بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان بۆ سەر ئەفغانستان لانی کەم 12 کەس کوژران
سەوسەن سەید
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەرپرسانی ئەفغانستان و سەرچاوە خۆجێییەکان، رۆژی چوارشەممە، رایانگەیاند، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان بۆ سەر چەند پێگەیەک لە ناوخۆی ئەفغانستان لە نزیك سنووری نێوان هەردوو وڵات، لانی کەم 12 کەس کوژراون.
زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"ەوە رایگەیاند: شەوی رابردوو سوپای پاکستان دووبارە بەزاندنی ئاسمانی ئەفغانستانی ئەنجامداوە و چەندین ماڵی مەدەنی لە ویلایەتەکانی کۆنەر، خوست و پاکتیکا بۆردومان کردووە.
موجاهید زیاتر وتی: لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، 11 منداڵ و ژنێک، لەگەڵ پیاوێکی بەتەمەن کوژراون.
هاوکات بەرپرسێک لە ویلایەتی خوست رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی ماڵێکی لە ناوچەی "سپێرا" کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە نۆ کەس کوژراون و دە کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەلایەکی ترەوە، لە ویلایەتی "پاکتیکا"ی هاوسێ، دوو لە دانیشتووانی ناوچەکە رایانگەیاند کە هێرشێکی جیاواز لە ناوچەی "بارمال" بووەتە هۆی کوژرانی سێ هاووڵاتی مەدەنی.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیسلام ئاباد چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە هێرشەکانی بۆ سەر ئەفغانستان چەکدارە چلاکوانەکان دەکاتە ئامانج کە هێرش دەکەنە سەر خاکەکەی، نەک هاووڵاتیانی مەدەنی.
ئەم هێرشانە بە خوێناویترین هێرش دادەنرێن لە ماوەی چەند هەفتەی رابردودا، کە دوای قۆناغێک لە هێوربوونەوەی رێژەیی لەسەر سنوورەکان دێن لەو کاتەوەی کە جەنگی نێوان هەردوو وڵات لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتدا سەریهەڵدا.



