فاینانشاڵ تایمز: ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ تاران رێکبکەوێت و ناتانیاهۆش بە بەربەست دەبینێت
دیلان
٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا جەخت لە ئاسایی پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهۆ دەکەنەوە، بەڵام پێدەچێت گرژی کەوتبێتە نێوانیان.
رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەدوای دۆزینەوەی ستراتیژییەکدا دەگەڕێت بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ تاران، لە بەرانبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وەک بەربەستێک لەبەردەم ئەم پلانەدا دەبینرێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ 'فاینانشاڵ تایمز' رایگەیاندووە، "من هەموو بڕیارەکان دەدەم، ناتانیاهۆ بڕیاردەر نییە"، ئەوەش دوای ئەوە هات، کە ئێران هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و واشنتۆنیش رەتیکردەوە بەشداری لە هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات و تەنها بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی هێزەکانی خۆی بەکارهێنا.
جێی ئاماژەیە شارەزایان هۆشداری دەدەن؛ کە هەر رێککەوتنێک لە نێوان واشنتۆن و تاراندا ئیمزا بکرێت، 'زۆر لەرزۆک دەبێت'، چونکە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەهۆی فشارە ناوخۆییەکانی و مەترسییەکانی حزبوڵا، ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت رێککەوتنەکە تێکبدات.



