روانگەی سوری: سوپای ئیسرائیل بە دانانی تەلی دڕکاوی جوموجوڵی جوتیارانی سوریا سنوردار دەکات
بڵند
٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
هێزەکانی ئیسرائیل تەلبەندی نوێ لە سنوری گوندەکانی پارێزگای قونەیترە جێگیر دەکەن و بەردەوامن لە دابەشکردنی زەوییەکان و دروستکردنی ترس لای دانیشتوانی ناوچەکە.
روانگەی سوری رایگەیاندوە، هێزەکانی ئیسرائیل تۆڕێکی نوێی تەلبەندیان لە نزیک شارۆچکەی رەفید لە گوندەواری باشووری قونەیترە درێژ کردەوە، ئەم هەنگاوەش ترسی فراوانبوونی ناوچەی دابڕاوی لەسەر درێژایی هێڵی سنوری لێکەوتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم کارە لە چوارچێوەی پرۆسە ئەندازیاری و قایمکاریانەدایە کە ئیسرائیل لەسەر هێڵی سنوریی لە نزیک بەرزایەکانی جۆلان ئەنجامی دەدات.
روانگەی سووری ئاماژەی بەوەش کردووە، کارەکان جێگیرکردنی پایەی ئاسنین و دروستکردنی بەربەستی خۆڵین لە خاڵەکانی نزیک هێڵی راگرتنی شەڕ لەخۆدەگرێت، ئەمەش نیشانەی هەوڵەکانی ئیسرائیلە بۆ توندکردنەوەی چاودێریی مەیدانی و فراوانکردنی ئەو هێڵە جیاکەرەوەیەی کە لە نێوان گوندەکانی سووریا و بەرزاییەکانی جۆلاندایە.
لەلایەکی دیکەوە، ناوچە سنوورییەکانی گوندەکانی قونەیترە بە بەردەوامی بینەری جوڵەی سەربازیی هێزەکانی ئیسرائیلن، کە خۆی لە کێڵان و تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و کێشانی رێگای ئەمنیی نوێدا دەبینێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە مەیدانییانە بوونەتە هۆی دروستبوونی دڵڕاوکێی بەردەوام لای دانیشتووانی ناوچەکە، بەهۆی ترسیان لە داگیرکردنی پلەبەپەلی زەوییە سنوورییەکان و سەپاندنی واقیعێکی نوێ کە رێگری لە جووڵەی ئازادانەی جوتیارانی نوچەکە بکات.



