وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە
بڵند
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی زنجیرەیەک هێرشیان کردوەتە سەر ئەو پێگە و بنکە ئەمریکییانەی لە ناوچەکەدان، بانگەشەی ئەوەشدەکات لەو بنکانەوە هێرشکراوەتە سەر پێگەکانیان.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی بڵاوکردوەتەوە و هۆشداریشیداوەتە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ئەمریکا بە بیانووی خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی جۆری (ئاپاچی) لە گەروی هورمز، هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک لە باشوری ئێران.
ئەوەشخراوەتەڕوو، هێزەکانیان وەڵامی پێویستیان داوەتەوە و تاران لە بەرگریکردن لە خۆی و بەئامانجگرتنی هەر بنکە و دامەزراوەیەک کە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی بەکاربهێنرێت، دودڵ نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەیامێکی توندی ئاڕاستەی وڵاتانی دەوروبەر کرد و جارێکی دیکە بەرپرسیارێتیی رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکەکەیانی بیرهێنانەوە، بە جۆرێک کە نەبێتە پێگەیەک بۆ سوپای ئەمریکا تا هێرشی لێوە بکاتە سەر ئێران.



