەی و دەستكەوتەكانی ئەنجامی بدات .

لە بەرامبەریشدا ئەو لایەنە سەربازییەی ئیڕان كە بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتووەتە ئەستۆ هۆكاری هێرشەكە بۆ پلانەكەی ئەمریكا دەگەڕێنێتەوە بۆ دابینكردنی رێڕەوی سەلامەت لە گەروی هورمز و جەختی لەوەكردووەتەوە، دەبێت واشنتۆن كۆتایی بە بەكارهێنانی هێز لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا بهێنێت و دەست لە سەركێشیە سەربازییەكانی هەڵگرێت.