دوای 28 رۆژ لە ئاگربەستی ئێران و ئەمریكا، ئێران بە چەند مووشەكێك هێرشی كردەوە سەر كەنداو و وڵاتی ئیماراتی بە ئامانج گرت.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات بڵاویكردەوە، بەرپەرچی هێرشێكی موشەكی ئێرانیان لە ئاسمانی وڵاتەكەی داوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە چوار موشەكی كروزی ئێرانیان بە سەركەوتوویی لە ئاسمان تێكشكاندووە كە یەكێكیان كەوتووەتە ناو ئاوەكانی كەنداو.
وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتیش رایگەیاند، مافی تەواویان لە وەڵامدانەوەی هێرشەكان هەیە وهیچ كەمتەرخەمییەك بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەری و ئەمنیەتی وڵاتەكەیان ناكەن.
لای خۆیەوە حكومەتی خۆجێیی فویجەیرە لە ئیمارات رایگەیاند لە ئەنجامی هێرشە موشەكییەكان بۆسەر ناوچەی پیشەسازی فوجەیرە سێ هاوڵاتی هیندی بە سوكی برینداربوون و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە ئەوەش یەكەم جارە دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە 7ـی نیسانی رابردوو هێرشی موشەكی بكرێتە سەر ئیمارات.