وردەکاری هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یەکتری
بڵند
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و جارێکیتر سەرەڕای ئاگربەستی نێوانیان بە چڕی بۆردومانی یەکتریان کرد.
سەرەتای گرژییەکان دوای ئەوە دەستی پێکرد، کە لایەنی ئەمریکی بانگەشەی ئەوەی کرد، ئێران هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی جۆری (ئاپاچی) ئەمریکی خستووەتە خوارەوە؛ لە کاردانەوەی ئەمەشدا، هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی سەربازییان کردە سەر چەند دورگەیەک و ناوچەیەکی باشووری ئێران.
بەپێی نوێترین پێشهاتەکانیش کە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردوەتەوە، واشنتۆن شەوی رابردوو شەپۆلی سێیەمی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوخۆی ئێران دەستپێکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، بارەگای خاتەمولئەنبیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکایانداوەتەوە و هێرشێکی بەهێزیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بارەگاکە، هۆشداری توندی داوەتە سوپای ئەمریکا کە ئەگەر هێرشەکانی دووبارە بکاتەوە، ئەوا روبەڕووی هێرشی زۆر سەختتر و بەرفراوانتر دەبێتەوە، کە کۆمەڵێک ئامانجی دەستنیشانکراو لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە.
لای خۆشیەوە، سوپای ئوردن رایگەیاندوە، هێزی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویانە پێنج موشەک لە ئاسماندا بتەقێننەوە پێش پێکانی ئامانجەکەیان خراونەتە خوارەوە.
بەپێی راگەیەندراوی رەسمی هێزە چەکدارەکانی ئوردن، خستنەخوارەوەی موشەکەکان هیچ جۆرە زیانێکی گیانی یان ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.



