ئێران: واشنتۆن لە پشت هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کوێتەوەیە
سەوسەن سەید
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بە داڕشتن و جێبەجێکردنی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کوێت، بە مەبەستی خوڵقاندنی پاساوێک بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوەی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
ئەم تۆمەتبارکردنە لە رێگەی پۆستێکی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" هات، کە تێیدا لێدوانی لەسەر بەڵگەنامەیەکی ئەمریکی داوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنجی ئەم مانگە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دەرچووە و تایبەتە بە فرۆشتنی سیستمی سەربازیی دژە درۆن بە کوێت.
بەقایی جەختی لەوە کردەوە کە: پارچەکانی مەتەڵەکە زۆر بە خێرایی لە پاڵ یەک کۆدەبنەوە، و وتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆپییەکی هاوشێوەی درۆنی (لوکاس)ی بۆ لێدانی فڕۆکەخانەی کوێت بەکارهێناوە.
بەقایی رونیکردەوە: ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە دروستکردنی پاساوێکی نموونەییە بۆ بازاڕکردن و ساغکردنەوەی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی دژە درۆن" کە لەلایەن کۆمپانیای "باوەرز"ەوە گەشەی پێدراوە، ئەمەش لە ژێر پەردەی پاراستنی کوێت لە هێرشەکانی ئێران.
له کۆتایی پۆستەکەشیدا، بەقایی نووسیویەتی: ئەم کارە بەڕاستی قازانجێکی زۆری هەیە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە گرێبەستە سەربازییەکەی ئەمریکا لەگەڵ کوێت سوود لە دروستکردنی مەترسییەکی وەهمی وەردەگرێت.



