فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی خۆی لە وەڵامی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەلیکۆپتەرێکی جۆری ئەپاچی، کۆتایی پێهێناوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: هێزەکانی ئەمریکا هێرشەکانی بەرگری لەخۆکردنیان دژی ئێران تەواو کردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی ئەپاچی سەر بە سوپای ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە لە دوێنێدا.

له‌ بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: هێزەکانمان بە تەقەمەنی و چەکی وردی فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا، سیستمی بەرگری ئاسمانی، وێستگەکانی کۆنترۆڵی زەمینی و پێگەکانی راداری چاودێری ئێرانیان لە نزیک گەروی هورمز پێکاوە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە "ئەم ئۆپەراسیۆنە وەڵامێکی هاوتەریب و گونجاو بووە بۆ ئەو هێرشانەی ئەم دواییانە کە کرانە سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە ئاوە هەرێمییەکاندا.

هەروەها فەرماندەیی ناوەندی رونیکردەوە: هێزەکانی ئەمریکا هێشتا لەوپەڕی ئامادەباشی و چاوکراوەیدان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان دژی هەر دەستدرێژییەکی بێ پاساوی ئێران.